ستاندەر
ئەردۆغان، پەڕوباڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەكات!
دوای فرۆشتنی ئیخوان و حەماس ئێستا مامەڵە بە ئۆپۆزسیۆنی سورییەوە دەكات.
بۆ لێدان لە بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد، دەیەوێت بە هەر نرخێك بێت، لەگەڵ ئەسەد ڕێكبكەوێت.
جوڵەكانی ئەم دواییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەگەڵ ڕژێمەكەی ئەسەد ئۆپۆزسیۆنی سوریای دوچاری شڵەژانێكی زۆر كردووە. ئەوەی زیاتر ئۆپۆزسیۆنی سوریی ترساندووە، كە لە دوای شۆڕشی گەلانی سوریاوە لە ساڵی 2011ەوە لەلایەن ئەردۆغان بەكاردەهێندرێن، جوڵەكانی ئەم دواییەی ئەردۆغانە لەگەڵ ئیخوان و حەماس، كە لە پێناو بەرژەوەندیەكانی ئاسان فرۆشتنی.
ئەردۆغان لەماوەی ڕابردوو پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و میسڕ و ئیسڕائیل ئاسایی كردۆتەوە، ڕێكییش كەوتووە لەگەڵیان چیتر داڵدەی ئیخوان نەدات، پشتیوانی حەماس نەكات، پەیوەندیە بازرگانیەكانی لەگەل ئیسرائیل بەهێز بكاتەوە، رایەلە ئابوریەكانی ولاتەكەشی لەگەل سعودیە و میسر و ئیماڕات لەسەر حیسابی پشتكردن لە ئیخوان موسلیمین پەرەپێبدات.
ئەردۆغان كە زۆرجار بەشیك لە ئیسلامیەكان بە سوڵتان و پشت و پەنای ڕەوتە ئیسلامیەكانیان دادەنا، ئیستا هەنگاوەكانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیەكان دەستپێكردووە، كاردانەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوری، بە سەرۆكایەتی ئیخوان موسلیمینی سوریاشی لێكەوتۆتەوە.
پریشكی ئاگرەكە بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوری ئەوكاتە دەستی پێكرد كە مەولود جاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا لەسەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند؛ لەگەڵ هاوتا سوریەكەی قسەی كردووە و باسیان لە گفتوگۆی ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن كردووە، ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریای لێكەوتەوە لەناوخۆی سوریا لەچەند شوێنێك ئاڵای توركیا سوتێنرا، دواتر توركیا رایگەیاند پابەندن بە پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەمە نیگەرانییەكانی ئۆپۆزسیۆنی نەڕەواندۆتەوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەژادپەرستی توركیا كە هاوپەیمانی نزیكی ئەردۆغانە، پشتیوانی خۆی بۆ لێدوانی وەزیری دەرەوەی توركیا دەربڕی و رایگەیاند؛ دەبیت لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق شەڕی گڕوپە تیرۆریستیەكان بكەین.
هەیاتی یەزیجی، جێگری سەرۆكی ئەكەپە كە بەكەسێكی نزیكی ئەردۆغان هەژمار دەكرێت لەنوێترین لێدوانی رایگەیاند قۆناغی داهاتوو پەیوەندی ڕاستەوخۆ دەبێت لەگەڵ دیمەشق و هەنگاوی نوێ دەنێین.
لەلایەكی تر ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدە، لەمبارەیەوە رایگەیاند؛ ئەو هەنگاوە وەك هاوسەرگیری بە زۆر وایە، هەردوولاش ئەسەد و ئەردۆغان فەرمانەكانیان لە پوتین وەردەگرن و هەنگاوەكەشیان دژی كورد دەبێت.
توركیا ئێستا 62 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی لە ئیدلیب دروستكردووە، دەیەویت پەنابەرە سوریەكان بگەڕێنێتەوە، بەلام تا ئێستا سوریەكان ئامادەنین بگەڕێنەوە، ئەردۆغانیش پەلەیەتی دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی 2023 كە بەگوێرەی ڕاپرسیەكان دۆخی خراپە و بارگرانی سورییەكان لە توركیا یەكێكە لە هۆكارەكان، ئەم هەنگاوە بنێت، بۆ ئەمەش ئامادەیە هاوپەیمانە سوریەكانی بكاتە قوربانی.
چاودێران پێیان وایە، جگە لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هەنگاوەكە مەترسییش بۆ دۆخی كورد لە سوریا دەهێنێتە پێش، توركیا ئەوەی لەڕێی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەرامبەر كورد پێی نەكرا، دەیەوێت لەڕێی ڕێکكەوتن لەگەڵ ئەسەد بیهێنێتە دی.