ئەفسانەکەی نێچیرڤان بارزانی

لەلایەن ستاندار Posted on 477 جار بینراوە

د.ره‌عد ره‌فعه‌

پێش لەسێدارەدانی “صدام حسین”ی سەرۆکی عێراق، ئەفسانەیەک دەخولایەوە لەسەر کەسایەتیەکەی؛ گوایە چەندین کەسە نزیکەکانی خۆی هەوڵی تیرۆرکردنیان داوەو کاتێک نزیک دەبنەوەلێی وهەوڵی دەرهێنانی دەمانچەکانیان دەدەن، سەیری چاوی صدام دەکەن وسامێک دەیانگرێت وئیتر پاشگەز دەبنەوە لەبڕیارەکەیان.
پێدەچێ نێچیرڤان بارزانیش هەمان ئەفسانە بۆی راست بێت بۆ ئەندامانی کابینەکەی لەوەزیرەکانی، بەڵام بەشێوازێکی تر ؛ ئەفسانەکەی نێچیرڤان بارزانی ترس نیە بەڵکو پێدەچێ جۆرێک بێت لەخۆشەویستی، تێکەل بەرێزو ئیحترام، تێکەڵ بە پاراستنی بەرژەوەندی، تێکەڵ بە هیوای وەزیراتی لەکابینەکانی داهاتوو، کەمێکیش تێکەڵ بە چاوچنۆکی.
دوێنێ نێچیرڤان بارزانی زۆر بەراشکاوی وئاشکرایی وجۆرێک لەتەحەدی رایگەیاند کە: وەزیرو نوێنەری حزبەکان لە حکومەت ئاگاداری هەموو شتێکن وئەو حزبانە (گۆڕان وکۆمەڵ ویەکگرتوو) دووڕوی ونیفاق ئەنجام دەدەن لەرێگای فراکسیۆنە پەرلەمانیەکانیانەوە کە فێڵ لە خەڵکی کوردستان دەکەن گوایە گرێبەستەکانی نەوت وبڕیارەکانی حکومەت ناشەفاف وپڕن لەگەندەڵی. هەروەها گووتی: دەبێ ئەو حزبانە خۆیان یەکلا بکەنەوە؛ یان دەبێ لەحکومەت بن یان دەبێ ئۆپۆزسیۆن بن.
ئەو ووتانەی بارزانی بێ منەتیەکی زۆری پێوە دیارە بۆ حزبەکان، وهەروەها حزبەکانی پێکهێنەری حکومەتی زۆر ئیحراج کردوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکی حکومەت پاش ئەوەی چەندین مانگە خەریکی بەئەنجامدانی ئەو گرێبەستەیەو لەم هەفتەیە خۆی وجێگرەکەی گرێبەستەکەیان واژۆکردوە، کەچی دوێنی نێچیرڤان بارزانی لەماڵی خۆی وبێ رەچاوکردنی ئەتەکەێتی پێکهێنانی حکومەتی ئیئتلافی ولەکۆبونەوەیەکی نافەرمی ئەنجامی گرێبەست وگرنگی گرێبەستەکەی بۆ وەزیرە بەرێزەکان رونکردەوە.
پێدەچێ ئەو وەزیرە بەرێزانە لەبیریانکردبێت ئەوان نوێنەر وهەڵبژێردراوی حزبەکانیانن لەناو کابینەی هەشتەم، کەکابینەیەکی ئیئتلافی تەوافقیەو نابێت هیچ بڕیارێکی ستراتیژی لەو حکومەتە دەربچێ بەبێ تەوافق وگەرانەوە بۆ رای حزبەکانیان. ئەمە بڕیاری یەکەمی سەرۆکی حکومەت نیە دژی بەرژەوەندیەکانی هاونیشتمانیان -کە وەزیرەکان پێوەپابەندەکات وبێدەنگیش هەڵدەبژێرن-، بەڵکو ئەو بێدەنگیە خۆی واوێنادەکات کە ئەو وەزیرە بەرێزانە وەزیری نێچیرڤان بارزانی بن وهەر ئەویش کاندیدی کردون بۆ پۆستی وەزیری ودەبێ ئەجێندای سەرۆکی حکومەت بۆ حزبەکانیان روونبکەنەوە نەک بەرنامەی حزبەکانیان لەحکومەت جێبەجێبکەن.
لەکۆتاییدا پێویستە بگوترێ کە ئەگەر هاتوو مومارەسەو بێدەنگی ئەو تیمەی حکومەت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا زیانێکی گەورە دەگەیەنن بە متمانەو سومعە وریژەی جەماوەرێتی حزبەکانیان پێش ئەوەی زیان بگەیەنن بەرژەوەندی وئایندەی نەوەکانی داهاتووی خەڵکی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.