داهاتوی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لەلایەن ستاندار Posted on 376 جار بینراوە

جوتیار رەشید

سەد ساڵ زیاتر تێدەپەڕێ بەسەر یەکەم وەبەرهێنانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،دوای ئەوەی ئێران لە ساڵی 1913،لەگەڵ کۆمپانیا ئینگلیزەکان یەکەم هەناردەی نەوتی دەستپێکرد،دواتر،نەوتی کەرکوک ساڵی 1927, بەحرەین لە ساڵی 1932,کوەیت ساڵی 1937,سعودیە ساڵی 1939,قطر ساڵی 1949،ئیمارات ساڵی 1958,عمان ساڵی 1967.
ئەوەش وایکرد ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە سەرچاوەی وزەی جیهانی و جێگا بایەخی ئەمریکا و ئەوروپا،هەموو وەبەرهێنێکیش ئارەزومەندە شوێنی وەبەرهێنانی ئارام و جێگیر بێ(ئەوە سادەترین بنەمای ئابوری وەبەرهێنانە)،بۆیە هەموو ئەو بیر و ڕایانەی (بەتایبەتی عەرەبەکان)،کە پێیان وایە ئەمریکا و ئەوروپا سەرچاوەی ئاشوب و ماڵ وێرانیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن،دورن لە واقیع و ڕاستیەوە،بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکی و ئەوروپیەکان تێگەیشتن ناتوانن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارام ڕابگرن، بەهۆی ناکۆکیە قوڵە ئاینی و مەزهەبی نەتەوەیی و مێژویەکانی نێوان گەلەکانیانەوە،سیاسەتی (بەڕێوەبردنی ناکۆکیەکان)،(ادارة الصراع)،لەگەڵ پیادەکردن.
دوای ئەوەی ئەمریکا جۆرێک لە سەرچاوەی تری لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وزەی خۆی دابینکرد(لە ناوخۆی کەنەدا،مەکسیک)،ئەوروپیەکانیش گەیشتنە ئەو بڕوایەی ڕو لە ڕوسیا بکەن،پێیان وابو ڕوسیا لەبەرئەوەی یەکێکە لە گەورە هێزەکانی دونیا سەرچاوەیەکی جێگیرتری وزەیە و باشتر دەتوانێ پارێزگاری لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزەکەی بکات لە لایەکی تریشەوە گازی ڕوسیا ئامادەتر بو بۆ ئەوروپیەکان،ئەوە بو (مێرکل)ی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ساڵی 2012 وەک ئەندازیاری پڕۆژەی(North stream 1) ، گازی ڕوسیای گەیاندە ئەڵمانیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا،
ئەوەش وایکرد ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو گرنگیەی جارانی وەک سەرچاوەی وزە بۆ ئەوروپیەکان نەمێنێ،بۆیە وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوی لە بازاڕەکانی ئاسیا(چین،یابان کۆریا،هند)کرد.
بەڵام هێرشەکانی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیا دوبارە هاوکێشەکەی هەڵگێڕایەوە و ئەوروپای لە خەوێکی قوڵی خۆش ڕاپەڕاند.
ئەوروپیەکانی هێنایەوە ناو ئەو پەندە کوردیە دەڵێ(هەی لە …..،هەی لە دۆشاو).
بەناچاری بایاندایەوە بۆ وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ئەمجارەیان دەبوایا کێبڕکێی نرخ بکەن لەگەڵ ئاسیاییەکان کە کڕیاری وزەی ڕۆژهەڵاتن،بەوەش نرخی نەوت بەرز بوەوە.
نەوتی ڕۆژهەڵات بەشێکی کێشەکەی ئەوروپای جارەسەر کرد کێشەی گازیان وەک خۆی ماوە.
کێشەی گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە ژێرخانی وەبەرهێنان و گواستنەوەی بۆ نەکراوە،ئەگەر بۆشی بکرێ چەندین ساڵی پێویستە،تاکە هۆکاری ئەوەش کە ئەو ژێرخانەی بۆ نەکراوە بێ هیوایی ئەوروپیەکان بوو لە ئارام گرتنی ناوچەکە،ئەوەش زیانێکی زۆری لە ئابوری ئەو وڵاتانە داوە.

ئێستاش دوای ئەوەی نزیکەی 7 مانگ بەسەر هێرشەکەی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیا تێدەپەڕێ،ئەوروپیەکان هیچ ئاماژەیەکیان بۆ ئەوە نیە بێن وەبەرهێنان لە کەرتی گازی ڕۆژهەڵاتدا بکەن،ئەوەش مانای ئەوەیە نیازی گەڕانەوەیان نیە بۆ وزەی ڕۆژهەڵات.
پێدەچێ ئەوروپیەکان هەتا چەند ساڵێکی تر لەگەڵ وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕۆن هەتا بەجێگرەوەی وزەی پاک و وزەی فەنزوێلا و ئەفریقیا پێداویستیەکانیان دابین دەکەن.
ئەوسا بەیەکجاری دەستبەرداری وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕوسیا دەبن هەتا ڕادەیەکی زۆر.
کەواتە دوا ڕۆژی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی بەسەر دێ؟
وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،بازاڕەکانی ئاسیای بەدەستەوە دەمێنێ،ئەویش دەبێ لەگەڵ وزەی ڕوسیا بکەوێتە پێشبڕکێ و بەوەش نرخی وزە زۆر دادەبەزێ لە چەند ساڵی داهاتودا.
وڵاتانی ڕۆژهەڵات چەند ساڵیکیان لەبەردەست ماوە،چاکسازی لە دەسەڵات بەگشتی و دارای و ئابوری وڵاتەکانیاندا بکەن،بەشی هەرە زۆری ئەو داهاتەی لەو چەند ساڵەدا دەستیان دەکەوێ لە ژێرخانی پیشەسازی (پترۆ کیمیاویات )،خەرج بکەن،بۆ ئەوەی لە داهاتودا نەوتەکەیان بکەنە پیشەسازی نەوتی و بیفرۆشنەوە،سەرتاپای وڵاتەکانیشیان بە تۆڕی بۆڕی غازەوە ببەستنەوە،بۆ ئەوەی لە ناوخۆدا ساغی بکەنەوە.
ئەی هەرێمە بەد بەختەکەی ئێمە چی بکا؟
چونە سەر ئەو نەخشەی وزە جیهانیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم چەندین ساڵە وزەی هەرێمیان بۆ تاڵانکردوە بە خەڵک چی؟
نە نەخشە دەمێنی و نە وزەکەی.