ئازاد جۆڵا
شەهیدبوونی ژینا ئەمینی کچە کوردی ڕۆژهەڵات کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا ، دیارە هۆکارگەلێک هەن بۆ کاردانەوەکان ، گرینگترینیان ئەوەیە خەڵکی ئێران بەگشتی و کورد بەتایبەت زۆر پڕەو لەدەرفەتێک دەگڕێت بۆ ئەوەی لەم ڕژێمە خۆسەپێن و داگیرکەرو چەوسێنەرە ڕزگاری بێت و بەمافی ڕەوای نەتەوەیی و دیموکراسی خۆی شادبێ ، خۆ ئەگەر ئەمەش نەبێ لەهەر دەرفەتێک دەگەڕێت بیقۆزێتەوە بۆ ئەوەی هیچ نەبێ کەمێک خۆی بەتاڵ بکاتەوە و دەردی دڵی خۆی بەڕووی ئەم ڕژێمەدا هەڵڕێژێ ، ئێرانیەکان بەگشتی و کورد بەتایبەت ساڵانێکی زۆرە چاوەڕوانی گۆڕانکاری و هەلێکی زێڕین دەکەن بۆ کوودەتا یان ڕاپەڕین یان شۆڕشی سەرتاسەری ،
بۆ گۆڕین و لەگۆڕنانی ڕژێمی ئاینی و فەقیهو سێدارە ، ئەوەی لەدوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی هاتۆتە کایەوەو ڕۆژانە بەردەوامی هەیە بەدەرنیە لەم خواستەی ئێرانییەکان و کوردەکان بۆ گۆڕانکاری و ڕزگار بوون لەم دەسەڵاتە ،
ئەگەر سەیر بکەین دبینین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ناڕەزایەتیەکان تەشەنە دەکات و گۆڕنکاری لەشێوازی ناڕەزایەتیەکان دەبیندرێ سەرتا بە خۆپیشاندانی نەرم و شەرمنانە لە یەک دوو ناوچەی بچوک و بەرتەسک دەستی پێکرد ، دواتر ئەم ڕووداوە بوو بە دەرفەتێک بۆ خۆ بتاڵکردنەوە هێواش هێواش بەرفراون بوو دواتریش توندوتیژی لەهەردولا لێکەوتەوە ، ئێستا بابەتەکە گۆڕاوەو تەشەنەی سەندووە لەخۆپێشاندان دەرچووە بەدەیان شارو شارۆچکەی گردۆتەوە بەدەیان شەهید هەیەو سەدان بریندار و سەدانیش دەسگیرکراو ، ئێستا بابەتەکە لە ( لەچک و شەهید بوون یان قەرەبووی خوێنی ژینا ئەمنی ) دەرچوە ، ئێستا خەریکە پەل دەکێشێ بۆ جۆرێک لەڕاپەڕین و شەڕی چەکداری و دروست بوونی گرووپی چەکدارو کۆنتڕۆڵکردنی چەند ناوچەیەک هەر وەکو ئەوەی لەشنۆ هەیە دەست بەسەر تەواوی شارەکەو دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا گیراوە ، لێرەدا ئەوەی زۆر گرینگە برایانمان لە کوردی ڕۆژهەڵات بیزانن و درکی پێ بکەن چەند خاڵێکە : –
١ – پێویستە کوردەکان هەڵەی مێژوو دوبارە نەکەنەوە چۆن لەکاتی ئەو هەڵومەرجەی کە هاتە ئاراوە بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری مهاباد و ڕزگاری نەتەوەیی لەناو تەواوی گەلانی ئێران تەنها کورد ئەم شێوازی خەبات کە چەکداری و شەڕ و ڕووبەڕووبونەوە بوو هەڵبژاردو دواتریش ئەنجامەکەی دیارە کەچی ڕویداو کەچی چنیەوە . لەبەرامبەردا ئەو کات گەلانی تری ئێران بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و مافی ڕەوای خۆیان پەنایان نەبردە بەر ئەم شێوازەی خەبات بۆیە تائێستاش کەمترین قوربانی و زۆرترین دەستکەوتی سیاسی و ئابووری و ئاوەدانی و بەشدارێکی کارا لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەتایبەت لەناوچەکانی نەتەوەیی خۆیان بەدەست هێناوە پێچەوانەی ئەمە کورد بوو بەقوربانی و دواتریش نەک هیچی نەچنیەوە بەڵکو زیانێکی زۆرو پەرتەوازەبوون و بێ متمانەیی و کوشتنی ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانیشی بەدوای خۆیدا هێنا .
٢ – لەسەر ئاستی ناوەخۆ تا ئێستا هیچ هاودەنگی و بەرنامەڕێژی و ئامادەسازییەک بۆ خۆپیشاندان یان ڕاپەڕین لەنێوان هێزو لایەنە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات چی لەنێوان خۆیان یاخود لەگەڵ هیزو لاێەن و ڕێکخراو گرووپەکانی تری دەرەوەی کورد لەئارادا نیەو لەدوور و لەنزیک خۆیان نەکردۆتە خاوەنی بابەتەکە .
٣ – لەسەر ئاستی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئەگەر ئەم دۆخەیان بەدڵیش بێ بەڵام تا ئێستا بەکردار پشتیوانی ئاشکرای خۆپیشاندەران ناکەن و پاڵپشت نین بەڵکو ئەوە تەنها خەڵکە بەسنگێکی ڕووتەوە ڕووبەڕووی ڕژێمێکی دڕوندە بۆتەوە .
٤ – پێویستە کوردەکان بێ پشتیوانی نێوخۆی ئێران و پشتیوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕێگە نەدەن دۆخەکە لەڕۆژەهڵاتی کووردستان بەرەو ئاڵۆزی زیاترو شەڕو کوشتارو گروپی چەکداری و ڕزگارکردنی چەند ناوچەیەکی بچوک بچوک بچێت و شەڕی ڕووبەڕووبونەوە دەست پێ بکات چونکە لەکۆتاییدا دەبێتە مەهانە بۆ ڕژێم تاوەکو بەئاگرو بەئاسن زۆر بەتووندی بکەوێتە وێزەی خەڵک و خوێن ڕشتنی زیاترو وێرانبوونی ناوچەکەو کپ کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان و کوشتنی زیاتری ئومێدی خەڵک و دواجاریش هیچی لێ سەوز نابێ .
٥ – ڕەنگە ئەگەر دۆخەکە لەوە زیاتر پەرەبستێنێ ڕژێم خۆی هەوڵی گێرەشێوێنی بدات و لەڕێگای تابووری پێنجەم یان هێزی چەکداری نزیک لەخۆی بخوازی خۆپیشاندان بگۆڕێ بۆ توندو تیژی و شەڕو کوشتار لەحەڵەتێکی واشدا بێ گومان بێ کۆدەنگی و هەماهەنگی ناوخۆیی و بێ پشتیوانی دەرەکی ئەنجامەکەی ڕوون و ئاشکرایە چی دەبێت …