ستاندەر
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی سیستەمی دابەشكردنی بەنزین ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبوویەوە و ڕایگەیاند، بۆ تەکسی و پاس بریارمانداوە، لە بەیانیەوە ڕۆژانە بەنزینی 690 دیناری بەشێوەی تاک و جوت لە 9 بەنزینخانە دابەش بکەین، کە لەلایەن کارەوە ئامادە دەکرێت. بۆ تەکسی ڕێژە دیارینەکراوە بەڵام بۆ پاس 50 لتر دیاری کراوە.
ناوبراو وتیشی: ڕۆژانه بەنزینی 800 دینارییش دابەش دەکەین، کە حکومەتی هەرێم دابینی دەکات، بەڵام ئەوەیان بێ سیستەمی تاک و جوتە. سەبارەت بە گرانبوونی نرخی گاز، گروپێکی مەترسیداری ئاشکرا کرد، کە لە بازگەکانی هەولێر یاری بە نرخی گازەوە دەکەن. بۆ دەرەوەی شار و هەرێمی کوردستان دەیگوازنەوە.
سەبارەت بە كوالێتی بەنزینەكە دڵنیایی بە هاوڵاتیان دا و ڕایگەیاند، نۆرماڵە. لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو بەنزینخانانە دەکەین، کە دەستکاری کوالێتییەکەی دەکەن.
شایانی باسە، ئەو بڕیارانەی پارێزگاری هەولێر دوای خۆپیشاندانە فراوانەکەی شۆفێرانی تەکسی لە نێو شاری هەولێر دژی گرانبون و کەمی بەنزین هات.