پارتی گرەوەکەی لەسەر شکستهێنانی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەباتەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 1014 جار بینراوە

 

ستاندەر

پارتی گرەوەکەی لەسەر شکستهێنانی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەباتەوە؟

سودانی دەتوانێ تاکە مەرجەکەی بارزانی قبوڵبکات؟

یەکێتی و لایەنەکانی تر چی دەڵێن؟

 

دوای ئەوەی پارتی لە هاوپەیمانێتی موقتەدا سەدر بەتەواوی دوورکەوتەوە، ئێستا قۆناغ بە قۆناغ لە چوارچێوەی هەماهەنگی نزیکدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، چەند دانیشتێکی نهێنی لەمبارەیەوە کراوە و دەوترێ موحەممەد شەیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی هاتۆتە هەولێر، لەگەڵ بارزانی کۆبۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، مەرجی بارزانی لە دانیشتنەکان بەشە بودجە و ماددەی 140 نەبووە، بەڵکو مەرجة بنەڕەتیەکە ئەوە بووە، حکومەتی نوێی عێراق بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دژ بە یاسای نەوت و گازی هەرێم جێبەجێنەکات، کە باس لەوە دەکات مەلەفی نەوتی هەرێم بەتەواوی تەسلیمی بەغدا بکرێتەوە. وادەردەکەوێت ئەوە مەرجی سەرەکی بارزانیە و لە هەوڵدایە، کە بڕوا بەیەکێتییش بهێنێت ئەوە ببێتە مەرجی سەرەکی هاوبەشی هەردوولا.

بۆ ئەمەش پارتی ئێستا لەبەرامبەر داواکارییەکانی یەکێتی لە هەرێم نەرمی دەنوێنێت، بەتایبەت لەو کەموکوڕیانەی کە مانگانە لە دابەشکردنی موچە لەسلێمانی دروست دەبێت، وە بۆ بابەتی سەرۆک کۆماریش، بەڵام تاکه نیگەرانییان ئەوەیە کە موقتەدا سەدر بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕازی بکرێت بۆ ئەو مەبەستەش بەمزووانە نوێنەری سێ لایەنەکە، کە هادی عامری و نێچیرڤان بارزانی و موحەممەد حەلبوسیین، لەگەڵ سەدر کۆدەبنەوە.

پێدەچێت پارتی گرەوی ئەو حکومەتە لەسەر ئەو یاسایە بکات، کە دەڵێت: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جێبەجێنەکرێت. شایانی باسە، پێناچێت پرسەکانی تر کە لەشێوەی بەشە بودجە و مادەی 140 و هێزی پێشمەرگە هتد.. هیچ چارەسەرێکی بۆئەوە نییە، پارتی هیچ پێداگرییەکی نییە و ناشزاندرێت یەکێتی و لایەنەکانیش دەچنە ژێر ئەو بارەی کە تاکە داواکارییان لە حکومەتی نوێ جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیە.
لایەنێکی تری بابەتەکەش چوارچێوەی هەماهەنگییە، کە تا ئێستا دەڵێن: دەبێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێبکرێت، بۆ ئەمەش پارتی لەهەوڵدایە لەڕێی ئێران چوارچێوەی هەماهەنگی بهێنێتە ئەو بڕوایەی بڕیارەکە جێبەجێ نەکرێت.