یەكێتی لە سلێمانی دەكەوێتە خۆ!

لەلایەن ستاندار Posted on 232 جار بینراوە
101172022_1620102021_yakety

ستاندەر

یەكێتی لە سلێمانی دەكەوێتە خۆ!

دەیەوێت لە چ ڕێگایەك بەر لە ئیفلاس بوونی سلێمانی بگرێت؟ بۆچی ڕۆیشتنی سەرمایەدار و دەوڵەمەندەكان لە سلێمانی بەردەوامە؟ دوو برا تاڵەبانیەكە دەتوانن ئاشتیان بكەنەوە؟

لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە سلێمانی سێ كۆبونەوەی جیاواز، لەگەڵ سەرمایەدار و بازرگانانی سلێمانییەوە ئەنجامدراوە، كۆبونەوەی یەكەم لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كۆبونەوەی دووەم لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، كۆبونەوەی سێیەم لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئامانجی كۆبونەوەكانیش ڕەواندنەوەی نیگەرانی بازرگانان و سەرمایەدارانی شارەكەیە. ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لەماوەی ڕابردوو چەندین بازرگانی سلێمانی پارەكانیان بۆ هەولێر، بەغدا و ئوردن گواستۆتەوە، لە ترسی ئەوەی لێیان بسەندرێت بەهۆی كێشە داراییەكانی سلێمانی.

دوای روداوەكانی 8ی تەممووز، دۆخی سلێمانی ماوە ماوە توشی قەیران دەبێت، بەگوێرەی لێدوانی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، ئێستا مانگانە سلێمانی 30 ملیار دینار كورتھێنانی هەیە، دەشڵێت: مەترسی هەیە لەماوەی چەند مانگی داهاتوو سلێمانی توشی كێشەی گەورەی دابەشكردنی مووچە بێت.

بەگوێرەی زانیاریەكان، بۆیە لەم ماوەیە بردنە دەرەوەی پارە لە سلێمانی لەلایەن سەرمایەداران زیاتر بووە، ئەمەش مەترسی ئەوەی دروستكردووە سلێمانی لەڕووی بازرگانی بەتەواوی ئیفلیج بێت، هەر بۆیە قوباد تاڵەبانی هەڕەشەی لەبەرپرسانی سلێمانی كردووە لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەك كێشەی بازرگان و سەرمایەدارانی سلێمانی چارەسەر نەكەن، رێگری لەگەندەڵی و ڕەشوە و ڕۆتین نەكەن سزادەدرێن.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی چەندین بەرپرسی حكومی بەتایبەت لەكەرتی شارەوانی بەهۆی گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی زەوی وزار دەستگیركراون.

تاكو ئێستا نازاندرێت، ئەم هەنگاوەی دوو برا تاڵەبانیەكە لە سلێمانی، نیگەرانی سەرمایەدارانی سلێمانی دەڕەوێنیتەوە، دۆخی سلێمانی ئاسایی دەكرێتەوە، یان هەر هەڵچونێكی كاتیە و تەسفیەی حیسابە لەگەڵ كۆمەڵێك بەرپرس و سەرمایەداری تر.