دەسپێشخەریەکەی بارزانی

لەلایەن ستاندار Posted on 1052 جار بینراوە

مەلا فەرمان

گوێچکەی تاکی کورد دەیان ساڵە پڕبوە لە چەمکەکانی وەک دەسپێشخەری، یەکڕێزی، تەبایی، پیرۆزبایی، لێبوردەیی و کردنەوەی لاپەڕەی تازە ، بۆنە و جەژنەکانیش پڕن لە قسەی زل و بریقەدار و گەردن ئازایی، یادەکانی ئەنفال ، هەڵبجە، بارزانیەکان، قەڵادزە ، پڕن لە بەڵێنی پوک و رشتنی فرمسکی نەهەنگی. لە لایەکی ترەوە وێنەکانی شەڕی ناوخۆ، دو ئیدارەیی، بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی، داڵدەدانی ناپاکان و پیاوکوژان، کردنەوەی فەوج و پڕچەک کردنیان و خراپی حوکمڕانی … ئەو وێنانەن هاوڵاتیان توشی دڵەڕاوکێ کردوە.
لە نێوان ئەم دو ستونە هاوڵاتیان گیریان خواردوە و موخابن دەستەوەستان لێیانڕاماون. بێ بڕوایی و بێ متمانەیی میللەت بەم چەمکانەی دەسەڵآت تا دێت لە زیادبوندایە، بەو رادەیەی هەر یەک لە ئاوازێکن و هەریەک لە دۆڵێک.
لە کردنەوەی مۆنیومێنتی مەلا مستەفای ( رەحمەتی) باوک، حەشاماتێکی هەمەچەشنی زۆر کۆکرابوەوە، بەڕێز بارزانی لە وتارێکی دورو درێژدا چەندین پەیامی پڕ گەشبینی دەربارەی پەیوەندیە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بەخشیەوە. “”داوادەکەم پارتی و یەکێتی بە زوترین کات کۆببنەوە، هەرچی زوە کێشەکان چارەسەر بکەن، لە گەڵ لایەنەکان بگەنە ئەنجام و خۆئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردن لەم ساڵدا””
هێندەی نەبرد ریس کرایەوە بەخوری، لە لایەک دو حکومەتەکە کۆبونەوە و هەنگاویان نا. بەڵام لەلاکەی تر چەکوشەکەی دەستی رێواز خان هێند بە توندی کێشرا بە مێزدا جگە لە هێمن هەواری و مونا خان هەموو تاکێکی میللەتی راچڵەکاند و جارێکی تر توشی دڵەڕاوکێی کردن. بەپەلە دوبارە بون بە دوبەشەوە، بۆ ئەم دیو و ئەودیوی دێگەڵە. بڕیار درا بروسک ئاسا لە رۆژنامە و کۆمسیۆنە گوێ لە مشتەکەی حیزب بڕیاری دیوەخان وەرگیرا و بڵآو کرایەوە. دەرئەنجام جارێکی دی سەر لە میللەت و یاسا شێوێندرا.
ئەم بڕیارە هێند ترسناکە دەهێنێ هەڵوێستەی لەسەر بکرێ و خوێندنەوەی جیاجیای بۆ بکرێ:
١-رێی تێدەچێ بەڕێز بارزانی لەلایەک دەشپێشخەری بکا و لە لایەکیش تەڵە بنێنەوە.
٢- دەشێ بەشێکی ناو پارتی دژی بارزانی ئەم هەنگاوەیان نابێت.
٣-دەکرێ رەنگدانەوەی نێوان بۆچونە جیاجیاکانی ناو پارتی بێت.
٤- پێدەچێت دابەشکردنی پێشوەختەی رۆڵە جیاجیاکانی حیزب بێت.
٥- ترسبێت لە بڕیاری دادگای فیدرالی عێراق، دیارە ئەم ترسە لە جێی خۆی نیە، چونکە ئەگەر دادگا بڕیار لە نادەستوری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بدات ئەوا تەواوی ئەو بریارانەی لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری پەرلەمانی کوردستانەوە دراون، بڕیارەکانی پەرلەمان و حکومەت بە نایاسایی دادەنرێت و هەموی هەڵدەوەشێنرێتەوە.
٦- دەشێ سڵەمینەوەبێت لە فشاری نێو دەوڵەتی.
٧-دورنیە پەیامی بێمنەتی پارتی بێت لە بریاردان بۆ نەیار و رکابەرەکانی.
بەڵام هەرچۆنێک بێت، لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە زۆر ترسناکە. وابۆی دەچم جگە لە زیادبونی بێ متمانەیی و گەورەتربونی درزی ناکۆکیەکان، بەم نزیکانە بەشێک لە لێکەوتە خراپەکانی ئەم بڕیارە نا بەرپرسانەیە لە بودجەی ساڵآنەی عێراق دەربکەوێ.