عەبدوڵا كامەران
زیاکۆ کالب نوسەری بنەماکانی تورکایەتی، ئەو نوسەرەی کە دواتر کتێبەکەی دەبێتە بنەمای پەروەردکردنی کۆمەڵگای تورکی، کەماڵ ئەتاتورک لەبارەیەوە دەلێت: کە زیاکۆ کاڵب باوکی فکری منە. لە کتێبەکەیدا ئەوە روون دەکاتەوە کە بزوتنەوەی تورگويرتی turguerte فەرەنسی یەکەم بزوتنەوەیە کەوا هەستی تورکایەتی لەلای تورکان زیندوو کردۆتەوە، لە کتێبەکەیشیدا ستایشی کۆمەلێک نوسەر دەکات و لەبارەی نوسەرو سیاسی فەرەنسی دی لامارتین دەلێت: لە دۆست و خۆشەویستی تورکان بوەو بە ئەدەبیات و کلتوری تورکی و جوانی ئەستەنبول سەرسام و حەیران بوە.
یەکێ تر لەو نوسەرانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر فکری تورکی بەگشتی و زیاکۆکاڵب خوێی بەتایبەتی کردەوە سۆسۆلۆژی فەرەنسی ئۆگستس كۆمت ( auguste comte )کە ئەوەیان لەسەردەمی فەرمان و رێكخستن و بەمەرکەزی کردنی دەسەڵاتی عوسمانی بەبەردەوامی ئاڵوگۆری نامەی لەگەڵ مستەفا ڕەشید پاشا کردەوەوە، داوای کردەوە موسلمانان لە ئەنارشیستی و پارچە بوون بپارێزرێت. دیسانەوە نوسەرو ڕۆماننوسی فەرەنسی پییر لۆتی (Pierre Loti) بەخۆشەویست و دۆستی تورکان دەدانرێت و گردو بەرزاییەیەکی جوان و دڵرفێنی ئەستەنبۆل بەناوی ئەو کراوە، ئەوە جگە لەوەی قاوەخانەکەی نێو کتێبخانەی کلتوری ئەستەنبۆل و قوتابخانەیەکیش لە شەقامی ئیستقلال هەر بەناوی ئەوە.
لەنێو ماڵی نوسەردا ژورێک هەبوە بەناوی ژوری تورک و تیایدا کەل و پەل و بەرهەمی دەستی تورکی تیایدا نمایش کردوە. دواترینیشیان کە زیاکۆکالب بە خۆشەویستی و دۆست و سەرسامی تورکانی دادەنێت نوسەری فەرەنسی كلۆد فارير (Claude Farrère). لە نامەیەکی کامال ئەتاتورکدا کە لەئەرشیفی سەنتەری کلتوری کەمال ئەتاتورک ئەرشیف کراوە، تیایدا سوپاس و ستایشێکی زۆر و بێ پایانی نوسەر دەکات بۆ ئەو پشتیوانیەی کە لەگەلی تورکی کردەوە، کاتێشکیش کە نوسەر دێتە ئیزمیت خەڵک پێشوازی لێدەکات و یوسف عوسمان بە نوێنەراتی خەڵک پێی دەلێت: گەلی تورک قەرزاری تۆیە. ئەویش لەوەڵامدا ئالای تورک ماچ دەکات و دەلێت: من بەپشتوانی لە ئێوە پشتوانیم لە حەق و حەقیقەت کردوە.
ماوەتەوە بلێین: یەکێ لە بنەما بەهێزەکانی علمانیەت جیاكردنەوەیە،
جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان لەیەکتری، جیاکردنەوەی دین و دەولەت، دین و ئەخلاق، ئەخڵاق و سیاسەت، زانست و ئەخلاق. ئەم جیاکارییە هێندە بەهێزە تەنانەت ئەو دووانەی کە دەتوانین گریمانەی بەیەکەوە بونیشیان بکەین دەکەونە ململانێی بەسەنتەر بوون لەگەڵ یەکتردا و دەبێ یەک لەوان ببێتە ئەسل و ئەوی دیان ڕۆلی لاوەکی بگێرێ. رابەری فاشیزمی عەرەبی میشێل عەفلەق لە پێناسی ئەو کۆمەڵگا عەرەبیەی کە خەیاڵی وەدێهێنانی دەکرد عەرەبایەتی کردبوە سەنتەر و ئیسلامیش کردبوە پێوەلکاوێک و ڕولێکی لاوەکی پێدابوو.
ئەمە بۆ میلەتێکی وەک عەرەب کە هەموو شارستانیەتەکەی لە ئێسلامەوە بوەو ئەستەم بوو قەبوڵکردنی. ئا لێرەوەیە کە بندکت ئەندرسون چەمکی کۆمەڵگای قەومی خەیاڵی و کۆمەڵگای دینی خەیاڵی بەکاردێنیت. عەزمی بەشارەش ئاماژە بەو درک و جیاوازە کۆمەڵایەتیە دەدات کە لەئەنجامی ئەو ململانێیە دێتە کایەوە، لە ئێستادا بەداخەوە کۆمەلگای کوردی نە حەرەکە قەومیەکەی هێندە لوژیکی و ستراتیژیە کە ئومێدی ئەوەی لێبکرێ نەتەوەی کورد بگەێنێتە کەناری ئارامی، نە حەرەکە دینیەکەی هێندە حەکیم و لێزانە بتوانی ڕابەرایەتی موسوڵمانان یان لانی کەم ببێتە بەشێک لەقەراری لە بریادان لە جیهانی ئیسلامیدا.