هیچ هەواڵێک لەسەر سەلامەتی تەندروستیان نییە مانگرتنی مەزڵوم داغ و عەبدوالرەحمان ئەر کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.

لەلایەن ستاندار Posted on 4978 جار بینراوە

 

ستاندەرـ هەولێر

هەریەک لە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر، کە بەهۆی کەیسی کوشتنی دیبلۆماتکارەکەی تورکیا لە هەولێر حکومی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە و ئێستا لەزیندانی چاکسازی هەولێرن، بەهۆی رەتکردنەوەی پۆشینی یەکپۆشی زیندان و هەبوونی جیاوازی کردن لەگەڵ زیندانیانی دیکه لە چارەسەری و ماف، 48 رۆژە، تا مردن مانیان لەخواردن گرتووە.

وتەبێژی دەستەی مافی سەربەخۆی هەرێم دەڵێت بەدواداچوون دەکەن، یاساناسێکیش رایدەگەیەنێت پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی زیندانیان بە پێوەرەکانی مافی مرۆڤ تاوانە.
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکەش رایدەگەیەنن هەمان شێوازی زیندانەکانی تورکیا دەرهەق بەو دوو کوردەی باکوری کوردستان دەکرێت.

بەمەبەستی رەتکردنەوەی یەکپۆشی زیندان، لە زیندانی چاکسازی گەوران هەریەک لەدوو سزادراوی دۆسیەی رێستۆرانتی هۆقەبازی هەولێر، مەزڵوم داغ و عەبدولرەمان ئەر، لە 18 ئایارەوە مانیان لەخواردن گرتووە، کەسانی نزیک لەو دوو سزدراوە نیگەرانن لە دۆخی تەندروستیان و بەستاندەریان راگەیاند، لایەنە بەرپرسەکانی زیندان وەڵامیان نادەنەوەو بێ ئاگان لە دۆخی تەدروستیان، چونکە سێیەم جارە مان لە خواردن دەگرن، کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە لەبەیاننامەیەکدا بەتوندی ئیدانەی پێشێلکاری بەرامبەریان دەکەن و رایدەگەیەنن”گیان و سەلامەتی و تەندروستی مەزڵوم دۆغان و عەبدولرەمان ئەر، پارتی دیموکراتی کوردستان لێی بەرپرسیارە، چونکە هەمان ئەو پێشێکاریانەی تورکیا دەرهەق بەزیندانیەکان دەیکات، پارتیش هەمان رەفتار دەکەن”.

لەم بارەوە پێشتر وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سلێمان موحسین رایگەیاندبوو، ئاگاداری ئەم دۆسیەیە نین و بەداواداچوون دەکەن، ناشبێت پێشلێکاریان بەرامبەر بکرێت.

لەمبارەوە شوان گەردی یاساناس و چالاکوانی بورای کۆمەڵگای مەدەنی، سەرۆکی تۆڕی پاراستنی بەندییەکان لە عێراق بە ستاندەری راگەیاند، زیندانیەکان دەتوانن یەکپۆشی رەتبکەنەوە، لەو کاتەی شێوازی دورینەکە، دیزاینەکە، رەنگەکان جیاکاری تێدابێت، مەبەست لێی جیاکاری یان ئیهانەکردن بەشکۆیان بێت، ئەگەر ئیدارەی زیندان بەمەبەست ئەو کارەی کردبێت، سزادراون و راگێراوان دەتوانن رەتی بکەنەوە. ئەگەرچی بوونی جلوبەرگی تایبەت بەبەندییەکان لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان هاتووە و ئیدارەی زیندان ئەو مافەی هەیە هەندێک و جۆرو شێوازو رەنگی جلوبەرگ بەکاربهێنێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەبۆچی ئەم زیندانە مانگرتووەو زیندانیانی تر ناڕازین لە ئیدارەدانی بەندیخانەکان، شوان گەردی ئەوەشی بەستاندەرف راگەیاند، بەندیخانە یەکێکە لە پێوەرەکانی سنوورو وابەستەبوون و جێبەجێکردن و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، وتیشی “پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی زیندانیان بەهەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان تاوانە”.

بەیاننامەکەی کەجەکە ئەوەی تێدایە کە پارتی وەکو سزای سیاسی ئەم کارە لەگەڵ ئەم دوو سزادراوە دەکات، لەمبارەوە شوان گەردی وتی “نابێت شتێک بەناوی سزای سیاسی هەبێت، چونکە جیاوازی سیاسی واتە جیاوازی لەبیروڕا، بۆچوون، ئەمەش نابێتە پاساو زیندانی لەسەر سزابدرێت”.

شایانی ئاماژەیە لە 17 تەمووزی 2019 ەوە، عوسمان کۆسە بەرپرسێکی گەورەی هەواڵگریی میتی تورک، لە هەولێر کوژرا، دوای ئەم ڕووداوە دوو کوردی باکووری کوردستان لە شاری هەولێر دەستگیر کران، بە ناوەکانی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.