قسەیەک بۆ یادی ئەنفال

لەلایەن ستاندار Posted on 686 جار بینراوە

هیوا حەسەن
لەدوێنەوە ئەگەر تەماشایەکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەین لەیادی ئەنفالدا هەریەکەو بەشێوازێک خەم و ئازارەکانی بۆ ئەم کارەساتە گەورەیە دەرئەخات، ئەگەر تەماشای زۆربەی پۆستەکانیش بکەی زیاتر گلەیی و گازندەیە لەدەسەڵاتی کوردی کە نەیانتوانیوە لەماوەی 32 ساڵی حوکمڕانی کوردیدا ئاوڕێکی جددی لەپاشماوەکانی ئەنفال بداتەوە، هەتا ئێرە راستەو خەڵک مافی خۆیەتی سەرزەنشتی دەسەڵاتەکەی خۆی بکات کە بەخوێنی رۆڵەکانی ئەم میللەتە بە بەرهەم هاتووە، بەڵام ئەوەی نەشازو ناڕەوایە لەپاڵ خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان هەندێ لە کادری حزبەکانی دەسەڵات گلەیی لەم دەسەڵاتە ئەکەن کە بەپێی پێویست ئاوڕیان لەپاشماوەکانی ئەنفال نەداوەتەوە ، یان گلەیی ئەوە ئەکەن کە ئەو موستەشارانەی دەستیان هەبووە لە ئەنفالدا ئێستا بەرپرسن و خاوەن دیوەخان و پاسەوان و ئیمتیازی جۆراوجۆرن. منیش ئەڵێم کاکی کادر ئەوە حزبەکەی تۆیە گوێ بەهاوارو ناڵەی پاشماوەی ئەنفالکراوەکان نادات و موستەشارەکانی کردۆتە ئاغاو کوێخای ئەم ووڵاتە، ئاخر تۆ لەیادی ئەنفالدا باسی نادادی ئەم دەسەڵاتە ئەکەی ،ئەوە هەرتۆی لەرۆژی دەنگداندا ماڵ بە ماڵ سواڵی دەنگ بۆ ئەو حزبە ئەکەیت کە بکوژی کەس و کارەکەتی لەسەروی تۆدا داناوە، تکایە بەسیەتی ووڵات لەسایەی دوو روویی و بێ هەڵوێستی ئێوەیە کە بەم حاڵەی ئێستای گەیشتووە، بەسە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئێوەش هەڵوێست وەرگرن و دژی ستەم و زۆرداری بووەستنەوە ، بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە ئەم نیشتمانە بەرەو کەناری ئارام ببەین و روحی ئەنفال کراوەکان و شەهیدانی ئەم نیشتمانە ئاسودە بکەین، هەم ئێوەو هەم خەڵکی کوردستانیش بە ژیانێکی شایستەوشەرەفمەندانە بژین.