کارەساتەکانی زمان

لەلایەن ستاندار Posted on 288 جار بینراوە

شەماڵ محمد / وەرگێڕی یاسایی و نوسەر

زمان ئامرازی دەربڕین و پیشاندانی کەلتورە ، شوناسی نەتەوەیە ، یەکێک لە گرنگترین جیاکەرەوەکانی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی ، هەر نەتەوەیەک زمانێکی دەوڵەمەند و بەهێزی نەبێ ئەوا نەتەوەیەکی لاوازە و ناتوانێ کێبڕکێ بکات لەگەڵ نەتەوەکانی تر و لە کاروانی مرۆڤایەتی دادەبڕێ .
چۆن زمان بەهێز دەبێ ؟
زۆر هۆکار هەن دەبن بە هۆی بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی زمانێکی دیاریکراو ، داگیرکاری و باڵادەستی لە کاریگەرترینیانە ، ئینگلیزەکان نەتەوەیەکی بچوک بون بەڵام چونکە چەندین شوێنی گرنگیان لە جیهان داگیرکرد و زمانی خۆیان تیایاندا بلاوکردەوە ، ئێستا زمانی ئینگلیزی زمانی یەکەمە لە جیهان ، هۆکاری تریش هەن وەک گرنگیدان بە زانست ، ئینگلیزەکان هەر لە کۆنەوە زۆر گرنگییان بە زانست داوە ، بۆیە داهێنانەکان زۆربەی بە ئینگلیزی بون و سەرەتاش سەرچاوە زانستییەکان بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکرێنەوە .
ئێمە نامانەوێ زمانی کوردی بەینە بە زمانێك هەمو جیهان قسەی پێ بکات چونکە نە دەتوانین دنیا داگیربکەین و نە لە زانستیش هێندە پێشکەوتوین تا ببین بە سەرچاوەی زانستی جیهانی ، بەڵام خۆ هیچ نەبێ دەتوانین لە ناوخۆ و دەوروبەری خۆمان گرنگیی پێبدەین و لە لەناوچون بیپارێزین ، خۆ دەتوانین زمانی کوردی لەو وڵاتانە بپارێزین کە ژمارەیەکی زۆر کوردیان تێدایە ، چونکە بەڕاستی ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا بڕوا چەند ساڵێکی تر زمانی کوردی لەناودەچێ ، دیارە کە زۆر زمانیش لە مێژودا هەبون و لەناوچون .
هۆکارەکانی لەناوچونی زمان
هۆکار زۆرن بۆ لەناوچونی زمان ، لەوانە هۆکاری سیاسی ، کاتێک داگیرکار یا زۆرینە زمانێکی دیاریکراو دەسەپێنێ بەسەر وڵاتێکی داگیرکراو کەمینەیەک لەنێو هەمان وڵات ، سەرەنجام زمانی کەمینە لاواز دەبێت و ئەگەر خەمخۆری نەبێت ئەوا لەناودەچێ . هۆکاری ئابوریش کاردەکاتە سەر زمان ، بۆ نمونە ئەو ئاوارانەی کە وڵاتانی خۆیان بەجێدەهێڵن و ڕودەکەنە وڵاتێکی باشتر بۆ ژیان ، دەبێ زمانی ئەو وڵاتە فێرببن ، منداڵ و نەوەکانیان زمانی باوانیان بەچاکی فێرنابن و بە تێپەڕینی چەند نەوەیەک زمان لەناودەچێ . هۆکاری تریش هەن وەک هۆکاری کەلتوری ، یا کارەساتی سروشتی ، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠٠٤ بومەلەرزە و زریانی بەهێز ٢٣٠ هەزار کەسی کوشت کە هیند ، دیارە کە لە هیند زیاتر لە ١٠٠٠ زمانی ناوچەیی هەیە بەڵام هەمویان بە یەک زمانی یەکگترو قسە دەکەن کە هیندییە .
کورد و زمان
زمانی کوردی لە دۆخێکی زۆر خراپدایە ، ئەگەر سەرنجی میدیاکان بدەین ئەو ڕاستییە تاڵەمان بۆ ڕون دەبێتەوە ، جگەلەوەی چەند شێوەزارێکی جیا لە میدیاکان بەدی دەکرێن ، هەڵەی زمانەوانی و ڕێنوسیی زۆر ناشرین بەدی دەکرێن بەداخەوە .
یەکێک لە کێشەکان بەکارهێنانی وشەی بیانییە ، دیارە کە میدیاکاران زۆربەیان شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە زمان نییە و وشەی کوردیی ڕەسەن نازانن ، خۆشیان ماندوناکەن تۆزێک بگەڕێن یا بپرسن ، بۆیە هەر زو پەنادەبەنەبەر بەکارهێنانی وشەی بیانی ، یا جاری وا هەیە بەداخەوە بۆ شانازیکردن بەکاری دێنن ، گوایە ئەگەر وشەی نامۆ و سەیر بەکاربێنی خەڵکی بە ڕۆشنبیرت دەزانن ! کە تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە .
خۆی نەبونی زمانێکی ستاندارد بۆ نوسین و خوێندن و نوسراوە فەرمییەکان بەڵگەیە لەسەر لاوازیی کەلتور و زمان ، سەرباری ئەو هەمو هەڵە زمانەوانی و ڕێنوسییانەی کە بەدی دەکرێن !
هەندێک لە هەڵەکان پەیوەستن بە وەرگێڕان ،دیارە کارمەندان و داڕێژەرانی هەواڵ لە میدیاکان شارەزای زمانی کوردی نین بۆیە زۆرجار وشەی بیانی بەکاردێنن ، بەلام لەویشدا هەر شارەزانین بۆ نمونە وشەی (بوجە) لە زمانی ئینگلیزی (Budjet)ە ، لە ئینگلیزی پیتی (d) ناخوێنرێتەوە ، بەڵام لای خۆمان هەمو میدیاکان بە (بودجە) دەینوسن ، کە بەڕاستی کارەساتە …
یا جاری وا هەیە دەستەواژە وەردەگێڕن لە وەرگێڕانێکی هەڵە ، وەک (لا وجود لە ) ، دەیکەن بە (بونی نییە) ، لەکاتێکدا (بونی نییە) هەڵەیە ، یاخود وشەی (فی الوقت الحالی ) دکرێت بە (لە ئێستادا) کە ئەویش دیسان هەڵەیە …
کێشەیەکی تر هەیە لە بەکارهێنانی (وو) من خۆم بەکاری ناهێنم ،زۆر جار بە هەڵە بەکاردێت وەک لە وشەی (وردبینی) ، وشەی وردبینی (وو)ی پێویست نییە ، هەرچەندە من لە هیچ وشەیەک بە پێویستی نازانم.
یا لەکاتی کۆکردنەوەی وشەکان زۆبەی کات یان پیتی (ی) کەم دەنوسن یا زیادی دەنوسن ، وەک (یاری) دەبێتە (یارییەکان) ، (یاریەکان) هەڵەیە .
کارەساتەکانی بواری زمان زۆرن و بە نوسینێک و دوان باس ناکرێن ، چارەسەریشیان سەخت نییە ئەگەر خەمخۆران لە خەمی زمان و کەلتوری نەتەوەکەی خۆیان بن .