مەبادیئی کۆمەڵی دادگەری و سۆران سێوکانی و جاشایەتی

لەلایەن ستاندار Posted on 902 جار بینراوە

سەلمان کۆچەری

کاتێک لەسەر کەسایەتیەک یان هەر پارت و رێکخراوێک قسە بکەین زۆر زانستی و بابەتیانە دەبێت کە قسە لەسەر پارتێک و کەسایەتیەک بکەی کە مەبدەئو ستانداردێک هەبێت بۆی، هەندێک کەسایەتی هەن هەر جارە و لەسەر پەت و بەرژەوەندیەک کار دەکەن و مەبادیئێکی جێگیریان نیە چ ڕاستڕە و چ چەپ، بەڵکو لەخۆوە قسە فڕێدەدەن و (حب الظهور) یان هەیە و دەبێت جار جار قسەیەک بکەن و بکەونە سەر پەڕاوی میدیا و سۆشیال میدیا، زۆر جار ئەو کەسانە پێچەوانەی ئادابی عام و نیزامی عام شت دەروژێنن و مەبەستی مەترسیداریان هەیە و پێچەوانەی نەریت و رەسەنی کوردایەتی خەڵک هان دەدەن.
سۆران سێوکانی باس لە کۆمەڵی دادگەری دەکات وەها وەسفی دەکات کە حزبی جاشە، بێ ئاگا لەوەی خۆی جاشی جاشە، چونکە کار بۆ لایەنێک دەکات کە جاشن و بە ئەجێندای وڵاتانی تر کار دەکەن، لە کاتێکدا لە دوای شۆڕشی نوێ و راپەرین لە باتی ئەوەی پارتەکان رەسەنیەتی و نیشتیمان خزمەتکردن بکەنە بنەمای کارکردن و خزمەتی خەڵکی ماندوو بکەن پارتەکانی دەسەڵات بوونە پاشکۆی ولاتانی دراوسێ، سیمای شۆڕش و خەباتی شاخیان لە لای هاوڵاتیان بێزراو کرد ئەو دەسەلاتەی سێوکانی وەک دەروێش بۆی دەخوێنێت…
بەپێی روداوەکان بریار بدەن بزانن چ لایەنێک و کەسایەتیەک جاشایەتی کردووە؟
* لە ساڵی ١٩٨٠ تا ساڵی ١٩٩٠ زۆرینەی پارتەکانی هەرێمی کوردستان بە نهێنی و بە ئاشکرا لەگەڵ رژێمی بەعس ( صدام) گفتوگۆ و مفاوەزاتیان کردووە تەنیا حیزبی ئیسلامی هەموو گفتوگۆیەکی رەتکردەوە لەگەڵ ئەو رژێمە.
* سەدان دیلی رژێمی بەعس و مستەشار لە راپەرینی ساڵی ١٩٩١ لە لایەن پارتی و یەکێتی تەسلیم بە رژێمی بەعس کرانەوە و هەندێکیشیان بە دیل گۆڕدرانەوە بەڵام دیلی حیزبی ئیسلامی کە کۆمەڵی دادگەری میراتگریەتی لە لاین رژێمی بەعس ئازاد نەکران و لە سێدارەدران…
* ٣٤٥ موستەشاری زەبەلاح کە زۆرینەیان دەرەبەگ و ئاغا و کوێخا بوون لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە داڵدەدران و عەفوکران و پاوان و زەوی و بینای گشتیان پاوان کرد…
* لە شەڕی ناوخۆ لە زۆنێکەوە پاسدار هێنرایە ناو چەقی شار و لادێکان و لە زۆنێکی ترەوە دەبابەی بەعس و فرۆکەی جەنگی تورکیا هێنرایە سەر کورد و زیاتر لە ٣٠ هەزار کورد بویە قوربانی شەڕی براکوژی و سەدان گیراوی بێسەروشوێن تا ئێساش سۆراغیان دیار نیە…
* جاران جاشایەتی نەنگی و شەرم بوو لە ئێستادا جاشایەتی بە مۆدێرنە کراوە و شانازی بە جاشایەتیەوە دەکرێت، رۆژانە سوپای تورکیا لادێ و ناوچە سنوریەکان بۆمباران دەکرێت، تورکیا بە قوڵایی ١٦ کێلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێم و ئێرانیش لە خۆرهەڵاتی قەندیل و قەڵادزێ هاتۆتە ناو خاکی هەرێم پایەگای دروست کردوون و سێ دەسەڵاتەکەی هەرێم نوقە و دەنگیان لێوە نایەت، دوای ریفراندۆم لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە % ٥١ خاکی هەرێم خرایە بەردەستی حەشدی شعبی و شەنگال و یەزیدیەکان فرۆشران و کرانە قوربانی، لە ناوجەرگەی شارەکان لە سلێمانی و دەڤەری ڕاپەرین و هەولێر و کەلار خەڵکی کورد تیرۆر دەکرێت و کوردستان ئەمان نەماوە و لە هەر کوێیەک بێت ئەگەر هەیە تەیارە لێتبدات و تیرۆرت بکەن…
دەبێت ئەو کەناڵە و ئەو پارتەی سۆران سێوکانی جاشایەتی بۆ دەکات بەرپرس نەبێت بەو ڕوداوانە، یان سۆران سێوکانی مەترسیدارتر لەوان دەیەوێت هاوشێوەی تەبشیری و لادەرەکان هەر جارە بە بیرکردنەوەیەکی بێزراو بخاتە نێو کۆمەڵگەوە، ئەو برادەرە هەر جارە و لەسەر پەتێک یاری دەکات، جارێک یەکگرتوو، جارێک بزووتنەوەی گۆڕان، جارێک نەوەی نوێ و NRT و ئێساش خۆی بە پارتێکی تر هەڵواسیوە و لە ئیسلامیەوە بۆ عەلمانی و لە عەلمانیەوە بۆ دابڕان و لە میدیاکانەوە پێچەوانەی نەریت و ئاداب و نیزامی کۆمەڵکە بابەت و بیری تێکدەر دەخاتە ناو کۆمەڵگەوە، نەدەبوو سۆران سێوکانی کە خۆی لە نمونەی قەلەرەش هەر دەخوێنێ و دەقیژێنی بە باڵای باز و هەڵۆدا هەڵدەدا…
کۆمەڵ باجی زۆری داوە لەبەر ئەوەی جاشایەتی نەکردووە، هەر لە گیرانی م. علی باپیر و تۆفیق کەریم و چەندین کادیری تری لە لایەن ئەمریکاوە، موشەکبارانکردنی بارەگاکانی لە احمد ئاواو و داخستنی سنورەکانی ئێران بەڕوی برینداران و پێشمەرگەکانی لەلایەن دەوڵەتی ئێران، دەستگیرکردنی سەدان ئەندام و تۆمەت بۆ دروست کردنیان لە لاێەن یەکێتی و پارتیەوە، کۆمەڵی دادگەری تا هەنووکەش هیچ عیلاقاتێکی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا نیە و سەرکردەی لە بەغدا و سلێمانی تیرۆر کراوە و هەموو ئەو روداوانە سەلمێنەری ئەوەیە کۆمەڵی دادگەری پارتێکی کوردستانیە و ئەجێندای ولاتانی تر نیە ئەگینا ئەوەندە باجی نەدەدا…