هیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و سەدر نەماوە حیزبوڵای لوبنان لەو نێوانە خەریکی چیە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 578 جار بینراوە

ستاندەر
پەیوەندیەکانی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەگەڵ ئێران، لەوپەڕی خراپی دایە و هیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوانیان نەماوە، ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیا عێراقییەکان.


سەرەڕای مانەوەی بۆ زیاتر لە 5 ڕۆژ لە بەغدا و دیداری لەگەڵ زۆرێک لە لایەن و سیاسیەکانی عێراق، بەڵام ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس موقتەدا سەدر و هیچ یەکێک لە بەرپرسانی ڕەوتەکەی نەبینیوە.


پچڕانی پەیوەندیەکان، دوای ئەوە هات، ئێران پشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت و ڕێی لەو زۆرینەیە گرت کە موقتەدا سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەت دروستی کردبوو، هەروەها ڕێبەری ئایینی ڕەوتی سەدری ناچار کرد دەستلەکاربکێشێتەوە کە لە قوم نیشتەجێیە، داواشی لەلایەنگرانی کرد شوێنی عەلی خامەنائی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بکەون.


لەو نێوانە حیزبوڵای لوبنان ئێستا خەریکی ئەنجامدانی نێوبژیە لەنێوان ئێران و سەدر، بەو پێیەی حەسەن نەسروڵا، لەگەڵ هەردوو لا پەیوەندیەکی خۆشی هەیە.


نوێنەری حیزبوڵا لە عێراق لەنێوان ئێران وڕەوتی سەدر لەهاتوچۆیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان، تاکو ئێستا هیچ بەرەو پێشچونێک لەدانوستانەکان بەدی نەهاتووە، چاودێران پێیان وایە سەدر دەیەوێت لەدەرفەتێکی گونجاو بەبەهێزی بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و تۆڵە لە نەیارەکانی بکاتەوە.