راپرسیەكی گەورەی ستاندەر: 22%ی دەنگدەران داوای دروستبونی هێزێكی نوێی سیاسی دەكەن

لەلایەن ستاندار Posted on 2488 جار بینراوە

ستاندەر- تایبەت

له‌راپرسیه‌كی نوێی دەزگای ستانده‌ر كه‌به‌هه‌ردوو شێوازی ئۆنلاین وفۆرمی كاغه‌زی ئه‌نجامدراوه‌ بە بەشداری (9064) كه‌س له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌وه‌ڵامی پرسیاری لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە كێ دەدەیت، 22.4%ی بەشداربوان دەڵێن دەنگ بەهێزێكی نوێ دەدەن ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، كە دەكاتە (30) كورسی په‌رله‌مانی، رێژەی 25%یش دەڵێن دەنگ بە كەس نادەین، رێژەكەی تریش دەنگ بە لایەنەكانی دیكە دەدەن.

ئه‌م راپرسیە، لەلایەن بۆردی توێژینەوەی ستاندەر ئامادەكراوە،  (53)ەمین توێژینەوەی بۆردەكەیە و  تایبه‌ته‌ به ئه‌نجامی راپرسی “دۆخی هه‌رێم وئاینده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان” وشیكردنه‌وه‌ی داتاكانی به‌شێویه‌كی زانستی وبابه‌تیانه‌.

به‌شی یه‌كه‌می راپرسیه‌كه‌ بۆردی توێژینه‌وه‌ی ده‌زگای ستانده‌ر له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیداوه‌، به‌هه‌ردوو شێوازی ئۆنلاین ودابه‌شكردنی فۆڕمی كاغه‌زی راسته‌وخۆ، به‌سه‌ر چین وتوێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگای كوردی له‌شار وشارۆچكه‌كان.

به‌شی دووه‌می راپرسیه‌كه‌ لەلایەن د.ر‌عد ره‌فعه محمد، شیكردنه‌وه‌ی بۆ داتاكانی راپرسیه‌كه‌ ئه‌نجامداوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ وزانستی دوور له‌ كارتێكردنه‌ زاتیه‌كان.

بەگوێرەی راپرسیەكە به‌گشتی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌نگه‌كانیان له‌نزمیدایه‌، به‌تایبه‌ت (پ.د.ك) كه‌ له‌ (45) كورسی دابه‌زیوه‌ بۆ (29) كورسی، له‌دوای ئه‌و (ی.ن.ك) كه‌متر زه‌ره‌رمه‌ند بوه‌ كه‌ له‌ (21) كورسی دابه‌زیوه‌ بۆ (17) كورسی.

هەر بەگوێرەی راپرسیەكە، هه‌ر دوو حزبه‌ ئیسلامیه‌كه‌ (یه‌كگرتوی ئیسلامی وكۆمه‌ڵی دادگه‌ری) ده‌نگ وكورسیه‌كانیان له‌دابه‌زیندایه‌. یه‌كگرتوو له‌(5) كورسی دابه‌زیوه‌ بۆ (4)، كۆمه‌ڵی دادگه‌ریش له‌(7) كورسیه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ (4).

هەرچی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ تاكه‌ هێزی سیاسیه‌ له‌و راپرسیه‌ ده‌نگ وكورسیه‌كانی زیادی كردوه‌ له‌ (8) كورسی بۆ (16) كورسی، بزوتنەوەی گۆڕانیش هیچ كورسیەك بەدەست ناهێنێت.

لەبارەی دەرەنجامی راپرسیەكەش، د. رەعد رەفعە سەرۆكی بۆردی توێژینەوەی ستاندەر نوسیویەتی :”ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌و راپرسیه‌، باوه‌ڕی خه‌ڵكه‌ به‌هێزێكی میللی نوێ كه‌ زۆرترین ده‌نگی هێناوه‌ به‌راورد به‌ تاكتاكی حزبه‌كان. ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌ مه‌رج نیه‌ حزبێكی نوێ بێت، به‌ڵكو هیوایه‌كی نوێیه‌ بۆ هاونیشتمانیانی هه‌رێم به‌شێواز وئامرازی نوێ بۆ گۆڕانكاری سیاسی وئابوری ریشه‌یی.”

 

تەواوی راپرسیەكە لەو لینكە بخوێنەوە:

https://drive.google.com/file/d/144-IWZO_EPGmLwaucctYs-abY3G-obSI/view?usp=sharing