نوسەری تیرۆریست و خوێنەری بێئاگا

لەلایەن ستاندار Posted on 410 جار بینراوە

شەماڵ محمد

هۆشیاری گەورەترین دەسکەوتی خوێندن و خوێندنەوەیە بەڵام لەنێو کۆمەڵگەی ناهۆشیارهۆشیاری نەفرەتێکی گەورەیە ، مرۆی هۆشیار لەنێو کۆمەڵگەی ناهۆشیار سەختترین ئەشکەنجە دەچێژێ ،
تۆماس گرەی دەڵێ ” لە شوێنێک کە نەزانی نیعمەتە ، ژیری دەبەنگییە ”
سەرنج بدە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، چەندە زیاتر بزانی هێندە خەمەکانت گەورەدەبن ، چەندە زیاتر دڵسۆز بی زۆرتر توشی نائومێدی دەبی.
ڕاستییەک هەیە دەبێ درکی پێبکەین ئەویش ئەوەیە کە سیستەمە تاکڕەوەکانی ڕۆژهەڵات بە بەرنامە کار لەسەر دروسکردنی کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیار دەکەن چونکە ناهۆشیاریی کۆمەڵگە بەهێزترین قەڵای دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانە ، هەرچەند میللەت ناهۆشیار بێت دیکتاتۆران تەمەنیان درێژتر دەبێت ، لەلایەکی تریشەوە گریمان دەسەڵاتداران هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەدەن ، لە باشترین حاڵەتدا کۆمەڵگە دەهێننە ڕیزی خۆیان ، دیکتاتۆرانیش ناهۆشیارترین چینن ، ئەوان وەک دۆنکیشۆت لە خەیاڵی خۆیاندا قارەمان و جەربەزەن بەڵام لەڕاستیدا نەزان و بێدەسەڵاتن .
ڕەنگە پرسیار بکەی ، ئەی باشە ئەگەر نەزانی نیعمەتە بۆچی زۆرینەی خەڵک دڵخۆش نین ؟
لەڕاستیدا ئەوەی وتەیەکی بەناوبانگی (تۆماس جێفرسن) ە کە سێیەم سەرۆکی ئەمریکا بو .
میللەتی ناهۆشیار دڵخۆشە ئەگەر جارجار ناڕەزاییش پیشان بدا بەڵام لەناخەوە کێشەی نییە ، بەڵگەش ئەوەیە سەیری میدیا و سۆشیال میدیاکان بکە ، هەموی خەریکی قسەی بریقەدار و دروشمی گەورە و وێنەی جوان و پیشاندانی مۆدێلی خانو و ئۆتۆمبێلی نوێن ، هەمیشە خەریکی پیشاندانی گەشت و سەیران و وێنەکانیانن ، لەکاتی سەیران هەموی لە سەیرانن ، لەکاتی بۆنەکاندا هەموی دڵخۆشن ، کەموکوڕیی زۆریان هەیە بەڵام چونکە ڕوکەش دەڕوانن و جیاوازی ناکەن لەنێوان پێداویستی و کەمالیات ، لای میللەتی ناهۆشیار سەیران پێداویستییە بەڵام داواکردنی ماف زۆر گرنگ نییە ، مۆدێلی بەرزی ئۆتۆمبێل گرنگترە لە پابەندبون بە یاساکانی هاتوچۆ ، جلوبەرگ و کڵاو و هاتوچۆی مزگەوت گرنگترە لە ڕەوشتی جوان و هەڵوێستی مرۆڤانە .
مرۆڤی ناهۆشیار ئەگەر ناڕەزاییش دەرببڕێ گاڵتەجاڕی دەکات ، دیارە گاڵتەجاڕیش چەکی بێدەسەڵاتەکانە ، بڕوانە سۆشیال میدیا ئەو هەمو کارەسات و کەموکوڕییە هەیە کەچی خەڵکی خەریکی گاڵتەجاڕی و سوکایەتی کردنە !
لەنێو میللەتی ناهۆشیار دەبێ هەمو شتەکان ساختە بن ، ساختەی ماکیاژکراو ، یاسا و بەرپرسی ساختە ، مامۆستا و موچەخۆر و کرێکار و ڕۆشنبیر و نوسەر و خوێنەر و دکتۆری ساختە ،تەنانەت ڕابەرانی ئاینیش دەبێ ساختە بن و سەربە لایەنێکی دیاریکراو بن چونکە ڕەسەن لەنێو ئەو هەمو ساختەیە نامۆ دەردەکەوێ و جێگەی نابێتەوە .
ئەوەی لەم بابەتە مەبەستمە قسەکردنە لەسەر ڕۆشنبیر و نوسەری ساختە ، ئەو نوسەرانەی بە نوسینەکانیان میللەتێک تیرۆردەکەن ، نەوەیەک لەناو دەبەن .
جۆرج بێرنارد دەڵێ ” ئاگاداری مەعریفەی ساختە بە چونکە لە نەزانی ترسناکترە ”
بەداخەوە کۆمەڵێک نوسەر پەیدابون بابەت لە زمانی تر وەردەگێڕن ، بەڵام چ بابەتێک ! لەم ڕۆژانە سەردانی کتێبخانەیەکم کرد ، کتێبێکم گرتە دەست کە چاپی حەفتەمی بو ، چاوێکم گێڕا بەنێو بابەتەکانی، هەوڵدەدەم هەندێک نمونە بگوازمەوە :
– هەرچیت بەسەرهات تەنها سوپاسی خودا بکە ، خودا شتی باشتری بۆ داناویت …
– هەمیشە پلانی خوا باشترە لە پلانی خۆت ، بۆیە نائومێد مەبە …
– بێدەنگیی ستەملێکراو لە خشتەت نەبات ، کاتێک هاواری خودا دەکات ئاسمانەکان دەلەرزن…
– هەرشتێک لە ژیانت دوابکەوێ حیکمەتی تێدایە ، خۆت بە خوا بسپێرە ….
ئەم وتانەی سەرەوە تاکێکی تەمبەڵ و دەستەوەستان و لەهەمان کاتدا لەخۆبایی دروست دەکەن ، دەستەوەستان و تەمبەڵ چونکە هەمو کارەکانیان بە خودا دەسپێرن ، لەخۆبایش چونکە خودا بە هی خۆیان دەزانن و ئەوەی وەک ئەوان بیرنەکاتەوە سەرلێشێواو و گومڕایە . لە کاتێکدا خودا زۆر بەڕونی لە قورئاندا فەرمویەتی:
(مرۆڤ تەنها هەوڵدانی بەدەستە و هەرکەسێکیش هەوڵ بدا ئەنجامەکەی دەبینێت)النجم ٣٩
خوا دەفەرموێ مرۆڤ نەک مسوڵمان یا باوەڕدار ، واتە کارکردن و سەرکەوتن پەیوەستە بە هەوڵەکانت نەک تەمبەڵی و سپاردنی هەمو کارەکان بە خودا. دەوڵەمەندی و هەژاریش پەیوەست نییە بە باوەڕ .
ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە کۆمەڵگە دەخاتە زۆنگاوی دواکەوتویی ،لەلایەکی تریشەوە بێهۆشی دەکات بە بەنجێکی موقەدەس بۆ ئەوەی کەس نەتوانێ سەر هەڵبڕێ یا دەنگ هەڵبڕێ .
نوسەر و وەرگێڕانی کورد یا لە نەزانی یا بە بەرنامە کەوتونەتە ئەم گێژاوە و بێ ئەوەی ئاگاداربن خەونی میللەتێک لەگۆڕ دەنێن ، ئایندەی نەوەیەکی تەواو دەفەوتێنن بە دوبارەکردنەوەی قسەی چەند نوسەرێک کە خۆیان وەک پاشا دەژین و ئامۆژگاریی خەڵک دەکەن کە ئارامگر بن لەسەر هەژاری چونکە خوا هەژارانی خۆشدەوێ !

ئەوان پارەی زۆر و کەناڵی ئاسمانی و میدیا و سۆشیال میدیایان لەبەردەستە بۆ ئەوەی خەڵکی لە زۆنگاوی نەزانیدا بهیڵنەوە تا پاروی چەوری خۆیان لەلای سوڵتانەکان مسۆگەر بێت .
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ، ئایا گوناهی نوسەرانە یا خوێنەران خۆیان ئەم جۆرە ناوەرۆکانەیان دەوێ؟
لەڕاستیدا وەڵامێکی ڕون نییە بۆ ئەم پرسیارە ، مەسەلەکە داواکاری و دابینکردنە ، وەک مەسەلەی بازرگانی ، ئەو کالایەی داوای زۆری لەسەر بێت زیاتر دێتە بازاڕ و باشتر دەفرۆشرێت .
خوێنەری ڕۆژهەڵاتی چونکە خوێندنەوە نەبۆتە بەشێک لە کەلتوری هێندە ئاشنای خوێندنەوە نییە ، بەشێکی زۆر کەمی خەڵک دەخوێننەوە ، خوێنەرانیش زیاتر بەدوای چێژدا دەگەڕێن نەک فێربون ، بۆ نمونە ڕۆمان و شیعر و وتار و گەشەپێدان زیاتر بازاڕی هەیە ، بواری هزر و زانستە مرۆڤایەتییەکان کە کەس بەلایدا دەچێت ، دیارە هۆکارەکەی ئەوەیە کە فەلسەفە و مێژو و کۆمەڵناسی و زانستەکان بەگشتی نەک چێژبەخش نین بەڵکو زۆر جار تاقەت پروکێنیشن ، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین ئەوەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی دروست دەکات بواری هزرە نەک ئەدەبیات .
ئەدەبیات بەتایبەت ڕۆمان و شیعر دۆنکیشۆتی زۆری پێبەخشین بەڵام چەند زانا و بیرمەندی دروستکرد؟
لە سەدەی ڕابردو لو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند بیرمەند و زانا دروست بون ؟ چەند خەڵاتی نۆبڵ وەرگیران ؟ ئەی لە ڕۆژئاوا ؟
ئەمڕۆ لە کتێبخانەکە بوم کتێبێکی شیعرم بەرچاوکەوت ، ناوی نوسەرەکەم نەبیستبو ، بەڵام خاوەنی کتێبخانە گوتی ٥ هەزار تیراژ لەماوەی ٣ رۆژدا تەواو بوە ! سەرنجی شیعرەکانم دا بڕوابکەن ٢٥ ساڵ بەرلە ئەمڕۆ شیعری زۆر لەوە جوانترم نوسیوە بەڵام شەرمم کردوە لە وڵاتێک پەشێو و بێکەس هێشتا لەژیاندابن من بەخۆم بڵێم شاعیر!
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرهەمهێنانی شاعیر و بانگخواز و وتاربێژ یەکەمی هەمو جیهانە بەڵام خاوەنی ناخۆشترین ژیان و خراپترین باری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە ، کێشەکە لە کوێێە ؟
دیارە کە شتێک هەڵەیە و ئێمە پێی نازانین ، ئەگەر خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن بە شیعر و چیرۆک و وتاری ئاگرین بوایە دەبو ئێستا وڵاتانی ڕۆژهەڵات پێشکەوتوترین و ئاسودەترین وڵاتانی جیهان بن ، بەڵام لە چەند شتێک یەکەمین لەوانە هەناردەکردنی زۆرترین ئاوارە ، بەرزترین ڕێژەی گەندەڵی ، خراپترین پاسپۆرت ، خراپترین دراو ، خراپترین وڵاتان لەڕوی مافی مرۆڤ ….. هتد ..
لە وڵاتێک کتێبی شیعر و ڕۆمان نۆبەتیان بۆ بگیرێت و کتێبی هزریش تۆزی لەسەر بنیشێ هەرگیز چاوەڕوانی پێشکەوتن و خۆشبەختی مەکە .