توێژینەوەیەكی گرنگی ستاندەر: هەلبژاردنەكانی ئیسرائیل چی بۆ پرسی كورد تێدایە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 731 جار بینراوە

ستاندەر

بۆردی توێژینەوەی ستاندەر توێژینەوەی ژمارە 51ی خۆی لە ژێر ناونیشانی (هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل وكورد) كە لەلایەن ئەندازیار شوان حسین ئامادە كراوە بلاوكردەوە.

توێژینەوەكە پرسی پەیوەندی كورد و حیزب و دەولەتی ئیسرائیل و هەلوێستیان لە قۆناغە جیاجیاكان لە پەراوێژی هەلبژاردنی ئەمرۆی ئیسرائیل دەوروژێنێت:

لە پێشەكی توێژینەوەكە هاتووە وا بریارە لە (١ تشرینی دوەمی ٢٠٢٢)، هەڵبژاردنی خولی (٢٥) پەڕلەمان (کنێسەت)ی ئیسرائیلی ئەنجام بدرێت، لەم هەڵبژاردنەدا (٦،٧٨٨،٨٠٤) هاوڵاتی لە ناوەوە و دەرەوەی ئیسرائیل مافی دەنگدانیان هەیە، پارت و لیستە جیاوازەکانی ئیسرائیل کێبڕکێی بەدەست هێنانی (١٢٠) کورسی پەڕلەمانی ئیسرائیلی ئەکەن، بۆ ئەوەی هەر پارت و لیستێکی بەشدار لە هەڵبژاردنەکان بتوانێت بگات بە کنێسەت (پەڕلەمان)ی ئیسرائیلی، پێویستە ڕێژەی دەنگەکانی بتوانێت (بەربەستی هەڵبژاردن) واتە رێژەی (٣.٢٥ ٪) ببڕێت.

لەبەشێكی تری توێژینەوەكە لەبارەی هەلوێستی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی ئیسرائیل بەرامبەر دۆزی كورد هاتووە : ماوەی حوکم و دەسەڵاتی پارتە چەپەکان لە ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٤٨ ) دەستی پێکرد و لەساڵی (١٩٧٧) کۆتای پێهات، لەم ماوەیەدا (٥) پێنج سەرۆک وەزیرانی سەر بە پارتی (کار)ی چەپڕەو حوکمیان کردوە، لەم (٥) کەسە سێ کەسیان سەرنجی باشی بۆ کێشەی کورد هەبووە، ئەم ماوەیەی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کورد بە پەیوەندیەکی زۆر باش دائەنرێت، پەیوەندیەکان و هاوکاریەکانی ئیسرائیل بۆ کورد کشتگیر بوون، بۆ نمونە لە ڕووی سەربازیەوە ئیسرائیل لەسەرەتای ساڵانی شەستەوە مەشق و ڕاهێنان و پێدانی چەکی پێشکەوتوو بە کورد کردوە، کردنەوەی نەخۆشخانە، هەروەها یەکێکی تر لە جاڵە گرنگەکان لەپەیوەندی کوردو ئیسرائیل لەو ساڵانەدا لە رووی دیبلۆماسیەوە بوو کە سەردانی سەرجەم سەرۆک مۆسادەکانی ئەو کاتەی ئیسرائیل بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و سەردانی هەندێک لە وەزیرەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ ئەو ناوچانە، هەرەوها سەردانی سەرۆکی شۆڕشی کوردستان (مەلا مستەفا بارزانی) بۆ ئیسرائیل، مەلا مستەفا لەماوەی ژیانیدا دوو جار بە ئاشکرا سەردانی ئیسرائیلی کردوە لە ساڵی ( نیسانی ١٩٦٨ – ئەیلولی ١٩٧٣) کە لە لایەن سەرۆکی ئەو کاتەی ئیسرئیلەوە پێشوازی گەورەی لێکراوە، ئەمەیش بۆ کورد و دۆزی کورد هەنگاوێکی گەورە بووە،  لە ڕووی دارایەوە ئیسرائیل لەو ساڵانەدا هاوکاری دارایی زۆری پێشکەشی کورد و شۆڕشی کورد کردوە.

 

لەبەشێكی تری توێژینەوەكە هاتووە  لە ئێستادا لە بەرئەوەی یەکەم: پارتە چەپەکان لە دەسەڵات دا نین، دووەم: ئەمڕۆ ئەو پارتانە خاوەن جەماوەرێکی زۆر نین لە ئیسرائیل، هەر بۆیە هەر پەیوەندیەکی ئەو پارتانە بە کورد و دۆزی کوردەوە لەچوارچێوەیەکی مافی مرۆڤ دایە، ئەویش لە ڕێی پشتیوانی لە دۆزی مرۆیی کورد لەڕێی  ڕاگەیاندنەکان و گردبوونەوە جەماوەریەکان.

چەند خالیكی تری هەلوێستی لایەنەكانی ئیسرائیل لەبارەی پرسی كورد كە لەتوێژینەوەكە تیشكی خراوەتە سەر:

پارتە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل، لەساڵی (١٩٧٧)ەوە هەتاوەکو ئێستا زۆربەی حکومەتەکانی ئیسرائیل لەلایەن پارتە ڕاستڕەوەکانەوە پێکهێنراوە، لە ناو ئەو پارتانەیشدا پشکی گەورە بەر پارتی لێکۆد کەوتووە، پەیوەندی نێوان کورد و ئیسرائیل لەم ماوەیەدا پەیوەندیەکی ڕوون ئاشکرا نەبووە، واتە پەیوەندیەکی شاراوە بووە.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوتری ئیسرائیلی لە پارتی لیکۆد لە ساڵی (٢٠١٧) دا لە سەروبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا ڕایگەیاند کە پشتیوانی ڕیفراندۆم و داخوازیە ڕەواکانی کورد ئەکات، بەڵام ئەمە تەنها قسەی ڕاگەیاندنەکان بوو، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە لایەن کوردەوە دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنا بۆ دان نان بە ڕیفراندۆمەکە.

لەساڵی (٢٠١٩) دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا، جارێکی تر ناتانیاهۆ ڕایگەیاند کە تورکیا تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنجام ئەدات بەرامبەر کوردەکانی (سوریا و تورکیا)، بەڕای هەندێک لە چاودێران ئەو کارانەی کە ئیسرائیل ئەیکات لە ڕاگەیاندنەکانەوە تەنها بەکارهێنانی کارتی(کورد)ە بەرامبەر دەوڵەتانی ناوچەکە.

لە سەردەمی پارتی لیکۆدی ڕاستڕەو لەم ساڵانەی دوایدا لەکەناڵە ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل و جیهانەوە باسی هەندێ ڕێکەوتنی نافەرمی (نێوان  ئیسرائیل کوردستان و تورکیا ) ئەکرێت سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی کوردستان بە ئیسرائیل ، هەروەکو داتاکانی کۆمپانیای (دیلیۆت) یش ئەوە دووپات ئەکەنەوە کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی نەوتی کوردستان بە ئیسرائیل ئەفرشرێت.

لەماوەی دەسەڵاتی پارتە ڕاستڕەوەکاندا هەندێ پەیوەندی خراپی نێوان ئیسرائیل و کورد بەدی ئەکرێت، بۆ نمونە یارمەتیدانی دەزگای هەواڵگری (مۆساد) لە دەستگیرکردنی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (عبدوڵا ئۆجەلان) و تەسلیم کردنەوەی بە دەوڵەتی تورکیا.

دەقی توێژینەوەكە لەم لینكەی خوارەوە بخوێنەوە:

https://drive.google.com/file/d/1–rVSMCQrauAc19fDX7AFOzOXlv1DNGQ/view?fbclid=IwAR1wcLTNszt_lDju-vm2dguXOtoVsEvNUuBY7Gz3EQsCZpGz1M4h5VVBRsM