لەلایەن ستاندار Posted on 520 جار بینراوە

بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز

عێراق لە بەردەم بەریەککەوتنی نەرم و ڕەقی ئەمریکا و ئێراندا بوەتە سەکۆیەک بۆ نمایشی هێزە دەرەکیەکان ، ئەم دو هێزە لە نێوان ململانێکانیاندا عێراقیەکانیان کردوەتە هۆیەک بۆ بەرژەوەندی ئابوری و هەمەلایەنەی خۆیان ، لەم نێوەندەدا ئەوەی دەبینرێت ئیرادەی هیچ هێزێک کە ناو بنرێت هێزی عێراقی لەوپەڕی لاوازیدا بوە و ئێستەش نیە ، لە ئێستادا هاوتەریب بە هەوڵەکانی کازمی کە ئەجێندای ئەمریکا و ئەوروپای لە پشتە ئەگەری زیندوبونەوەی کوتەلەی سونی لە ئارادایە ، ئەمەش بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کوتلەی شیعی ، ئەوەی ناو دەبرێ بە زیندوکردنەوەی کوتلەی سونە لە پاڵ کوتلەی کوردیدا هەوڵە بۆ پشتیوانی ناوەکی کازمی کە بتوانێت بە هەردو کوتلەکەی کوردی و سونە ئەجینداکانی شیعە و ئێران کەم بکەنەوە ، هەمو ئەمانە لە چوارچێوەی قەید کردنی ئێراندایە بەوەی ئابوری زیرەکی ئەمریکا بە پشت بەستن بە هەردو کوتلەکەی سونە و کورد بتوانێت جێبەجێیان بکات و پاڵپشتی کازمی بن ، هەرچەندە وەک کورد دروستکردنی کوتلەی سونە گرنگی کورد لە عێراقدا بە تەواوی کەم دەکاتەوە و ئەم قورسیەی ئێستای نامێنێ ، بەڵام کاتێک کازمی بە دوای شمشاڵێکدا دەگەرێ بۆ ئەوەی بتوانێت سەماکەی لەگەڵ مارەکان بگۆڕێ بە کۆنتڕۆڵکردنی مارەکان ، کە ئەگەر وەک شیکاری سەیری هەردو قسەکەی کازمی بکەین کە پەڕینەوە بێت بەسەر گوریسێکدا لە نێوان دو باڵەخانەی بەرزدا و کازمی نەتوانێت بە پێ بەسەر ئەم گوریسەدا بڕاو و دواکاری واقعی سیاسی و دروشمی گۆڕین و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی پەڕینەوە بێت بە پاسکیل بەسەر ئەم گوریسەدا ، ئەوا ئەوە دەبینرێت کە شمشاڵەکە و کردنی گوریس بە پرد دیسانەوە هەمان ئەجێندای ئەمریکایە و دەبێت کازمی جێبەجێیان بکات بەو کۆمەڵە دروشمەی ئێستا هەڵیگرتوە ، عێراق لەسەر هێڵی بەرژەوەندی ئەمریکا تا ئەو ئاستە کاری پێ ی دەبێت کە بتوانێت بەرنامەکانی گەمارۆی زیرەکی ئەمریکا جێبەجێ بکات ، ئەمەش بەوە دەست پێ دەکات کە سەرچاوەی ئابوری هێزە ملیشیا شیعەکان وشک بکات ، کە ئەم سەرچاوانەی هێزە ملیشیاکان تەنها بودجەی دابینکراوی عێراق نیە بە تەنها و وە هەر بە تەنهاش هێزێک نیە کە سەر بە ئێران بن ، بەڵکو بە مانا قوڵ و شاراوەکەی لە ڕێ ی تفەنگی ئەم هێزە ملیشیایانەوە عێراق بوەتە بەلەمێک بۆ پەڕینەوەی ئێران بە قاچاخ لە ئاوی ئابوری زیرەکی ئەمریکا ، ئەمەش لە ڕێگەی ئەبو جەهاد هاشمی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران و لە ڕێبەرانی ڕێکخراوی بەدر کە پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس هەبوو بەسەر نوسینگەی سەرۆک وەزیراندا زاڵ بن و بە ترۆپکی هێزی خۆیان بگەن، وەک دەبینین لە عێراق لە ڕێی ئەم چەک و گروپانەوە دەستەڵاتێکی فراوانیان لە ناوەندەکانی حکومڕانی عێراقدا هەیە ، بەم شێوەیە :
1. لە ڕێی کریکارتەوە و ناوی ساختەی موچەخۆرەوە دنیایەک ناوی وەهمی هەیە لە ڕیزی فەرمانبەرانی عێراقدا کە ئەم پارەیە دەچێتە گیرفانی ئێرانەوە .
2. فڕۆکەخانەکان وەک یەکێکی تر لە ژێر ناوی عێراقی و داهاتەکانیان دەچێتە گیرفانی ئێرانەوە .
3. هەمو ئەمانە و لە ژێر ڕێنمایی ئێران لە ڕێگەی ئەبو جەهاد هاشمی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران و لە ڕێبەرانی ڕێکخراوی بەدر کە پێوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس هەبوو بەسەر نوسینگەی سەرۆک وەزیراندا زاڵ بن و بە ترۆپکی هێزی خۆیان بگەن.
4. ئەو توێژینەوە کە لە لایەن نووسەری ئەمریکایی مایک نایتس ئامادەکراوە لە درێژەدا باسی ئەوە دەکات ئەو ملیشیاگەلە لە لایەن ئەبو مهدی موهەندیس جێگری ستادی حەشدی شەعبی و ڕێبەری کەتائیبی حیزبوڵلا فەرماندەیی کراوە و هەروەها توانیویانە بەسەر ڕەوتی هەڵبژاردنی وەزیرانی ئەمنیەتیدا زاڵ بن.
5. بە گووتەی ئەو نوسەرە میلیشیاکانی سەر بە ڕژیمی ئێران توانیان بەسەر کاروباری بازرگانی عێراقدا زاڵ بن و بڕێکی زۆر لە پڕۆژە ئابورییەکان بخەنە نێو هەژماری خۆیان و سوپای پاسداران و حیزبوڵلای لوبنان ، نوسەر لە درێژەدا ناوی شبل ئەلزەیدی فەرماندەی کەتائیبی حیزبوڵلای هێناوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ خراوەتە لیستی تیرۆری ئەمریکا.
6. ئەو میلیشایانە هەروەها بە زاڵبوون بەسەر سەرچاوە نەوتیە چکۆلەکان لە ناوچە سونیەکانی وەک عەلاس، ئەلقیارە و نەجمە و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە کۆمپانیاکانی هاتوچۆ و باربەری کە لە بەسرە لە ژێر دەسەڵاتی ملیشیاکانە نەوتە دزراوەکان لە سەرچاوە نەوتیەکان قاچاغ بکەن.
هەمو ئەمانە و سەمای کازمی لەگەڵ مارەکان و بەدەستهێنانی شمشاڵی ولاتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا دەبێتە هۆیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مارەکان لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بۆ پەڕینەوەی بە پاسکیل بەسەر گوریسی دو بینای گەورەدا دروستکردنی هەرێمی سونە دەبێتە هۆیەکی کاریگەر بۆ پشتیوانی کردنی کازمی ، دوا جار کازمی کارئەکتەری سەر ئەو شانۆی سیاسیەیە کە درهێنەرەکەی ئەمریکایە و داڕشتنی پلانەکانیشی وڵاتانی دیکەیە بۆ دەرباز بونی عێراق لەو پاوانخوازیە هەمە لایەنەی ئێران.
سەرچاوە :
ـــــــــــــــــ
نووسەری ئەمریکایی مایک نایتس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.