نهێنیەكانی پشت فەوجەكەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك چین؟

لەلایەن ستاندار Posted on 206 جار بینراوە
4-6

 

ستاندەر

نهێنیەكانی پشت فەوجەكەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك چین؟
هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری پێشمەرگە، چ پەیوەندییەكی بەو فەوجە هەیە؟
بۆچی لە چەمچەماڵەوە گواسترایەوە پردێ؟
بۆچی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ، دەڵێن: بودجە بەش ناكات كەچی زوو زوو فەوجی نوێ دەكرێتەوە؟

لەچەند رۆژی رابردوو عەبدوڵا كوێخا موبارەك، كادیری پارتی لە سنووری چەمچەماڵ، وێنەیەكی خۆی لەگەڵ براكەی بڵاوكردەوە. رایگەیاند، سەردانی فەوجی 35ی كەركوكی كردووە لە میحوەری پردێ، بەفەرماندەیی مەحمود كوێخا موبارەكی برای.

ئەوە لەكاتێكدایە، پێشتر لەكاتی پەیوەندی كردنی بە پارتی، عەبدوڵا كوێخا موبارەك لەبارەی دەنگۆی دروستكردنی فەوج بۆی، ڕەتی كردەوە و رایگەیاند، داوای هیچ ئیمتیازێكی نەكردووە، تەنها چاككردنی تۆڕی ئاوی چەمچەماڵ و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆی، بەڵام تا ئێستا ئاو نەگەیەندراوەتە چەمچەماڵ، لەبەرامبەردا هەواڵی فەوجەكە ڕاست دەرچوو. ئەگەرچی پێشتر بڕیاربوو فەوجەكە لە چەمچەماڵ جێگیربكریت، بەڵام بەهۆی دژایەتی یەكێتی بۆ ئەم هەنگاوە بەناچاری فەوجەكە بۆ سنوری هەولێر لە میحوەری پردێ، گواسترایەوە.

دروستكردنی ئەو فەوجە لەكاتێكدایە، لە 2014ەوە دامەزراندن بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران وەستاوە، بەو هۆیەوە بۆشاییەكی زۆر لە سێكتەرە جیاوازەكان دروستبووە، كە دیارترینیان پەروەردەیە، بەجۆرێك بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانە، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: بەهۆی نەبوونی پارە، ناچارن مامۆستا بە وانەبێژ دابمەزرێنن، بەجۆرێك ئەو مەكتەبەی سەرۆكی حكوومەت لەبەردەڕەش زەنگی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا ژمارەی وانەبێژەكانی لە مامۆستا میلاكەكان زیاتر بووە، كەچی لەبەرامبەردا ڕۆژ دوای ڕۆژ فەوجی نوێ و هێزی نوێ بۆ ئەوانە درووست دەكرێت، كە پەیوەندی بە پارتی دەكەن.

بەگوێرەی زانیاری ستاندەر، یەكێك لەهۆكارەكانی هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری پێشمەرگە، پەیوەندیدار بوو بە دروستكردنی ئەو فەوج و هێزانەوە، كە پارتی درووستی كردووە، چونكە پێشتر بۆ سەمەد بێتواتەیی فەرماندەی دیاری هێزەكانی 70ی یەكێتی دوای پارتی بوونی دروستكراوە.

بەو پێەی ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: خەریكی یەكسختنی هێزەكانی پێشمەرگەین، بەڵام دروستكردنی ئەو یەكە و فەوجانە پێچەوانەی ڕێكکەوتنی پێكهێنانی حكوومەتە، كە یەكێك لە ئامانجەكانی یەكخستنی یەكەكانی 70 و 80ی پارتی و یەكێتیە. ئەم هەنگاوە، جگە لەوەی لەم چەند ساڵەی دوایی، بەسەدان كەس بە پلەی جیاوازی سەربازی، بەبێ ئەوەی مەرجەكانیان تێدابێت خانەنشین كراون.

بەهۆی زۆری ژمارەی موچە خۆرانی یەكەكانی 70 و 80ی یەكێتی و پارتی، كە ژمارەیان بە نزیكەی 200 هەزار چەكدار مەزەندە دەكرێت بارگرانییەكی زۆر كەوتۆتە سەر بودجەی گشتی، بەجۆرێك مانگانە نزیكەی 90 ملیۆن دۆلار تەنها مووچەی ئەم دوو یەكەیەیە.