کوشتنی احمد ئاغای زێباری وھەوڵی تیرۆر کردنی عبدالکریم قاسم لەلایەن مەلامستەفای بارزانیەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 635 جار بینراوە

تیكۆشه‌ر حسین

جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی کۆچکردوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وسەرۆک کۆماری عێراقی فیدرا لەلاپەڕەی ۱٥٦ ـ ۱٥۷ ـ ۱٥٨ دا بەدرێژی لەبەرگی یەکەمی یاداشتەکانی دا باس لەکوشتنی احمد ئاغای زێباری دەکات لەلایەن ملا مستەفاوە، ھەروەھا باس لەسەرەتای تێکچونی نێوان پەیوەندیەکانی ملا مستەفای بارزانی و عبدالکریم قاسم دەکات، تیایدە نوسەر بەم شێوەیە دەیگێڕێتەوە….

مەلا مستەفا دوو سێ کەسی لەپیاوەکانی خۆی نارد، ‌(نەگەی نەبی سەر ئاسن و عیسا سوار ومەلا حەسەن) ئەمانە، دوایی بوون بەموڕافیقی بارزانی، چون لەموسڵ ئەحمد ئاغای زێباریان کوشت، ھەر کەئەویان کوشت حکومەتیش فەرمانی گرتنی ئەوانی دەرکرد.
ئێمە وەکو پارتی پێمان وابوو کەدەبێ ئەمانە بدرێن بەدادگا، لەڕێی دادگاوە چارەسەری کێشەکە بکرێت، مامۆستا برایم احمد ئامادەیی خۆی نیشاندا وەک پارێزەرێک بەرگریان لێبکات، کۆمەڵێک پارێزەری تریش ئامادەبوون کە بەرگریان لێبکەن.
مەلا مستەفا بەڕێگایەکی تر چارەسەری کرد، من خۆم شاھێدی کارەساتەکەم، کاتێ کەریم قاسم تەقەی لێکرا ئێمە چوین بۆلای بۆنەخۆشخانە من لەگەڵ مەلا مستەفا بووم، کە چوین ژورێ عبدالکریم قاسم چاک بوبویەوە، خۆشحاڵ بوو بەھاتنەکەی مەلا مستەفا، دانیشت و باسی کارەساتەکە کرا، مەلا مستەفا باسی ئەوەی کرد کە خەڵک گیراون، کەریم قاسمیش وەک سەرۆکی دەوڵەت وسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران قسەی کرد، وتی:
“ئەوە تاوانێکە کراوە وکوژراو ھەیە پێویستە لەڕێی دادگاوە چارەسەر بکرێت، بابزانین دادگا چی بڕیار دەدات”
مەلا مستەفا ووتی: ” واللە من کردومە! من ئەوانەم ناردووە”
کەریم قاسمیش ووتی: نا مەلا مستەفا تۆ نەتناردوون، تۆ پیاویت کاری واناکەیت، تۆ دۆستی منیت، تۆ دژی یاسا ئیش ناکەیت، بێ گومان ئەو کۆنە گەنجانە کۆنە ڕقیان لەدڵدا بوو، مەلا مستەفا لەسەری ڕۆیشت، وتی: “نەخێر من ناردومن، ئەگەر ئەو گەنجانە ئەوەیان کردبێت، ئەوە من پێم کردون”

کەریم قاسم قیژاندی بەسەر مەلا مستەفادا، یەکەم جاربوو من کەریم قاسم ببینم بەتوڕەیی، وتی “تۆ نەتناردوون”
زۆر بەتوڕەییەوە وەڵامی دایەوە، بەڕاستی مەلامستەفا چاوەڕێی ئەمەی نەدەکرد کەکەریم قاسم بقیژێنێ بەسەریدا، مەلا مستەفا مات بوو، بەڵام زۆری پێناخۆش بوو، گوتی:
قانون وعەدالەت ھەیە، عەدالەت لەسەروو ھەموو کەسێکەوەیە ئەوانە ئەدرێن بەدادگا”
بۆچونی خۆم ئەمە سەرەتای تێکچونی پەیوەندی نێوان مەلا مستەفا وعبدالکریم قاسم بوو.

نوسەر، ئەوە کەی بوو؟
تاڵەبانی، ئەوە ئەو ڕۆژانە بوو کە کەریم لە(راس القریە) تەقەی لێکرا، لەدوای ئەوە عەشائیری زێباری وھەندێ عەشائیری تر ھاتنە لای عبد الکریم قاسم وگوتیان، ئەچەوسێنرێینەوە، بارزانیەکان ئەمانکوژن، گلەییان کرد بوو، کە عبدالکریم قاسم چەکی داوە بەبارزانی بەڵام بەوانی نەداوە.
پەیوەندی نێوان قاسم وئەو کوردانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کەقاسم لەبزوتنەوەکەی بارزانی لەساڵی ۱۹٤٥ ئامری ڕەتڵی جاشان بووە، جاشەکانی زێباری، ھەرکی، سورچی، کاتی خۆی، شەڕی بارزانیان کردووە، لەبەر ئەوە لەو ساڵەوە ئەیناسین وئەیانناسی، ھاتبونە لای گوتبویان” لەکاتی خۆیدا ئێمە لەژێر قیادەی تۆدا بەیەکەوە ئیشمان کردووە”
ئەوانیش کردبویان بەھەرا، ئەخورێین وئەکوژرێین، ھەڕەشەیان لێدەکرێت وئیبادە دەکرێن لەلایەن بارزانیەکانەوە، عبدالکریم قاسمیش ۱۰۰ پارچە چەکی دابوە زێباریەکان وگوتبوی ئەو چەکانە بۆپارێزگاری کردن لەخۆتانە.
بەخشینی ئەم چەکانە مەلامستەفای زۆر توڕەکردبوو، وایدەزانی عبدالکریم قاسم وا بەئاسانی بەجاشەکان نایگۆڕێتەوە، بەڵام دوای ئەوە وردە وردە بوە ھۆی تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان مەلامستەفا وعبدالکریم قاسم….

ڕوداوەکە چۆن بوو؟

ڕوداوی ھەوڵی تیرۆرکردنی عبدالکریم قاسم دەگەڕێتەوە بۆ کاتژمێر ٦ نیوی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بەراری ۷ـی ئۆکتۆبەری ۱۹٥۹ کاتێ کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی سەرۆک بەناوچەی “راس القریە”ـی شەقامی ڕەشید لەبەغدادا کەشەقامی ڕۆژاەی ھاتوچۆی ئەودەبێت و ھەموو ڕۆژێک بەم شوێنەدا تێئەپەڕێت ئەکەوێتە بەر دەست ڕێژی گوللە، چاودێری کردنەکە سپێردرابوو بە دوو کەس لەو جەاعەتە کەدەیانوێت سەرۆک تیرۆر بکەن، یەکێکیان لەگۆڕەپانە گشتیەکە و ئەوەی تریشیان لەڕێگای پشتەوەی ڕۆژھەڵاتی شەقامە گشتیەکە، چاودێری وجموجۆڵەکان بۆئاگادار بوون لەکاتی گەیشتنی ئۆتۆمبیلە تایبەتیەکەی عبدالکریم قاسم بەھۆی ئامێری بێ تەلەوە بووە، لەکاتی گەیشتنی دا چەکدارەکان دەست دەکەن بەتەقەکردن وبەئامانج گرتنی ئوتومبیلەکەی سەرۆک، لەئەنجامدا خۆی دوو فیشەک بەر شانەکانی دەکەوێت و شۆفێرەکەیشی دەکوژرێت و ھاوەڵەکەی کە لەپێشەوە دانیشتبوو ئەویش بریندار دەبێت.
جەماعەتەکەش ڕێ وشوێنێ ڕاکردن وئۆتومبێلی ئامادەکراو ھەمووی ئامادەسازی بۆ کرابوو، بەڵام لەو کۆمەڵەیەش یەکێک لەئەنجامی تەقەکردنی پێچەوانە وبەر یەک کەوتن دەکوژرێت کەناوی عبدالوھاب الغریری بوو، بەڵام ناتوانن تەرمەکەی بگوازنەوە لەگەڵ خۆیانی ببەن، لەوێ لەو گۆڕە دەمێنێتەوە، کە لەکۆتاییدا بەھۆی ئەم تەرمەوە لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد وھەموو شتێ ئاشکرابوو، ھەموو ئەوانەشی لەو ڕوداوە بەشدار بوون، بریتیبوون، لە “ایاد سعید، ‌خالید ساڵح، احمد تەھا، سلیم عیسی، علی حسون، حاتم حمدان العزاوی، عبدالکریم الشیخلی، سەدام حسین، سمیر عزیز، عبدالحمید مرعی، علی ساڵح، عبدالوھابیش دەکوژرێت”
دواتڕ لەبەڕێوەبەڕایەتی ھەواڵگری ئەعزەمیە “شاکر حلیوە” دەستگیر دەکرێت و دان بەتەواوی ڕوداوەکەو بکەرانی پشت ڕوداوەکە دەنێت، ژمارەیان لە٤۲ کەس پێکھاتبوو، ھەمویان درانە دادگا.

سەرچاوە/
دیداری تەمەن
پێگەی فوڕات
پێگەی خالیدیە
پێگەی مەعریفە
ویکیپیدیا

چه‌ند وینه‌یه‌ك

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.