مەزهەب و پشیلەکەی حوجرە

لەلایەن ستاندار Posted on 4458 جار بینراوە

شەماڵ محەمەد

مامۆستاکە خەریکی گوتنەوەی وانە بو لە حوجرەکەی ، پشیلەیەکی جوانیش کە هۆگری کۆڕی خوێندن ببو بە هێمنی دەهات و دەچو لەنێو قوتابییەکان ، مامۆستا هەستی کرد پشیلەکە سەرنجی قوتابیان بەلایەکی تردا دەبات بۆیە داوای کرد لەکاتی خوێندن پشیلەکە لە سوچێکی حوجرەکە ببەستنەوە .
بەردەوامبون لە بەستنەوەی پشیلەکە تاماوەیەکی زۆر ، مامۆستا کۆچی دوایی کرد و قوتابیان ڕۆیشتن و هی تر هاتن ، پشیلەکەش مرد ، پشیلەیەکی تریان هێنا بە هەمان شێوە لە شوێنی پشیلەکەی پێشو دایاننا .
دوای چەند نەوەیەک کۆمەڵێک قوتابی هاتن کەوتنە قسەکردن لەسەر پشیلەکە و گەورەیی و پیرۆزیی و حیکمەتی ڕۆحی و زانستیی بەستنەوەی لەم شوێنە ، لەنێوان خۆیاندا بو بە مشتومڕیان لەسەر چۆنیەتیی بەستنەوە و جۆر و شێواز و ڕەنگی گوریسەکە . سەرەنجام پێک نەهاتن و دابەشبون بەسەر چەند گروپێک و هەر گروپێکیان ئەوانی تری بە گومڕا ناوزەد دەکرد و دوژمنایەتی کەوتە نێوانیان .
ڕۆژێک میوانێک هاتە لادێکە و پرسیاری مەسەلەی پشیلەکەی کرد ، دوای ئەوەی گوێبیستی چیرۆکەکە بو پێی گوتن کە خوێندنی ئەوان هیچ پەیوەندیی بە بەستنەوەی پشیلەوە نییە ، بەڵام ئەوان بە گومڕا و بێباوەڕ ناوزەدیان کرد و سەریان سوڕما کە چۆن میوانێک کە هیچ لە زانست نازانێ قسە لە قسەی مامۆستا نەمر و مەعسومەکەی ئەواندا دەکات ! ئەوان لەسەر مەزهەبی مامۆستاکەیانن و چۆنیان بینیوە لە کتێبەکانیان بە تەواوی دەبێ شوێنی بکەون و نابێ یەک پیتیشپشتگوی بخەن .
سەرەنجام هەر گروپێک پشیلەی تایبەت بەخۆی هێنا، بو بە شەڕیان و پشیلەکانیش کەوتنە شەڕ و لە حوجرەکە جێگایان نەبوەوە و ناچار بون هەر گروپێک بچێت حوجرەی تایبەت بەخۆی دروست بکات .
ئەو لادێیە هێمنەی کە چەندین ساڵ بو تەنها یەک حوجرە و یەک مامۆستای هەبو ، ئێستا چەندین حوجرە و مامۆستا و گروپی جیاجیای تێدایە و هەموشیان دوژمنی یەکترن .
مەسەلەی دروستبونی مەزهەبەجیاوازەکان لە ئاینەکان هاوشێوەی ئەم چیرۆکەی سەرەوەیە ، جیاوازییەکان زۆر بچوک و لاوەکین بەڵام لەسەر ئەم جیاوازییانە سەدان جەنگ و هەزاران کێشەبە بەردەوامی بەرۆکی باوەڕداران دەگرن و ژیانیان لێ تاڵ دەکەن .