یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە قیادە موەقەتە دەسپێردرێ

لەلایەن ستاندار Posted on 634 جار بینراوە

محەمەد موحسین

دوای مردنی بەڕێز (مام جلال) کوڕانی تاڵەبانی بەڕێگەی جیاواز کاریان لەسەر ئەوە دەکرد کە ببنە جێگەی متمانەی بەڕێزان ( کاک مسعود و کاک مسرور بارزانی) بۆ تەحقیق کردنی ئەم ئامانجەش دەبووایە عەرەبونەیەک بدەن وە پێیان وابوو باشترین عەرەبون بۆ ماڵباتی بارزان دوورخستنەوەی بەڕێز ( لاهوری شێخ جەنگی) یە چونکە نەیارێکی توندی پارتی بوو بەتایبەتیش ماڵی بارزان بۆیە بەڕێزان( بافل و قوباد) بێ دوودڵی بڕیاری دوورخستنەوەی ( لاهور شێخ جەنگی) یان دا کە پێیان وابوو ئەم کارە دڵی ماڵی بارزان خۆش دەکات و ئەم متمانەیە بەدەست دێت.
لە حساباتی بەڕێزان ( بافل و قوباد) پشتیوانی بەڕێزان ( کاک مسعود بارزانی و کاک مسرور بارزانی) بۆ ئەوان مسۆگەرە لەبەرامبەر ئەو کارەیان، بەڵام بەڕێز ( مسرور بارزانی) زۆر عاقلانە سیاسەتی کرد و نە بوو بە بەشێک لە ململانێکە ئەمە لە کاتێکدا بەرهەم صالح کە جێگەی متمانەی ١٠٠٪ ی بەڕێز ( لاهور شێخ جنگی) بوو کە پێی وابوو فەزلی زۆری بەسەری هەیە چوە پاڵ ( بافل تاڵەبانی) و پشتیوانی لێکرد لە دوورخستنەوەی ئامۆزاکەی.
کوڕانی تاڵەبانی زۆر لاوازن لە ئیدارەدانی ( سیاسی، دپلۆماسی ، کاروباری حکومەت) تەنانەت کاروباری حزبیشیان بۆ ئیدارە نادرێت، بە پێی حساباتی کوڕانی تاڵەبانی بەدوورخستنەوەی ( لاهور شێخ جنگی) و گرێدانی بەرژەوەندییەکانیان بە بەرژەوەندی ماڵی بارزان ئیتر ئەم بۆشاییە پڕدەکەنەوەو ( کاک مسعود بارزانی و مسرور بارزانی) پشتیوانیان دەبن، بەڵام دەرئەنجام پێچەوانەکەی ڕاست دەرچوو کاتێک بەڕێز ( مسرور بارزانی) بۆماوەی ٤٠ دەقیقە بەڕێز (بافل تاڵەبانی) سجن دەکات لە فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی هەولێر ڕێگەی نادات بێتە دەر دواتر بەهەوڵی خێرخوازان ئازاد دەکرێت و ڕێگەی چونە دەرەوەی پێدەدەن. بەڕێزان ( بافل و قوباد) ئەم کارەیان بەگەورەترین ئیهانە بەرامبەر بەخۆیان زانی و وە ئەمەش دوخێکی دروستکردووە کە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سایکۆلۆژیەتیان تەواو تێکبشکێت و متمانەیان بە سەرۆکەکەیان نەمێنێت. بۆیە لەمەودوا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی ناتوانن بەر ئەمری داخوازیەکانی پارتی نەبن چونکە ئەگەر ئەمە بەرامبەر سەرۆکەکەیان بکرێت دەبێت چی بەرامبەر بەوان بکرێت ئەگەر کاغەزی سپی بۆ پارتی دێموکراتی کوردستان واژۆ نەکەن.
لەلایەکی دیکە پەیوەندیەکانی بەڕێزان ( مسرور بارزانی و لاهور شێخ جنگی) بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و پێدەچێت لاپەڕەیەکی نوێیان سەبارەت بە لێک تێنەگەیشتنەکانیان هەڵدابێتەوە کە ئەمەیان بەتەوای ( بافل تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) شۆک کردووە کەپێیان وایە ئەوان هیچ اعتوبارێکیان نیە لای هەردوو بارزانی، کاتێک بافل تاڵەبانی بەزمانی خۆی دەڵێت ١٦ جار سەردانی بەڕێز ( کاک مسعود بارزانی) م کردووە!!!
بۆیە من وای بۆدەچم بەردەوام بوونی ئەم دۆخە وادەکات هەردوو کوڕەکەی تاڵەبانی بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن و یەکێتی بەقیادەیەکی مەوەقەت بسپێرن لەبەرئەوەی لەئێستادا یەکێتی و قیادەکەی لەلووتکەی زەلیل بوون دایە وە پێدەچێت نزیکترین کەس لە کوڕانی تاڵەبانی کە یەکێتی پێبسپێرن بەڕێز ( مەلا بەختیار) بێت چونکە هەم جێگەی متمانەی ئەوانە و هەم دۆستێکی نزیکی کاک ( مسعود بارزانی) یە بە ئومێدی ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکاتەوەو یەکێتی لەم هەموو قەیرانە رزگاربکات.