ئایا کورد دەبنە قوربانی ئاشتبوونەوەی ڕژێمی سوریاو تورکیا؟؟؟

لەلایەن ستاندار Posted on 733 جار بینراوە

وەلید محەمەد
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢،وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریاو بەرپرسانی دەزگا سیخۆرییەکانیان بە نێوەندگیریی رووسیا لە مۆسکۆی پایتەخت لەدوای 11 ساڵ کۆبوونەوەو هەردوولاش کۆبوونەوەکە بە ئەرێنی و بونیاتنەرانە ناو دەبەن.
لە دوای ڕاپەرینی گەلانی و سووریا دژی ڕژێمی دکتاتوری ئەسەد، هەر زوو ناکۆکیی کەوتە نێوان تورکیاو ڕژێمی ئەسەدو پەیوەندییەکانیان بەتەواوی پچران.
دوای ماوەیەک تورکیا سپۆنسەری دروست کردنی چەند گڕۆپێکی کرد وەک “بەرەی نوسڕەو هێزەکانی سوریای ئازاد ……”. ئەم گڕۆپانە لەلایەن تورکیاوە ڕاهێنانیان پێکراو چەکیان بۆ دابینکرا، ئەم گڕۆپانە بەهاوکاری تورکیا چەند ناوچەیەکیان لەسوریاو ڕۆژئاوای کوردستانیان داگیرکرد و تا ئێستاش لەژێر کۆنتڕوڵی ئەو گڕۆپانەدایە وەک ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی و عەفرین لە کوردستانی ڕۆژئاواو ئیدلب لە سوریا…
هەر چەندە ڕژێمی دکتاتوری ئەسەد هەوڵی دا ڕووبەرووی هێزەکانی تورکیاو گڕۆپەکانی لایەنگری ئەو ووڵاتە ببێتەوە،بەڵام شکستی هێناو نەیتوانی سەرکەوتووبێت.

بۆچی ڕوسیا دەیەوێت ڕژێمی سوریاو تورکیا ئاشت ببنەوە؟؟؟

بێگومان لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی ووڵاتانی نیشتمانی عەرەبی، لەسوریا و ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەو شۆڕشانە بەرپاکران و گەلی تینووی ئازادی و دیمۆکراسی ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانیان کرد و ڕووبەرووی ڕژێمی دکتاتوری سوریا بوونەوەو هەر زوو توانیان چەندین ناوچەی گرنگ لە سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕژێمی دکتاتوری ئەسەد پاکبکەنەوەو خۆری ڕژێمی ئەسەد لێی ئاوا بکەن وەک ناوچەکانی حەلەب و ئیدلب لە سوریاو دێرک و حەسەکەو قامیشلو و ڕمێلان و …. لە کوردستانی ڕۆژئاوا.
ئەوەی جێی نیگەرانی بوو کە کەس بیری لێنەدەکردەوە، هاوکاریی و پاڵپشتی ڕوسیا بوو لە ڕژێمی ئەسەد بەئەندازەیەک تا لەکەوتن ڕزگاریی بوو. ئەگەر هاوکاریی و پاڵپشتی دەوڵەتی ڕوسیا نەبووایە ڕژێمی ئەسەد لە ماوەیەکی کەمدا دەکەوت و دەسەڵاتی لەدەست دەداو سەرکردەکانی ئەو ڕژێمەش وەک ڕژێمەکانی سەددام و قەزافی …. ڕووبەرووی دادگای گەل دەبوونەوە. ڕوسیا نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە هاوکاریی ڕژێمی دکتاتوری سوریای کرد، بەڵکو لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، لەبەرژوەندی ڕژێمی ئەسەد دەنگی دەداو ڤیتۆی بەکار ئەهێنا. ڕوسیا تا ئێستاش بەردەوامە لە هاوکاریی و پاڵپشتی کردنی ڕژێمی ئەسەد و بە هەموو تواناکانیانەوە هەوڵ دەدات جارێکی تر دەسەڵاتەکەی بگەڕێتەوە هەموو ناوچەکانی سوریاو کوردستانی ڕۆژئاوا.

بۆچی تورکیا لەگەڵ ڕژێمی سوریا ئاشت بوویەوە؟؟؟

دوای ئەوەی گەلی تێکۆشەری کوردستان ڕووبەرووی گڕۆپە تیرۆرستیەکانی وەک داعش …. بووەو توانیان بەماوەیەکی کەم لەسەر زەوی تێکیان بشکێنن و لەناویان ببەن و ببنە کاریگەرترین هێز لەسەر ئاستی هەموو جیهان کە تیرۆرستان تێک بشکێنن، ئەمەش داگیرکارانی کوردستانی نیگەران و تۆڕەکردو لە دەرچەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی تۆڵە لە گەلی قارەمانی کوردستان بکەنەوە، بەڵام هەمیشە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی و یەکگرتوویی تەبایی … گەلی کوردستان پیلان و خەونەکانی داگیرکاران و ناحەزانی لەگۆڕ ناون.
هەموومان دەزانین کە هەمیشە داگیرکارانی کوردستان ناتەباو ناکۆکن تەنها لەسەر دژایەتی کردنی گەلی کوردستان نەبێت.
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم ڕاستیە بزانێت ، کە ئەگەر قوربانی و تێکۆشانی گەلی قارەمانی کوردستان نەبووایە، ئێستا تیرۆرستان نیوەی جیهانیان داگیردەکرد. بەخوێنی هەزاران شەهید ئاشتی و ئارامیی بۆ هەموو جیهان گەڕایەوە، بۆیە پێویستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پشت لە گەلی تێکۆشەری کوردستان نەکەن و بەردەوامبن لە پشتگیری کردنیان و پڕچەکیان بکەن و ڕاهێنانیان پێ بکەن.