ریفراندۆم بۆ دیشلەمە خواردنەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 268 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

دوابەدوای ئەو بڕیارە ئەحمەقییانەی پارتی سەبارەت بەجاڕدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان،کاردانەوەیەکی توند لەھەڵوێستی وڵاتە زلھێزەکانو ئیقلیمی لێکەوتەوە،بەگشتی لەدژی ریفراندۆمە درۆزنەکەی پارتی ھاتنەدەنگ، یەکێک لەوانەش ھەڕەشەکانی تورکیای ھاوپەیمانی ستراتیژی پارتیو مەسعود بارزانییە بەداخستنی دەروازە سنورییەکان.ئەمە جارێ ریفراندۆمە ئەم کاردانەوە توندەی لێکەوتەوە،ئەی بەیانی ئەگەر دەوڵەتەکە رابگەیەندرێ ئەبێ کاردانەوەکان چیو چۆن بن؟؟!!.ھەڵبەت ھەموشمان ئەزانین داخستنی سنورەکان واتای خنکاندنی خەڵکی کوردستانە، چونکە ئێستاش دوای ٢٧ ساڵ لەحوکمڕانی سەربەخۆی کورد ماست وپەنیرو کەرەوز وتەرەتیزەشمان لەوڵاتانی دراوسێوە ھاوردە ئەکرێ،بەداخستنی سنورەکان وەزعمان لەقەتەریش خراپتر ئەبێ کە ئاو نیە بیخۆنەوە..

بۆ ھێورکردنەوەی ئەم وڵاتانەش سەرۆکی لێژنەی ریفراندۆمەکەی پارتی کاکە ھوشیار زێباری کۆنە وەزیرە گەندەڵەکەی دارایی عیراق، ھاتە سەر شاشەکانو دوپاتی کردەوە کەوا ریفراندۆمەکەیان  بۆ سەربەخۆیی نیە، مەسعود بارزانیش سێ جار سوێندی بەگۆڕی باوکی بۆ عەبادی خواردوە کە لەعیراق جیانابێتەوە، بۆ ئەردۆغانیشی دوپاتکردەوە کەوا ریفراندۆمەکەی بۆ سەربەخۆیی نیە بەڵکو بۆ فشارە لەسەر بەغدا؟؟؟!!!.

پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە،ریفراندۆم لەھەمو دونیادا بۆ سەربەخۆیی و جیابونەوەیە،تەنانەت ئەو پرسیارەی دایانناوە لەمیللەتەکەیان بکەن ئەوەیە” سەربەخۆییت ئەوێ یان نا”.قەت نەمانبیستوە ریفراندۆم بۆ دیشلەمە خواردنەوە بێت لەگەڵ دەسەڵاتی مەرکەزی وەکو ئەوەی پارتی باسی ئەکات، چونکە دیشلەمە خواردنەوە لەگەڵ بەغدا کارێکی ئەوەندە قوڕس نیە بەتایبەت ئەوەتا رۆژانە وەفدی پارتی ئەچێتە بەغداو لەگەڵ دیشلەمەکە میوەش ئەخۆنو لەخۆشترین میوانخانەکانی زۆنی سەوز دائەبەزن و رەنگە شەوانیش پەرداخی عارەقو وێسکیش لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لێکبدەن، ئیدی کارتی فشاری بۆ چییە؟.

کێشەی بەغداو ھەرێم لەسەر یەک بابەتە ئەویش نەوتەکەیە کە پارتی ئەیدزێ بەبێ ئاگاداری بەغدا.حکومەتی ناوەند بودجەی ھەرێمیشی لەسەر ئەوە بڕێ ،چونکە دەسەڵاتی پارتی نەوتی کوردستان ئەدزنو داھاتەکەی ون ئەکەنو لەولاشەوە ئەچنە بەغداو داوای بودجەی ھەرێمی لێئەکەن، ئاخر حکومەتی عیراقیش ناتوانێ بودجە بەرامبەر بە ھیچ بداتە ھەرێمو خەڵکەکانی ئەوێش لێی قبوڵناکەنو لەھەڵبژاردنەکاندا سزایان ئەدەن،جا ئەوان لەبەر خاتری چاوی رەشی پارتی بۆچی خۆیان توشی سزای گەلی خۆیان بکەن؟..

پارتی ئەگەر بیەوێ بودجە لەبەغدا وەربگرێ ھیچ پێویست بە فشار ناکا، نەوتەکەی رادەستی سۆمۆ بکاو بودجەکەی خۆی وەرئەگرێ؟..

پارتی دوای ئەوەی نوێنەرەکانی لەبەغدا لەسەر دزیو گەندەلی شەقتڕێن کران ئێستا ئەیانەوێ وا لەخەڵکو دەوڵەتانی دونیا بگەیەنن کە ئەمە بۆ کارتی مفاوەزاتە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بەغدا،ئەمەش لەکاتێکدایە پارتی خۆی ئامادە نەبوە نوێنەرە دەرکراوەکانی خۆی بگۆڕێ وکەسی پاکتر لەوان بخاتە شوێنیانەوە لەبەغدا،ئەمەش مەعنای ئەوەیە پارتی خۆی بەغدای تەڵاقداوە، ئێستا ئەگەر بشگەڕێتەوە پێویست بەفشار ناکا بەغدا ھەمیشە باوەشی بۆ کردۆتەوە.

پارتی لەم چەواشەکارییانەی تەنھاو تەنھا یەک مەبەستی ھەیە ئەویش لەبیربردنەوەی مەسەلەی ویلایەتە بەسەرچوەکانی مەسعود بارزانییە..خۆمان بینیمان ھەمو ھەوڵێکیاندا بەپەکحستنی پەرلەمانیشەوە بۆ ئەوەی سەرۆکەکەیان لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام بۆیان نەچوە سەر، ئێستا بەناوی ئەوەی گوایە مەسعود بارزانی پاڵەوانی دروستکەری دەوڵەتی سەربەخۆیە ئەیانەوێ جارێکتر میللەتەکەمان چەواشەبکەنەوە بۆ درێژەدان بەو پۆستەو کاندیدکردنەوەی بۆ جاری چوارەم لەھەڵبژاردنەکانی داھاتودا، ئەگینا من دڵنیام ئێستا گۆڕان رازی بێت بەدرێژکردنەوەی ویلایەتەکەی بارزانی، بۆ یەک ساتیش باسی ریفراندۆمو دەوڵەتی کوردی ناکەنەوە..

دڵنیام ئەو ریفراندۆمە شکست دێنێ بەھۆی فشارە توندەکانی نێودەوڵەتیو ئیقلیمییەوە، ئەوسا پارتی پاشگەز ئەبێتەوەو ئەمجارەیان ھەوڵئەدات خەتاکە بخاتە سەر ئەستۆی گۆڕانو کۆمەڵ پروپاگدندەی ئەوە ئەکەن گوایە ئەوان نەیانھێشت یەکریزی میللەت بێتە کایەوە بۆ سەرخستنی ریفراندۆمەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر خۆیان دەیانجار دوپاتیان کردەوە کەوا گوێ بەھیچ لایەک نادەنو ھەر خۆشیان وتیان زیاتر لە١٠٠ دەوڵەتی جیھان چاوەڕێی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردین،نازانم ئەو سەد دەوڵەتەش پەشیمان بونەوەتەوە لەپشتگییریەکانیان،یا لەئەسڵا بونیان نەبوە تەنھا لەمێشکی فەلاح مستەفاو ھێمن ھەورامیدا نەبێ؟!.دوریش نیە ئەو دەوڵەتانەی ئەم دوانە باسیان کردوە، بەنگەلادیشو کۆنگۆ و دۆمەنیکانو جزر القمر بن، ئەگینا کوان ئەوانەی فرمێسکیان بۆ دەوڵەتە سەربەخۆکەی پارتی ئەڕشت؟؟!!..

لەجیاتی ئەوەی حەکیمەکانی ناو پارتی ھەمیشە بەدوای سیناریۆو پیلانی دژ بە میلەتو لایەنە سیاسیەکانەوە بن،بە سەفقەی خیانەتکارانە وەزعەکە درێژە پێبدەنو، بەفڕتوفێڵی کاراکردنەوەی پەرلەمان خەڵکی چەواشە بکەن، با بۆ یەکجاریش بێ راستگۆیانە بێنە مەیدانو، وەزعی میللەتەکەیان ئاسایی بکەنەوە، ھەر لەچاکردنی بژێوی خەڵکو چارەسەرکردنی کێشە قوڵەکانیان، تا ئاشتبونەوەیەکی گشتی لەگەڵ ھەمو لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی،بەگەرخستنەوەی حکومەت بۆ چاکسازی ودژایەتی گەندەڵیو شەفافکردنی مەلەفی نەوتو رەخساندنی ھەلی حکومداری لەبەردەم ھەمو لایەنەکان بەیەکسانی و دەستھەڵگرتن لەدیکتاتۆریەتو تاکڕەوی، ئەوسا ھەمو میللەتو لایەنە سیاسییەکانیش مەمنونی پارتیو مەسعود بارزانی ئەبنو،لەھەر ھەنگاوێکیش بۆ سەربەخۆیی پشتگییریان ئەکەن، بەمەش کوردستانەکەمان ئەگات بە ئامانجە دێرینەکەی لەدامەزراندی کیانێکی سەربەخۆ کە ببێتە شانازی بۆ ھەمو میللەتەکەمان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.