ستاندەر
عەلى حەمە ساڵح، پەڕلەمانتارى گۆڕان لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى:هەتا بەوردى لێکۆڵینەوە نەکەیت لە خاڵە سنوریەکان، نازانیت چۆن دەیان ملیۆن دۆلاری ھاوڵاتیان بە قاچاخچێتی و کاری کۆمپانیاو فێڵی یاسایی بە ناوی ترانزێت و عەفوی گومرگی بە فیڕۆ دەچێت و دەبردرێت.
هەروەها ئەو پەڕلەمانتارە دەشڵێت:شەش مانگ بەبەردەوامی کارمان لەم دۆسیەدا کرد، بە بەڵگەی دروست ھەموو تاڵانیەکانی خاڵە سنوریەکان سەلمێندرا، پاشان لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کارمان کردووە.
لەبارەى هەڵوێست و دیدى گۆڕانەوە نوسیویەتى:لە نەوتەوە بۆ خاڵی سنوری، لە وەبەرھێنانەوە تاوەکو دەیان ھەزار خانەنشینی نایاسایی، لە دۆسیەی دەرمانەوە بۆ دەیان گرێبەستی خراپ، کۆی ئەم گەندەڵیانە دیاری دەکەین و قسەی لەسەر دەکەین، ھەوڵدەدەین بۆ ئەوەی زۆرترین پشتیوانی بۆ چاکسازی لەم کەرتانەدا دروستبکەین و پرۆژە پێشکەش دەکەین و ڕێککەوتنی بۆ دەکەین. پێمانوایە بۆ ئەم قۆناغەی کوردستان ئەمە دروستترین ڕێگایە بۆ چاکسازی.
سەردەمێک باسی دەیان ھەزار خانەنشینی نایاسایمان دەکرد دەیانوت: ئاسنی سارد دەکوتن، کۆڵمانەدا تاوەکو بەیاسا دەبێت ھەڵوەشێتەوە، ئێستا چاودێری جێبەجێکردنی دەکەین. چەند مانگە باسی گەندەڵی خاڵە سنوریەکان دەکەین کۆڵماننەدا تاوەکو بڕیاری بۆ دەرچوو، چاودێرێ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەین.