كورد لە رۆژاڤا بەمەترسیەوە پێ دەنێتە ساڵی تازە دیاریەكەی پووتین بۆ ئەردۆغان چی بەئەزمونی خۆ بەڕێوەبەری كورد دەبێت

لەلایەن ستاندار Posted on 854 جار بینراوە

ستاندەر

بەشی ئینگلیزی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكدا لە ژێرناونیشانی ( ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی سوریا و توركیا،دیاری پویتن بۆ ئەردۆغانە) پوتین پلانی داناوە پێش بەهاری ئەمساڵ دیداری نێوان ئەسەد و ئەردۆغان رێكبخات، ئەمەش وەك هاوكاریەك بۆ ئەردۆغان، بۆ ئەوەی بەكاری بهێنیت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمساڵ.

راپۆرتەكە دەڵێت بایكۆتی پەیوەندی  نێوان سوریا و توركیا لە 2011ەوە، بە دیدارێكی نێوان هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای میتی توركیا و عەلی مەملوك سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سوریا لە ساڵی 2020 كۆتایی هاتووە، لەو دیدارەی تیایدا هاكان فیدان داوای هاوكاری لەسوریا كرد بۆ لەناوبردنی “یەپەگە”، مەملوكیش داوای كشانەوەی توركیای كرد لەخاكی سورییا كە 20 هەزار كیلۆمەتری لێداگیركردووە، كە یەكسانە بە دووجار ڕووبەری لوبنان.

ئەگەرچی ئەوكات پوتین سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی دیدارەكە بەڵام بێ ئەنجام كۆتایی هات.

ئەردۆغان ئێستا بەهۆی نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكان تووشی دڵەڕاوكێ بوە، پرسی هەبوونی 3 ملیۆن 500 هەزار پەنابەری سورییش لە توركیا، یەكێكە لەو پرسانەی ئۆپۆزسیۆن دژی بەكاری دەهێنن، بۆیە بە سوود وەرگرتن لە پەیوەندیە باشەكەی لەگەڵ سەرۆكی رووسیا بەهۆی شەڕی ئۆكرانیا، دەیەوێت پوتین كارێك بكات بۆ ئەنجامدانی رێكەوتنی نێوان سوریا و توركیا بۆ گێڕانەوەی پەنابەرەكانی سوریا و دروستكردنی ناوچەی “ئارام” لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری كورد، بەو مانایەی كۆتایی بە بونی ئیدارەی خۆسەر و هێزەكانی سوریای دیموكرات بە پێشەنگایەتی كورد بهێندرێت.

پوتین ئێستا ئامادەكاری دەكات بۆ رێكخستنی دیداری ئەسەد و ئەردۆغان ئەم دیدارەی تا ئێستا ئەسەد رەتی دەكاتەوە، لەمانگی 7ی ئەمساڵ جارێكی تر هاكان فیدان و عەلی مەملوك یەكیان بینیوەتەوە، فیدان داوای هاوكاری لەناوبردنی یەپەگە و پەكەكەی لە سوریا كردووە، داواشی كردوە بە قوڵایی 23 مەتر ناوچەی ئارام بۆ گێرانەوەی پەنابەرە سورییەكان دروستبكرێت، بەڵام جارێكی تر سوریا پێداگری لە دەرچونی سوپای توركیا كردۆتەوە.

پوتین لەنوێترین دەستپێشخەریدا، داوای كردووە زنجیرەیەك دیدار لەنێوان سوریا و توركیا بە بەشداری توركیا ئەنجامبدریت، كە دەزگا ئەمنیەكان و وەزیرانی دەرەوە، لەكۆتاییشدا كۆبونەوەی هەردوو سەرۆك كۆمار ئەنجامبدرێت.

رووسیا دەیەوێت رێكەوتنی ئەدەنەی ساڵی 1998 دژی پەكەكە زیندبوو بكاتەوە،  كە رێگا دەدات سوپای توركیا 5 كیلۆ مەتر بچێتە ناو خاكی سووریا، لە رێكەوتنی سوشی ساڵی 2019 لەنێوان توركیا و رووسیا بڕیاردرا هێزەكانی یەپەگە 30 كیلۆ مەتر لە سنورەكانی توركیا دووربخرێنەوە.

شیكاری ستاندەر بۆ رووداوەكان:

ئەم هەنگاوانەی سوریا و توركیا و رووسیا بۆتە مەترسی لەسەر ئەزمونی خۆبەرێوەبەری رۆژاڤا لە ساڵی 2023، هاوشێوەی ئەوەی لە رێكەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1975 دژ بە كوردستانی باشوور لە نێوان ئێران و عێراق كرا، بەڵام بونی ئەمریكا تا رادەیەك مەترسیەكان لەسەر رۆژاڤا كەم دەكاتەوە، بەو پێیەی تا ئێستا ئەمریكا هێزەكانی هەسەدە بەهاوبەشێكی ستراتیژی خۆی دەزانێت لە سوریا، ئەمریكا دەشزانێت ئەم هەنگاوەی رووسیا هەوڵێكە بۆ تۆڵەكردنەوە لێی بەهۆی شەڕی ئۆكرانیا، دەیەوێت هەژمونی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست كەم بكاتەوە.

ئەوەشی ماوەتەوە قسەی فەرمی ئەمریكایە لەسەر ئەم بەرەو پێشچونانەی سوریا و ئەگەری رێكەوتنی توركیا وسوریا بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی كورد لە رۆژاڤا و هێزەكانی ئەمریكا.