ستاندەر چەند نهێنیەک لەبارەی کۆنگرەی بەغدا لە ئوردن لەبارەی عێراق و کاریگەری لەسەر کوردستان ئاشکرا دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 817 جار بینراوە

شیکاری ستاندەر
کۆنگرەی دووەمی بەغدا لە ئوردن لەبارەی عێراق ئەمجارە لەکاتێک بەڕێوەچوو کە ململانێی ئەمریکا و ئێران و ناکۆکیەکانیان لەسەر خاکی عێراق لە گرژیەکی درێژ خایەنە، هەردووکیشیان پەیوەندی باشیان لەگەڵ عێراق هەیە، لەکاتێکدا ململانێی وڵاتانی کەنداویش لەگەڵ ئێران بەشێکی لەسەر خاکی عێراق یەکلادەبێتەوە، ئەم کۆنگرەیە لەدۆخێکی لەم شێوەیە بۆ عێراق گرنگ بوو.

لە ئەنجامی ئەو کۆنگرەیە كە 12 وڵات تیایدا بەشدار بووین، عێراق و ئوردن میوانداریان کرد، فەرەنساش چاودێری کرد، هەریەک لە میسر و ئێران و سعودیە و تورکیا، قەتەر، عومان، کوێت، ئیمارات، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکانیش بەشدار بوون، عێراق لەو پەراوێزخستنە تاڕادەیەک دەرچوو، هەموو وڵاتانی بەشدار پشتگیری عێراق و سەروەری خاکەکەی و دەستوەرنەدان لەکارەکانیان کرد.
بیرۆکەی کۆنگرەکە سەرەتا لەلایەن مستەفا کازمی و بەرهەم ساڵح خرایە ڕوو، بەبڕوای چاودێرانیش ئەنجامی ئەمجارە زۆر سەرکەوتوو دەبێت بۆ عێراق.

کۆنگرەکە هاوکار بوو بۆ دیاریکردنی ناسنامەیەکی ڕوونتر بۆ عێراق، کە پێشتر لەنێوان ئەوەی ئێرانییە یان عەرەبییە گیری خواردبوو، لەو کۆنگرە دەرکەوت عێراق پەیوەندی لەگەڵ ئێران باشە، لەهەمان کاتدا ئینیتمای بۆ جامیعەی وڵاتانی عەرەبیش لە ئاستێکی باش دایە، دەتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت، پێدەچێت لەمەو دوواش بەم ئاراستەیە بڕوات کە لەم کۆنگرەیە لە پەیوەندیەکانی بەرجەستە بوو.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش جۆرێک لە سیستەمێکی نوێتر هاتە کایەوە کە ڕێکەوتنێکی ئیقلییمیە، بەڵام ئەمجارە لەسەر حیسابی کورد نەبوو، پێشوو زۆرینەی ئەم جۆرە لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتنانە لەسەر حیسابی داپڵۆسینی کورد، بەڵام ئەمجارە بوونی کورد لەکۆنگرەکە هۆکار بوو بۆ ئەوەی مافی کورد پارێزراو بێت، هەرچەندە ڕاستەوخۆ هەرێمی کوردستانیش بەشدار نەبوو، بەشدار نەبوونی هەرێمی کوردستانیش پیشانی دەدات پێگەی هەرێم لە پاشەکشەیە، پێشتر کە باسی عێراق دەکرا باسی دوو مەرکەز دەکرا کە بەغدا و هەولێر بوون، بەڵام لەو کۆنگرە تەنها باسی بەغدا کرا، بەردەوامی دەسەڵاتداریش هەرێم بەو شێوەیە، وادەکات بەردەوام پێگەکەی لاواز تربێت، بۆیەش دەبینین هەرێم ئەوەندە لای گرنگ بوو بەشداری مۆندیالی قەتەر بکات، پەوەندە بەلاوەیە گرنگ نەبوو بەشدار بێت لە کۆنگرەکەی عەممان.

ئەوەی دەبێت لەمەولا لایەنەکانی کوردستان دانی پێدابنێن ئەوەیە کە ئیتر بەغدا مەرجەعی هەرێمی کوردستانە، نابێت چیتر چاو لە تاران و ئەنقەرە بێت، ئیرادەی نێودەوڵەتی پشتیوانی بەغدایەکی بەهێزن، هەرێمی کوردستانیش ئەگەر پێگەی خۆی لەبەغدا ڕابگرێت لەو دیزاینە نوێیە زەرەر ناکات، چونکە لە پێکهاتەی عێراق سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە و چەند پۆستی تر لای کوردە.
ئەوەی تایبەتە بە تورکیا ئەوەیە ئەمجارە سەرکەوتوو نەبو پرسی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و دژایەتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد بخاتە ناو ئەجێندای کۆنگرەکە، بۆیە هەموو تەرکیزەکە لەسەر ڕێگری بوو لە دەستدرێژیە سەربازییەکان کە بەپلەی یەکەم تورکیا و دواتریش ئێران دەگرێتەوە، هەروەها کەمکردنەوەی هەژموونی ئێرانی بەسەر عێراق.
ستاندەر پێی وایە گرنگە لەهەرێمی کوردستان زیاتر دیراسەی ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە بکات، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات.