بارزانی، دەتوانێت سەدر لە كەللەی شەیتان بهێنێتە خوارەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 223 جار بینراوە
4f379e06e-36895-202202050754

ستاندەر

بارزانی، دەتوانێت سەدر لە كەللەی شەیتان بهێنێتە خوارەوە؟
بۆچی شوێن، بەڕێگری گەورەی بەردەم كۆبوونەوەی نێوانیان هەژمار دەكرێت؟
سەدر بۆ تا ئێستا رێگری لە سەركەوتنی دەستپێشخەریەكان كردووە؟

بەهەموو پێوەرەكان بێت، ئێستا چاوەكان لەسەر هادی عامڕی و بارزانیین: لەسەر مێزی گفتووگۆ موقتەدا سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشت بكەنەوە ئەوییش بەهۆی ئەوەی بارزانی هاوپەیمانی پێشووی سەدرە و عامڕییش بەردەوام هاوسەنگی پەیوەندییەكانی لەگەڵیدا پاراستووە، تاكە كەسایەتی چوارچێوەی هەماهەنگییە، كە گوێی بۆ دەگرێت، بەڵام بەربەستەكانی بەردەم ئەو دووانەش بۆ ئەنجامدانی دەستپێشخەریی كەم نیین، لێرە هەوڵدەدەین تەركیز بخەینە سەر هەوڵەكانی مەسعوود بارزانی.

مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كۆتایی پێهات بڕیارییدا بە درووستكردنی بارەگایەك كە لە ئێستادا بە بارەگای بارزانی ناسراوە. لەوكاتەوە، تاكو ئێستا سەردانی هیچ شوێنێكی نەكردووە جگە لەوكاتەی كە پاپای فاتیكان سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕۆكەخانە دیداری لەگەڵ سازدا، بەپێچەوانەوە هەموو كۆبوونەوەكانی تری لە بارەگاكەی خۆی لە مەسیف كردوو. ئەوكاتەشی بارزانی، هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتیمانی لەگەڵ سەدر گرێ دا: دەنگۆیەك بڵاوبوویەوە كە گوایە لەنێوان بارزانی و سەدر كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدرێت، بەڵام هیچ یەكێك لەم دوو هاوپەیمانە ئامادەنەبوون سازش بۆ یەكتر بكەن و نە سەدر ئاماددەبوو بێتە هەولێر، نە بارزانییش ئاماددە بوو بچێتە بەغدا یان نەجەف.

لەلایەكی تر سەدر ئێستا وەك پێویست گوێ بە بارزانی نادات، دوای قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، بارەگای بارزانی رایگەیاند، مەسعود بارزانی بەم زووانە دەستپێشخەریەك بۆ چارەسەری كێشەكان دەخاتە ڕوو، ئەو هەفتەیەی بڕیار بوو بارزانی دەستپێشخەرییەكە رابگەیەنێت، سەدر بڕیاریی كشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی دا، بەمەش شكستی بە هەوڵەكەی بارزانی بۆ نێوەندگیری هێنا كارتی سوری بۆ بەرزكردەوە.

هەنگاوە نوێیەكانی سەدر لە ئێستادا بە بەرژەوەندییەكانی پارتی ناخوات، بۆنموونە: لە نوێتریین پەیامی جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەوانەی دوای 2003 لە پڕۆسەی سیاسی بوونە نابێت بەردەوام بن، ئەوەش پێش هەمووان بارزانی و پارتی بەحیساب هاوپەیمانی دەگرێتەوە.

بەهەموو لێكدانەوەكان، سەدر ناهێڵێت نە بارزانی و نە عامڕی، نە هیچ سەركردەیەك، هیچ دەستپێشخەرییەك بكات كە بتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات، چونكە وا بیر دەكاتەوە، ئەگەر هەر كەسێك لەدەرەوەی ئەو دەستپێشخەریی بكات و سەركەوتوو بێت، لە پێگەی ئەو كەم دەبێتەوە، كە چاوی لەوەیە ببێتە كەسایەتی سیاسی ژمارە یەكی عێڕاق.