ستاندەر
بەرەبەیانی ئەمرۆ چوار شەممە، جارێكی تر بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر، كە بەرپرسە لە دابینكردنی 40%ی ئاوی هەولێر شكاوە. شکانەکەش لە كاتێكدایە لەماوەی كەمتر لە مانگێك ئەوە سێیەمین جارە دەشكێت و لەماوەی دروستكردنیشی تاكو ئێستا 25جەمین جارە دەشكێت، چاككردنەوەی هەرجارێكیش بەلای كەمی 48 كاتژمێری پێویستە و بڕی 20 هەزار دۆلار تێچوەكەیەتی.
شكانی بەردەوامی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر، بۆتە جێی ڕەخنەی هاوڵاتیان و حكوومەت تاوانبار دەكەن، بە خراپی جێبەجێكردن و چاودێریكردنی پرۆژەكە، شكانی بۆری ئیفراز سێ لەكاتێكدایە، پرۆژەكانی ئیفراز یەك و دوو، كە لەسەردەمی حكوومەتی پێشوو دروستكراون، توشی ئەم كێشانە نابن، ئەمەش ڕەخنەی هاوڵاتیانی زیاتر كردووە.