شەڕی خۆتڕێن!

لەلایەن ستاندار Posted on 418 جار بینراوە
هۆشیار عەبدوڵا
ئەو دادگا فیدڕاڵیەی کە پارتی بە دەستوری و یاسایی نازانێ هەمان ئەو دادگایەیە لە خولی رابردوی پەرلەمانی عێراقدا خۆی یاساکەی تێپەراند و دادوەریشی تێدا دانا، بۆچی دادگاکە لای پارتی بۆ کەیسی نەوتی هەرێم و زێباری دەستوری نیە بەڵام هەمان دادگا کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد دەستوری بوو؟!
پارتی سیاسەتی بانێکە و دوو هەوا پەێرەو دەکا، خولی رابردوو لەگەڵ صەدر و حەلبوسی رێکەوتنی کرد لەسەر دادگای فیدراڵی و یاسای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ئێستا هەرکات بریارێکی دادگای بە دڵ بێ قسە ناکا، کە بە دڵی نەبوو وەک بریارەکەی دادگا دژی زێباری و نەوتی هەرێم دەڵێ دادگاکە لە ئەساسەوە هەر دەستوری نیە!!
ئەگەر وایە و پارتی بە فعلی دان بەو دادگایەدا نانێ و بە شەرعی نازانێ کەواتە با پەرلەمانتارەکانی لە بەغدا بكشێنێتەوە، چونکە هەمان ئەو دادگایە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کردوە.
بەش بە حاڵی خۆم داکۆکی لە بێلایەنی هیچ دادگایەکی عێراق ناکەم و دۆخی قەزا بە گشتی لەعێراق وێرانە بەڵام پارتی ئاخیر حزب و کەسە بۆی هەبێ باسی بێلایەنی دادگا و سەروەری یاسا بکا چونکە وەک رۆژی ڕووناک دیارە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی بەکوێ گەیاندوە.
بۆ ئەو شەڕەشی دژی دادگای فیدراڵی ئەگەر پشتی بە صەدر بەستبێت خەیاڵ پڵاوییە، چونکە لەسەدا سەد شەرێکی دۆڕاوە و زۆر نابا خۆی بە تەنها دژی دادگای فیدراڵی دەمێنێتەوە، دادگایەک کە پێمان خۆش بێ یان نا دەسەڵاتێکی دەستورییە و وەکو دەمی ئەو دەستورە وایە کە هەرێم شەرعیەتی لێوە وەرگرتوە.
کورد دەمێکە بەمجۆرە شەڕانەی گوتوە؛ شەڕی خۆتڕێن!