ستاندەر
گەشتە گوماناوییەكەی دەستە ڕاستەكەی ئەردۆغان، چی لە هەڵوێستی سوننەكان و پارتی گۆڕی؟
هاكان فیدان چۆن دەیەوێت بە بەردێك دوو چۆلەكە بپێكێت؟
حەلبووسی و خەنجەر دەتوانن دەستی توركیا ببنەوە بەغدا؟
سەردانە لەناكاوەكەی هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای میتی توركی بۆ بەغدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت ئەوە یەكەم سەردانی بەرپرسێكی باڵای توركیایە دوای ئەو قەسابخانەیەی لە 20ی مانگی تەمموزی ڕابردوو لە گوندی پەرەخی زاخۆ ڕوویدا كە بەهۆیەوە 9 هاوڵاتی كوژراون و زیاتر لە 30 هاوڵاتی برینداربوون.
هاكان فیدان، هاوشێوەی قاسم سلێمانی بەشێوەی گوماناوی دەچێتە بەغدا، ئەردۆغان دەیەوێت هەمان ڕۆلی سلێمانی لە ململانێكانی بەغدا بۆ بگێرێت و دەستی توركیا بباتەوە قوڵایی بەغدا، دوای هەموو سەردانێك نەخشەی ململانێكان لەدوای خۆیدا بگۆڕێت.
لە سەردانەكەی فیدان چاوی بە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەڕلەمان و خەمیس خەنجەر و فالح فەیاز كەوتوە، جەختی لەوە كردۆتەوە ئامادەن بۆ دروستكردنی لیژنەی هاوبەش بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكەی گوندی پەرەخ، كە توركیا بێ بەری بوونی خۆی لێ ڕاگەیاندووە.
بەگوێرەی زانیاریەكانی ئاژانسی مۆنیتەری ئەمریكی، لەسەردانەكەیدا، فیدان؛ هانی سوننەكانی داوە بۆ ئەوەی لە گفتوگۆكان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداربن، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بەمەش توركیا دەیەوێت دوو ئامانج بۆخۆی بەدیبهێنێت، یەكەم كەمكردنەوەی توڕەیی چوارچێوەی هەماهەنگی و نزیكبوونەوە لێیان، بەو پێەی سوننەكان لە سەدر دوردەخاتەوە، كە ئامانجی چوارچێوەی هەماهەنگییە، دووەمیش وەرگرتنی وەزارەتی بەرگریی عێراقە لەلایەن هاوپەیمانی سیادەی سوننەكان، بۆ ئەوەی لەم ڕێیەوە لە شەڕەكانی لەگەڵ پەكەكە، سوپای عێراق تێوەگلێنیت.
توركیا دوای ساڵی 2014 بەهۆی پاشەكشەی سوننەكان و شەڕی داعش، تاڕادەیەكی زۆر كاریگەری لەسەر عێراق نەمابوو، بەڵام ئێستا لەڕێی حەلبوسی و خەمیس خەنجەر دەیەوێت، ڕۆل بۆخۆی بگێڕیتەوە، ئەم دوو كەسایەتیەش كە نوێنەرایەتی زۆرینەی سوننەكان لە پەرلەمانی عێراق دەكەن، زوو زوو سەردانی توركیا دەكەن، ئامۆژگاریەكانی ئەردۆغان لەبەرچاو دەگرن.
هەر بۆیەش دوای سەردانەكەی فیدان، ڕاستەوخۆ حەلبوسی و خەنجەر سەردانی هەولێریان كرد، لەگەڵ بارزانی كۆبوونەوە و هەرسێ لا پشتیوانی خۆیان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەدەسەڵات دەربری، بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر لەگەڵ سەدر رێكەوتنیان هەبوو، بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی، تا نەتوانن حكومەت پێكبهێنن.
هاكان فیدان، لەسەردانەكەی بە بەرپرسانی باڵای عێراقی راگەیاندووە، تا پەكەكە لە خاكی عێراق بمێنێت، ئەوان چالاكیەكانیان ڕاناگرن و بەردەوامدەبن، بۆیە ئەردۆغان مەبەستیەتی لەڕێی سوننەكانەوە حكومەتی داهاتوی عێراق، بچێتە ژێر باری داوا لەمێژیینەكەی بۆ ئەوەی شەڕی گەریلا بكات، بەڵام پێناچێت حكوومەتی عێراق بەم ئاسانییە ئەو داوایەی توركیا قبوڵ بكات، پێش ئەوەی بەتەواوی خاكی عێراق جێنەهێڵن.