مەهدی كاوانی
دەكرێ بشڵێم ھەندێ لە تێبینیەكان لەم خاڵانەی لای خوارەوە ، بەدی بكەم :
١- دوێنێ ، دوێنێ بوو و ئیمڕۆش ئیمڕۆیەیە . واتە ئەمەریكیەكان حیساب بۆ كاتە جیاوازەكان دەكەن و بۆ ھەر كاتێك ، ئەجندای تایبەت بە خۆیان ھەیە .
٢- لە ئان و ساتی ڕیفراندۆم ، ئەمەریكیەكان جۆرە قسەیەكیان ھەبوو و ئێستاكە بە جۆرێكی تر دەدوێن .
٣- لە ئان و ساتی ڕیفراندۆم حەزیان بە عیراقێكی یەكگرتوو ھەبوو و كوردیش دەناویدا بە جوانی ھەبوونی خۆی تیایا بەدەر بخا .
٤- ئێستاكە ئەو یەكیەتی و یەكبوونەیان زیاتر بۆ حیزبە سیاسیەكانی كوردستان دەوێ بە تایبەتی بۆ نێوانی پارتی و یەكیەتی .
٥- لەوەش زیاتر خوازیاری ئەوەن ئەو یەكیەتی و یەكبوونە كوردیە ، پارچەكانی تری كوردستانیش بەخۆوە بگرێ .
٦- ئەوان كە دەڵێن پێویستە ھەرچی زووە ھەڵبژاردنێكی خاوێن بكرێ و دادگاكان چالاك بكرێن و لەبن دەستی حیزب دەربھێنرێن و پەڕلەمانی ھەڵبژێردراو خاوەن ڕای تایبەت بە خۆیەوە بێت و مافی مرۆڤ پارێزراو بێت و ڕێوشوێنی بنەما دیموكراتیەكان بگرنە بەڕ : زیاتر مەبەستیان:
٧- ھەرێمی كوردستان خاوەن ھەرێمێكی بەھێز بێت دەناو تەشكیلەی عیراقداو ئەو كاتە لە لایەن بەغداو دەورو بەرو جیھانیش حیسابی زیاتریان بۆ دەكرێ .
٨- بە بۆچوونی خۆم ھەتا لە سیاقی بەدواداچوونەوە بە گرێبەستە كۆنەكان و وەبەرھەمھێنانی زیاتری كوردی لە بواری نەوت و گاز بە تایبەتی كێلگەكانی گازی چەمچەماڵ ئەگەر بەڕێكارەكانی حكومەتی ناوەندیش بێت كە دەكاتە بە تەفاھومی پێكەوەیی و پێیەوە :
٩- كورد ھەنگاوی باش بە خۆوە دەبینێ لە بوژانەوەی ئابووری و پێیەوە سەنگایی قورستریشی دەبێت لە ڕووی سیاسی .
١٠- ئەمەریكا ، ئەوروپاو ئیدیشی بخە سەر ، زیاتر مامەلە لە گەڵ بەرجەستە زیندووەكان دەكەن . وەك : ١١- تا ساڵەكانی ٢٠١٥ ش ، حیسابیان بۆ سەنگایی كوردی دەكرد . بۆ نمونە : ١٢- كە دەھاتنە بەغدا بۆ ھەرێمیش دەھاتن و ڕای دەسەڵاتی سیاسی ئەوانیشیان لە ناو جموجۆلەكانیان لە عیراق وەرد دەگرت .
١٣- لەو بەرواریەوە تا ئستاكەشی لەگەڵدابێ زیاتر حیساب بۆ بەغدا دەكەن . بەغداش بە دەوری خۆی حیسابی جاران بۆ ھەرێم ناكات .
١٤- چۆنی لێك دەیتەوە ، دەكاتە پاشەكشەی ھەرێم ھەم لە ڕووی دەسەڵاتی سیاسیان ھەم لە ڕووی پاشەكشەی ھەرێم ، دەربارەی دەیان مەلەفەوە كە پەیوەندی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەسەڵاتی كوردیەوە ھەیە . ئەمەریكیەكان و ئەوروپاو و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ، دەیانەوێ چەنسێكی تر بە بەر دەسەڵاتی ھەرێمەوە بكەن تا بتوانن لە سەر پێ بوەستن و گرنگیە ناوچەیی و ئەقلیمی و جیھانی بۆیان بگێڕدرێتەوە .
١٥- ئەوان باش لەوە گەیون ئەگەر ھەرێم گۆڕانكاری لە بونیەی دەسەڵاتی خۆی نەكا بە دیوی باش بوون ، ئەوا ئەوانیش ناتوانن ، لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی كوردی ، پێشڤەچوون بكەن .
١٦- كە بزوتنەوەی گۆڕان توانیبووی لە سەر پێی خۆی بوەستێ و دوو خولی یەك لەدوای یەكتر توانی ٢٥ كورسی و ٢٤ كورسی بە دەست بێنێ و پێیەوە ئەمەریكاو ئەوروپا بە چاوێكی زۆر پۆزەتیف دە دەسەڵاتی ھەرێمیان دەڕوانی و دەیان گۆت مادامەكینێ ئۆپۆزسیۆنەكی كارا ھەیەو پێیەوە ئومێدی ئەوەی لێ دەكرێ كەدەسەڵاتی ھەرێم بەرەو باشبوون بڕوا .
١٧- بۆ ئەو كاتی ، ئەوان ھەر سەردانێكیان بەدیوی پارتی و یەكیەتی كردبایە ، سەردانی گردی بزوتنەوەی گۆڕانیشیان دەكردو حیسابیان بۆ قەسەكانیان دا دەنا .
١٨- ئێستاكە كە بزوتنەوەی گۆڕان ئەو سەنگە سیاسیەی جارانیان نەماوە ، نەك ھەرلایەنی ئەمەریكی و ئەوروپی و ڕێكخراوی نەتەوە یەك گرتووەكان ھیچ ئاوڕێك لە بزوتنەوەی گۆڕان نادەنەوە، بەلكو لایەنی ئەقلیمی و دەسەلاتی ناوەندیش ئەو گرنگیەی جارانیان كە بە بزوتنەوەی گۆڕان دەدا ، ئێستاكە بۆ ئەوانش سفر بۆتەوە.
١٩- نەوەی نوێ بە كورسی ھێنانەكانیشیان ھەم لە پەڕلەمانی كوردی ھەم لە پەڕلەمانی عیراقی و پێیەوە ، نەبوونەتە حزبێك كە ھەم لە ناو جیھانی دەرەوەو ئەقلیم ھەم لە سەر ئاستی ھەرێم و ناوەند ، ھێزێك كە حیسابیان بۆ بكرێ وەك ئەو كاتانەی كە گۆڕان ھەبوو ، حیسابی بۆ دەكرا .
٢٠- مەسەلەكەش زیاتر لە بەر ئەوەیە كە ئەو حیزبە بە حیزبێكی بزنسمان حیسابی بۆ دەكرێ و ڕەگ و ڕیشەی قوڵی جەماوەری و میژوویی نیە .
٢١- تەیاڕی دینش و بە گویرەی ئاماژەكانی سەرەوە ، بە سەنگێكی قورس تێیان ناڕوانن با كورسی پەڕلەمانیشیان ھەبێت .
٢٢- بە بڕوای خۆم بزوتنەوەی گۆڕان بەو حالەتەی ئێستاكەشی ، ئینجا لە ناو خۆو دەرەوە قورسایی زیاتری پێ دەدرێ بەرامبەر بە نەوەی نوێ و تەیاری دینیشەوە .
٢٣- مەسەلەكەش زیاتر لە بەر ئەوەوەیە كە بزوتنەوەی گۆڕان ھەم ڕەگوڕیشەی مێژوویی ھەیەو ھەم ببوەخاوەن ھێزێكی جەماوەری و ئەو جەماوەری كە ھەشی بوو زۆر بە كەمی ئەگەر چی و ئێستاكە لە بزوتنەوەی گۆڕانیش دابڕاون بەڵام مەیلی خۆیان بە ھیچ حزبێكی تر نەگۆڕیوە .
٢٤- بە بڕوای خۆم پاشەكشەی گۆڕان بەشە ھەرە زۆرەكەی لە ھەڵەی سیاسی و خۆ دیتنەوەیان دەناو دەسەڵاتێكی گەندەڵ و پەرتەوازە بوونیانە .
٢٥- ئەو بارە ھەرە ناڕێكەی كە دەناو دەسەڵاتی كوردی دایە مەگەر بە دروست بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی لە بابەت بزوتنەوەی گۆڕانی پێشتر ، بتوانێ ڕاستی كاتەوە .
٢٦- حالی حازر ئەو ڕاست بوونەوەیە دەناو ھیچ بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن نابینرێ . دەتوانم بڵێم لەوەتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕێڕاستی خۆی ون كردووە ، ئەوانیش بە یەتیمی ماونەتەوە .
٢٧- بۆیە ئەوەی كە لەپێشچاوان بێت بۆ ھەستانەوەی ئۆپۆزسیۆن كە پێشیەوە دەسەڵات ناچار دەكات ڕووە خراپەكانی خۆی باشتر بكات ، دۆزینەوەی كەسێكی كارا بێت لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر لە خوار ڕەوانشاد نەوشێروانیش بێت ، ھەر دەبی . ئەو كەسەش كاری ھەرەلەپێشینەی دەرھاتن لە ناو بەرەی حكومەتی گەندەڵ و كۆكردنەوەی پەرتەوازەكان و بشبنە خاوەن ڕاگەیاندنێك كە جەماوەری ناڕازی دڵی پێ خۆش بێت . مەھدی كاوانی