ستاندەر
بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە لەساڵی 2017 لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە بە كۆمپانیای كار و كۆمپانیای رۆزنەفتی ڕووسی فرۆشرا، لەنوێترین هەنگاوی ئەم دوو كۆمپانیایە پشكەكانیان لە خاوەندارییەتی كردنی بۆڕییەكە ئاڵوگۆر پێكرد.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەمبارەیەوە بە ستاندەری ڕاگەیاند، پێشتر 40%ی پشكەكانی كۆمپانیاكە لەلایەن كۆمپانیای كارەوە خاوەندارییەتی دەكرا، 60%یش لای كۆمپانیای رۆزنەفت بوو، بەڵام ئێستا پشكی كۆمپانیای رۆزنەفت بۆ 40% دابەزێندراوە و پشكی كۆمپانیای كارییش بۆ 60% بەرزكراوەتەوە، هۆكارەكەشی تا ئێستا ناڕوونە.
گرێبەستی حكوومەتی هەرێم و ئەم دوو كۆمپانیایە بۆ ماوەی 25 ساڵە، بەڵام بەگوێرەی داتاكان ئەم دوو كۆمپانیایە تەنها لە دوو ساڵی سەرەتای گرێبەستەكەیان توانیویانە ئەو پارەیە بەدەست بهێننەوە كە بەرامبەر گرێبەستەكە داویانەتە حكوومەتی هەرێم كە بڕەكەی ملیارێك و 700 ملیۆن دۆلارە.
پێشتر كۆمپانیای رۆزنەفت كە بڕیاربوو بۆڕی غازی هەرێمی كوردستان بەهاوبەشی، لەگەڵ كۆمپانیای كار كە بە نزیك لە نێچیرڤان بارزانی دادەندرێت دروستبكات، بەڵام لە پڕۆسەكە كشایەوە، ئەم هەنگاوە لەكاتێكدایە ئەمریكا هەوڵەكانی زیاتر كردووە بۆ كەمكردنەوەی وەبەرهێنانی كۆمپانیا ڕووسیەكان لە وڵاتانی جیهان، سزای خستۆتە سەر بەشێك لەكۆمپانیاكانییش، بۆ ئەمەش فشار دەخاتە سەر وڵاتانی هاوپەیمانی بۆ دووركەوتنەوە لە مامەڵە كردن لەگەڵ كۆمپانیا ڕووسییەكان.