ئایندەی پەرلەمان لەبەردەم بژاردەی دووەمدایە

لەلایەن ستاندار Posted on 305 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

هەفتەی ڕابردوو پارتی و یەكێتی زیاتریش دەتوانین بڵێین دووەمینیان پرۆژەیەكیان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان خستەروولە پرۆژەكەدا پێدەچێت یەكگرتووی ئیسلامیش ئاگای لە وردەكاری هەبوو بێت میكانیزمی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە سازدانی كۆبوونەوەیەك لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتی كۆن و دواتریش دەسكێشانەوەیان لە دانیشتنی دووەم خراوەتە بەردەم بزووتنەوەی گۆران و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆیە دەڵێین پێدەچێت یەكگرتوو ئاگای لە پێشنیار هەبووە، چونكە ئەمینداری یەكگرتوو پێش دوو لایەنەكەی تر باسی لەو پرۆژەیە كرد، ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت كە یەكگرتوو ئەگەر دەستیشی لەو پرۆژەیە نەبێت ئاگاداریەتی.

ئەو پرۆژەیە كە زیاتر خواستی پارتی تیا جیاكراوەتەوە چونكە لەیەكەم رۆژی سەرهەڵدانی ئەو كێشەیە ئەوان وەك پارتی ڤیتۆیان لەسەر سەرۆكی پەرلەمان داناوە، لەو پرۆژەیەشدا سەرۆكی پەرلەمان تەنیا بۆ دەستكێشانەوە دێتەوە پەرلەمانی كوردستان، ئەمەیان وایكرد كە هەرزوو داواكەی پارتی و یەكێتی لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕان رەتبكرێتەوە و دواتریش كۆمەڵی ئیسلامی چووە پاڵ هەڵوێستی گۆڕان.

ئێستا دەتوانین بڵێین پرۆژەكە بە مردووی لە دایك بووە، چونكە نەیتوانی چارەسەری گونجاو بێت بۆ دۆخی لەكارخراوی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە گومان دەكرێت كە هەموو لایەك زانیبێتیان كە ئەو پرۆژەیە بەدەردی پەرلەمان ناخوات و رەتدوكرێتەوە، ئەی بۆچی ئەو پێشنیارەیان خستۆتە روو و ئامانجیان چی بوو وە بۆ ئایندە چی دەكەن؟

ئەمانە پرسیارگەلێكن كە لە زهنی  زۆربەمان دەخولێتەوە ، وە گومان دەكرێت كە لە پەنای ئەو پێشنیارە كە خراوەتەوە بەردەم لایەنەكان پرۆژەی دووەم هەبێت كە ئەویش زۆر دەمێكە كاری لەسەر دەكرێت، ئەویش بریتیە لە كاركردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەبێ بزووتنەوە گۆران.

ئەو پێشنیارە داوایەكی لە مێژی پارتیە لەهەریەك لە  یەكێتی و یەكگرتوو كە بێن شوێنەكانی گۆرأن و كۆمەل لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم پڕبكەنەوە، تا هەردووكیان لەگەل پارتی بتوانن زۆرینەی پەرلەمان پێكبێنن و ئەو دۆخە تێبپەڕێنن.

لە رابردوو پێشنیارەكەی پارتی لە لایەن یەكێتیەوە رەتكراوەتەوە، ئەویش بەهۆی دوو خاڵ یەكەمیان یەكێتی ئیلتیزامێكی بەرامبەر بززوتنەوەی گۆڕان هەیە لە چوارچێوەی رێكەوتنامەی دەباشان وە دووەمیشیان بنكەی جەماوری یەكێتی ئەو پێشنیارەی قەبوول نیە كە یەكێتی ببێتە بەشێك بۆ ئاوتكردنی بزووتنەوەی گۆران لە پرۆسە سیاسیەكە .

یەكێتی بەو پێشنیارە تازەیەی دەیەوێت بڵێت ئێستا تۆپەكە لە یاریگەی گۆڕانە ئەگەر بەو پێشنیارە رازی نەبێت دەبێت یەكێتی بۆ بژاردەی دووەم ئازاد بكات، بەڵام ئایا چەندە دۆخی ناوخۆی یەكێتی هاوكاردەبێت بۆ جێبەجێكردنی بژاردەی دووەم، ئەویان لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی یەكلا دەبێتەوە كە تا ئێستا هیچ ئاسۆیەك بەو ئاراستەیە دیارنیە .

ئێستا دەتوانین بڵێین وەك چۆن پێشنیارەی یەكەم بۆ كاركردنەوەی پەرلەمان نەیتوانی پەرلەمان كاربكاتەوە، بژاردەی دووەمیش بەهەمان دەردی ئەوەی یەكەم دەچێت، چونكە نەیەكێتی دەتوانێت ئەو بریار قورسە بدات، كە پشت لە گۆران بكات بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان دەست لە ناو دەستی پارتی بنێت، نە هەلوێستی لایەنەكانی تر بە تایبەت پارتی و گۆران دەگۆڕدرێت، بگرە وەك هەمیشە پارتی پەرلەمانی بێ  یوسف مەحەمەد دەوێت،  لەبەرامبەر ئەوەدا گۆران سوورە لەسەر خواستەكانی خۆی ئەویش كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ مەرج، دواجار بەرەتكردنەوەی پێشنیارەكەی پارتی و یەكێتی بزووتنەوەی گۆران تۆپەكەی هەڵدایەوە گۆڕەپانی سەوزپۆشەكان یەكێتی چ یاریەك دەكات دیار نیە، چونكە زەردپۆشەكان قسەی خۆیان كردووە یاریەكیان دەوێت  بەبێ گۆران،  ئەوەی قەبوولیەتی گۆرەپانەكە بەرووی ئاوەڵایە ئەگەرنا فیتەی كۆتایی یاریەكە لە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمان لێدەدرێت، ئەویش ئەگەر ئەنجام بدرێت و دوانەخرێت !!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.