لیزە تراس لە نێوان دوو بەرداش

لەلایەن ستاندار Posted on 373 جار بینراوە
 مەھدی كاوانی
داواكاری لایەنێكی خۆپارێزی پارتی پارێزگاران كە بەرژەوەندیان لە گەڵ ملیاردێرە ھەرە بەرزەكانی بەریتانیادا ھەیە و پێشوەختە مەرجی دەنگدانیان بۆ لێزە تراس ئەوە بوو كە دەبێ باج لە سەر ئەو تاقمە ملیاردێرە كەم بكرێتەوە . دیارە ئەو كەمكردنەوەی باج لەسەر ئەو تاقمەیەو بە تایبەتی لەو زەمەنەدا كە بەریتانیا تووشی قەیرانێكی دارایی ھەرە سەخت بۆتەوە دەر ئەنجامی دەرھاتنی بەریتانیا لە ئەوروپاو نەخۆشی پێشتری كۆڕۆناو ئێستای شەری ڕووسیاو ئۆكڕانیا .
خۆ دەبێ ئەو كەمكردنەوەی باج بە داواكردنی قەرزێكی یەكجار زۆری حكومەتەوە بێت تاوەكو تەعویزی ئەو كەمكردنەوەی باج بداتەوە . ھەر ئەوەندە نا حكومەتی تازە خەریكی بە كردار كردنی بڕیارێكە كە حكومەت وەك قەرزپێدانێك بە خەلكانی كەم دەرامەت ، پارەی نیوەی غازو كارەبا بدات دەرئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی غازو كارەبا بە چەند قاتێك . لێرەشدا دەبێ حكومەت تەحەمولی ئەو پارە پێدانە بكات كە بۆ ھەر ماڵێك زیاتر لە ٢٠٠ پاوەند دەكات . كە حكومەتیش داوای ئەو قەرزە زۆرەی لە ملیاردێرە بەریتانیەكان كردو پێیەوە سوود لە سەر پارە زیادی كردولەو حالەتە ھەر دەبێ حكومەت ھەنگاوی بەرزكردنەوەی باج بەسەر داھاتە نزمەكان كە خەلك دەگرێتەوە زیاد بكات ؛ تاوەكو لە مەودای دوور پارەی قەرزەكان بداتەوە . دەرئەنجامی ئەوسیاسەتە ھەڵەیەی سەرۆك وەزیرانی تازەی بەریڕتانیا ھەم خۆپیشاندانی جەماوەر دەستی پێ كرد ھەم پاوەنی بەریتانیا لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی ھاتنە خوارەوەی زۆری بەخۆوە بینی .
ھەر ئەو ھۆكارەش بوو تاقمەكانی تری ئەندام پەڕلەمانی بەریتانیا لە سەر حیسابی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ھاتنەوە ھۆش خۆیان بە تایبەتی دەرئەنجامی گرتنەبەری ئەو سیاسەتە ھەلەیەی لیزە تراس و بە گوێرەی ڕاپرسیەكان شەعبیەتی پارتی كار زیاد دەكات و پێشیەوە كەوتنە دژایەتی كردنی سەرۆك وەزیرانە تازەكەكە كەمتر لە مانگێكە ھاتۆتە سەر حوكم و كار بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو سەرۆك وەزیرانەش بگۆڕن . یەكەم ھەنگاوی ئەو ژنە سەرۆك وەزیرانە گۆڕینی وەزیری دارایی بە وەزیرە دارایەكەی پێشوو و پەشێمان بوونەوە لە كەمكردنەوەی باج بە سەرملیاردێرە بەریتانیەكان .
لێرەدا ئەگەر ئەو پەشێمان بوونەوەی كەم كردنەوەی باج بخرێتە واری كرداریەوەو پێیەوە لەشكری دەسلەكاركێشانەوەی ئەو ژنە بۆ ئەوانەی كە دەنگیشیان پێ داوە ، زیاد دەكات . خەلكیش لە خۆپیشاندانەكە داوای ھەڵبژاردنی پێش وەختە دەكەن . ئەگەر ئەو ھەڵبژاردنە پێش وەختەش بە كردار بكرێت ، پارتێ كار بردنەوەی خۆی مسۆگەر دەكات . ئەو قەریرانە ئابووریە ھەرە سەختەی بەریتانیا كە تێی كەوتووە ، ئەگەر لە سەرێكیان تەواوی حوكمڕانانی بەریتانیا بگرێتەوە ، بە دوو سەرە پارتی پارێزگاران دەگرێتەوە .
پێم وانیە ھەتا ئەگەر پارتی پارێزگاران ئەو سەرۆك وەزیرانەش بگۆرن و پێیەوە ھەندەك سەقامگیری دروست بكەن . لەو حالەتەدا ھەر دەبێ حكومەتی بەریتانیا بچێتە ناو ھەڵبژاردنی پێشوەختەو پێشیەوە پارتی كاری بەریتانیا بە گوێرەی ڕاپرسیەكان ، زەمامی حوكم وەر دەگرێ . پێش ئەوەی بۆریس جۆنسۆن ببێتە سەرۆك وەزیران ، جۆرمی كۆربین سەرۆكی پارتی ئەوكاتی پارتی كار پێی وابوو حكومەت بەو جۆرە دەتوانێ خۆی لەو قەیرانە ئابووریە ڕزگار بكات ، ئەویش بە زیاد كردنی باج بە سەر دەوڵەمەندەكان و كەم كردنەوەی باج بە سەر داھاتە نزمەكان و كەمكردنەوەی سوود بە سەر قەرز كردن ، كە لە ڕێگایانەوە ئابوری بەریتانیا گەشەكردنی زیاتر بە خۆوە دەگرێ ..
جۆرمی كۆرین نەك سەركەوتنی لە لایەن پارتی پارێزگاران بەدەست نەھێنا بەلكو دوو بەشی پارتەكەشی لە دژی وەستان . بەڵام بۆ ئێستاكەو زۆربەی شارەزایانی بواری ئابووری ھاتوونەتە سەر ئەو ڕایەی كۆربین كە دەبێ و بۆ لەمەو دوا ئەوەی كۆربین گۆتبوی بخرێتە واری كرداری .
جا نازانین ئەگەر پارتی كار بێتە سەر حوكم ئەو سیاسەتەی كۆربین جێبەجێدەكات یان نا . دەبێ ئەوەش بلێین قسەم بۆ ئەو كاتیە ، وەھا باس لە كۆربین دەكرا كە كەسێكی تەواو رادیكاڵە . قسەم بۆ ئێستای ڕاكانی پارتی كارە ئایا قبوڵیانە لە ڕێگای ئەو سیاسەتە ڕادیكالانەی كۆربین كارو كاردانەوە دەكەن یان نا . ھێشتا زۆری بەبەر وەماوە قسە لە سەر ئەو بابەتە بكرێ .