وزە وەکو نەگبەتیەکی بەردەوام

لەلایەن ستاندار Posted on 514 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

لە پرسی وزەدا هەرێمی کوردستان، مامەڵەیەکی هێندە ئاڵۆزی کردووە، نەگبەتیەکە هەر ئەوە نییە خەڵکی لەسەرمای زستانە تووشی دۆخێک دێن، ئەبێت خێرخواز ماڵەکانیان بۆ گەرم بکەنەوە، و زۆرینەی خەڵکیش لەدابینکردنی سوتەمەنی دەستەوەستان دەمێنەوە، بەڵکو نەگبەتی گەورەتر خراپ بەکارهێنانی کارتی وزەیە.
لە چەند کەسێکی کەمی ناو هەڕەمی سیاسی پارتی و یەکێتی بترازێت کەسی تر، نەک هەر ئاگای لە پرۆسەی، گەڕان، دەرهێنان، پاڵاوتن و کڕین و فرۆشتنی سەچاوەکانی وزە، بەتایبەت نەوت نییە، بەڵکو کەسیش نازانێت چۆن ئێرانیەکان بەفرۆشتنی نەوت بەتانکەر رازین؟ چۆن تورکیا دەستی ئاڵاوتە کۆی پرۆسەکانی نەوت و گاز لە گەڕانەوە تا فرۆشتن و گەڕاندنەوەی پارەکە؟ بە چ میکانزمێک نەوتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەفرۆشرێتە کۆمپانیایەکی سەرۆکی حکومەت ئەویش راستەوخۆ بە تورکەکانی دەفرۆشێت؟!
لەهەمووشی سەیرتر لەلایەک حکومەتی هەرێم نەوت بۆ بەغدا دەپاڵوێت، لە لایەکیش داوای پارەی نەوتی کەرکوک و بەسرە دەکات!

ئەو هاوبەشیە زۆرەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا، رووسیا، فەڕەنسا، نەرویج و چەندان وڵاتی تری ئەوروپی لە نەوتی هەرێمی کوردستان هەیانە، کەمترینی خراوەتە خزمەتی ئامانجی بەهێزی هەرێمی کوردستان، وەکو قەوارە، تەنانەت وەکو مەترسی دانەڕمانی.
ئیماڕاتییەکانیش‌ کە سەرچاوە سەرەکیەکانی غازی هەرێمەکەی ئێمەیان لەژێر دەستە لەجیاتی پاڵپشتی ئەزموون و قەوارەکەمان، ساڵانە دەرگای دادگاکانی بەریتانیامان لێ دەگرن و زیاتر و زیاتر هەرێم دەخەنە ژێر قەرزی قەبەوە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارانەو دەیان هۆکاری تری تایبەت بە پرسی وزەیە کە گرەوی پاراستنی قەوارەی هەرێم دەخرێتە سەر پرسی وزەو لەکۆی پەیوەندی و ئەو دبلۆماسیەتەی هەرێم لەگەڵ وڵاتان دەیگرێتە بەر وزە بابەتە سەرەکیەکەیە، ئینجا ئەمنیەت و پرسە ئابوریەکانی تر.

دز پێکردنی ئەو زانیاریانەی ئەم هەفتەیە لەشاندەکەی ئەمریکادا بۆ هەرێمی کوردستان روویدا، کاتێک بارزانی لە مەکگۆرک و ئامۆس هۆکستین بەرپرسی وزەی کۆشکی سپی دەپرسێت، ئەگەر سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستانتان ڕادەست بکرێت چۆن دەمانپارێزن؟! نیشانەی ئەوپەڕی نەگبەتی هەرێمی کوردستانە بەدەست وزەیەکی زۆری دەوڵەمەند و ئیدارەیەکی خراپەوە. لەکاتێکدا کورد لەم بەشە پارێزبەندیەکی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام خراپ ئیدارەدان لەهەمووشتێک، بێ سەروبەری لە سێکتەرەکان، بێ متمانەیی بۆ ئەو سەرکردانەی کورد بەخۆیان بۆ دروست بووە، کە وای وێنا دەکەن، بێ پشتیوانی ئەوانی تر، لە ئەرزی واقعیدا بەرگەی هیچ ناگرن.