کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەدوای سێ ساڵ کارکردنی

لەلایەن ستاندار Posted on 651 جار بینراوە

د.هەرێم بابان-  زانکۆی ڕاپەڕین

جێگەی خۆیەتیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، لەدوای سێ ساڵ دەستبەکاربوونی، پێداچوونەوەیەک بۆ سێ ساڵی کارکردنی کابینەکە بکەن، بزانن ئەو بەڵێنانەی کە لەکاتی دروستکردنی کابینەکە بە هاوڵاتیان و دەنگدەرانیان داوە، چەندیان جێبەجێکردوون؟ چەندین کاریان دەستیانپێکردووەو چەندیشیان بەربەستیان بۆ دروستبووە؟ ئەو ئالنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییانە چیبوون لەبەردەم ئەم کابینەیەدا؟.

ڕاستە بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا وقەیرانی ئابوری جیهانی و ململانێ سیاسیی و ئیتنییەکانی عێڕاق و دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ هۆکارێکی کاریگەربوون لە جێبەجێنەکردنی کارەکانی کابینەی نۆیەم. بەڵام لەدوای سێ ساڵ کۆمەڵێک پرسیار ڕوبەڕوی بەرپرسانی کابینەی نۆیەم دەبێتەوە:

1- تا چەند دروشمی چاکسازی کە گرنگترین بەڵێنی ئەم کابینەیە بوون، لەم سێ ساڵەدا خراوەتەگەڕ؟ چەند کەس لەسەر گەندەڵی لە پۆستەکانیان دەرکراون و دراونەتە دادگا؟

2- تا چەند ئازادییە، کەسی وسیاسییەکان لەم کابینەیەدا فه راهەمکراون؟

3- تا چەند خەسڵەتەکانی دوو ئیدارەیی لە دوو بودجەیی،بوونی دوو هێزی سەربازی و ئاسایش و پۆلیس و بازگەی جیاواز چارەسەرکراون؟

4- ئەم کابینەیە چیکردووە بۆ نەهێشتنی هێرشە دەرەکییەکانی وڵاتانی دراوسێ بە بۆمبارانکردنی سنورەکان و هێرشی درۆنەکان کە پایتەختیشی کردۆتەوە؟

5- بۆچی نەتوانراوە کێشەی خزمەتگوزارییەکانی ئاوو، کارەبا، بەنزین، بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان چارەسەربکات؟

6-ئەم کابینەیە چیکردووە بۆ کێشەی بێکاری گەنجان ودەرچوانی زانکۆ کە سێ سەد هەزاری تێپەڕاندووە؟

7- زیادکردنی باج و ڕسومات و کێشەی تەجاوزو قۆرخکاری بازاڕ و سەروەرنەبوونی یاسا چی بۆ کراوە؟ 8- زیادبوونی قوتابخانەو زانکۆ و پەیمانگاکان و نەخۆشخانە ئەهلییەکان و شکستی زیاتری کەرتی پەروەردەو تەندروستی و خوێندنی باڵا چی بۆکراوە؟

9- بەرزبونەوەی پلەی گەرمی،وشکەساڵی،بە بیابانیبوون و کەمبوونەوەی ئاوی شیرین چ پلانێکی چارەسەری بۆدانراوە؟

10- لەکۆتاییدا لاوازبوون و هەستی نیشتمانی و نەبوونی ئینتماو کۆچی گەنجان و فەرامۆشکردنی زمانی کوردی بۆچی هەروەک و خۆیەتی؟ لێرەوە ئەرکی زانکۆکان،سەنتەرەکانی توێژینەوە،حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن،ڕێکخراوەکان و میدیای ئازاد و کادیرانی حیزبەکان ئەوەیە، دوور لە مووجامەلە بەشێوەیەکی زانستی هەڵسەنگاندن بۆ سێ ساڵی کارکردنی ئەم کابینەیە بکەن و بەرپرسانیش جگە لە ڕاوێژکارانی دەربار، کە هەر خەریکی ستایشکردنن، گوێ لەخەڵکی دڵسۆزیش بگرن.