بێدەنگییەکەی سەدر

لەلایەن ستاندار Posted on 650 جار بینراوە

ستاندەر

بێدەنگییەکەی سەدر، ئایا هێمنی بەر لە زریانە؟
چی چاوەڕێی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی دەکات؟
چۆن پۆستەکان دابەش دەکات و چی داوا کردووە؟

دواجار دوای ساڵێک، گرێ کوێرەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەهەڵبژاردنی لەتیف ڕەشید بۆ سەرۆک کۆمار و موحەممەد شەیاع سودانی ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

ڕاسپاردنی موحەممەد شەیاع سودانی لەکاتێکدایە کە پێشتر موقتەدا سەدر ڤیتۆیەکی توندی بەرامبەر هەبوو داوای دەکرد کە نابێت ئەو کاندید بکرێت بۆ سەرۆکوەزیران، بەڵام دوای دەستنیشانکردنی بێدەنگی سەدرییەکان ئەوە پرسیاری لای چاودێران درووستکردووە، ئایا سەدر بەتەواوی پاشەکشەی کردووە، یاخود چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات بەوەی کە دووبارە ئەم حکوومەتە دووچاری شکست بکاتەوە هاوشێوەی ئەوەی کەوا لەخۆپیشاندانەکانی تشرین ڕوویدا کە حکوومەتی عێڕاق عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد، کە حکوومەتێکی کاتی درووستکرا.

چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە سەدریش ڕایانگەیاندووە، کە موقتەدا سەدر ماوەی شەش مانگ مۆڵەت دەدات بەم حکوومەتە ئەگەر هەنگاو بۆ چاکسازی و هەنگاو بۆ حکومڕانیەکی باشتر بنێت ئەوا قبوڵی دەکات، ئەگەرنا فشارەکانی لەشەقام دەستپێدەکات بەتایبەت ئەوەی کە ئەو پێشتر داوای کردووە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێڕاق بکرێت بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی وتیان با حکومەت پێکبێت ئینجا بیر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێتەوە..

شایانی باسە، ئەمڕۆش ساڵح موحەممەد عێڕاقی وەزیرەکەی سەدر لەتویتێکدا وتی؛ به‌شداریی له‌حكوومه‌تى هاوپه‌یمانێتى ملیشیایی تاقیكراوه‌ ناکەن و پێیانوایه تاقیكراوه‌ تاقیناكرێته‌وه‌. بەگوێرەی قسەکانی بێت، ئەوانەی لەگەڵیان بوون و ئەوانەشی جیابوونەتەوە به‌شداریی له‌حكوومه‌تى نوێى عێڕاق ناكه‌ن. ئەمەش پەیامێکی ڕوونە کە سەدرییەکان لەداهاتوودا جوڵە لە دژی ئەم حکوومەتە دەست پێدەکەنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، حکومەتی نوێی عێڕاق لە 25 وەزارەت پێکدێت 13 بۆ شیعەکان، 6 بۆ کورد، 6 بۆ سوننەکان، هەر سێ سیاسەتمەدار نووری مالیکی و هادی عامڕی و خەمیس خەنجەر داوای جێگری سەرۆککۆمار دەکەن. بەم پێیەش بێت، ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆککۆمار سێ جێگری هەبێت.

هەروەها موحەممەد شەیاع سودانی داوای لە لایەنەکان کردووە، بۆ هەر پۆستی وەزیرێک سێ کاندید پێشکەش بکەن و ئەوییش یەکێکیان هەڵبژێرێت.. هەروەها داواشی کردووە لە سێ وەزارەت کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و کارەبا و تەندرووستییە دەستکراوەبێت، بۆئەوەی کەوا خۆی سەرپەرشتییان بکات، چونکە پێیوایە ئەم سێ بوارە پێویستیی بە چاکسازی بنەڕەتی هەیە.

چاودێران پێیانوایە، ئەم فۆڕمەی پێکهێنانی حکومەت کەبەهەمان شێوە دابەشکاری تائیفی بوو. دووبارەکردنەوەی ئەزموونەکانی پێشووتری حکوومەتی عێڕاقە کە لە 2003ەوە بەڕێوەدەچێت، بۆیە پێناچێت بتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە پڕۆسەی سیاسی عێڕاقدا بەدوای خۆیدا بهێنێت.