عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
چەند ڕۆژێکە باس باسی ئەنجامدانی گرێبەستی نێوان کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕووسی وحکومەتی هەرێمە ، گوێم لەهەندێ کەس دەبێت بە بێ ئەوەی ئەلف وبێ لەئەنجامدانی گرێبەست ومەرجەکانی بزانێت هەرلەخۆیەوە باس لەشەفافی وسەرکەوتن و سودوقازانجی گرێبەستەکە دەکات ، بەشێوەیەک خەریکە کۆمەڵگەش قەرزاربار دەکەن کە شایی ولۆغان ناگێڕن بۆئەو سەرکەوتن ودەستکەوتە گەورەیە کە دەوڵەتمەداران سەرۆکی حکومەت وجێگرەکەی بۆیان بەدەستهێناون .
ئەوانەی کە زۆر باس لەشەفافی ئەم ڕێککەوتنە دەکەن ، باوەڵاممان بدەنەوە وپێمان بڵێن باشە کە ؛
ــ نوێنەری حکومەتی هەرێم لەڕوسیا خۆی دەڵێت کە نە ئاگادارکراوم و نەپرسیشم پێکراوە و نەبانگهێشتیشکراوم بۆ ڕێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکە ، ئیتر تۆ چۆن لێرەوە بەدەپەنجە مۆری شەفاف بوونی بۆ لێدەدەی .
ــ د.نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک زۆر بەڕاشکاوی ووتی کەئاگاداری ناوەڕۆکی گرێبەستەکەنیم و هیچیشم پێ نەوتراوە ،لەکاتێکدا بەشی زۆری ئەو نەوتەی گرێبەستی بۆکراوە هی سنوری پارێزگای کەرکوکە کەئەو سەرۆکی یەکەکارگێڕیەکەیەتی
ئیتر پێم ناڵی تۆ بۆخۆت کردۆتە پارێزەری دەوڵەتمەداران .
ــ نەپەرلەمانی کوردستان ونەهیچکام لەپەرلەمانتاران نەلە دوور نە لەنزیک ئاگایان لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکە نیەو نەبوە تەنانەت کورد واتەنی پرسەگورگانەشیان پێنەکراوە کەئەمەش ناشەرعی ونایاسایبونی گرێبەستەکە دەسەلمێنێت ونیشانەی گەورەی پرسیاریشی لەسەر دروستدەکات ، کەچی تۆ وافێرکراویت کە لێرەو لەوێ هەر بەشان وباڵی گرێبەستەکەدا هەڵبدەیت .
ئەم حکومەتە هێندە ناڕاستگۆو ناشەفاف بوە لەبەڵێن وکاروگرێبەستەکانیدا زەڕڕەیەک متمانەی بۆخۆی نەهێشتۆتەوە ،
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆببێتەوەو ئەجێندای کۆبونەوەکەیان تایبەت بێت بەباسکردن لەچۆنیەتی ئەنجامدان وجێبەجێکردنی ڕێککەوتن وگرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێم وکۆمپانیای ڕۆژنەفتی ڕووسی .
بۆیە داواکارم لەستافی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی ئامادەبوو لەو کۆبونەوەیەدا زۆر ڕاشکاوانە قسەی خۆیان بکەن و چیتر بێدەنگی هەڵنەبژێرن ، و بشپرسن لەسەرۆک وجێگرەکەی ئایا نەدەکرا ئەم کۆبونەوەیە پێش واژۆکردنی گرێبەستەکە ئەنجام بدرایە ، بشپرسن ئەمەی ئێوە دەیکەن و دوای گرێبەستەکە لەگەڵمان کۆدەبنەوە ڕێک لەو پەندە کوردیە دەچێت کەدەڵێ لەپاش باران فەرەنجیم بۆچیە .
خوازیارم دوای کۆبونەوەکە هەرهیچ نەبێت گەر هەموشتان نەبن کەدڵنیاشم نابن چەند کەسێکتان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازبکەن و پێمان بڵێن چیتان وت و چیتانکرد ، ئایا بڕواتان بەشەفافبونی گرێبەستەکە کرد ؟ ئایا پێتان وایەکەگرێبەستەکە لەپێناوی قازانجی خەڵکی کوردستاندایە یان ئەندامانی دوو بنەماڵەی کوردستان ؟
ــ ………… ۷ی ئایاری ۲۰۱۷ ز.