عەبدولحەکیم زراری
2-2
نامەوێت لەوە زێتر قسە لەسەر تێز و جیھانبینی سیکۆلاریزم بکەم لە ھەڵوێست وەرگرتنی لە ھەمبەر دین بە گشتی و ئیسلام بە تایبەتی، چونکە ئەمە بابەتێکی ترە و دەکرێ لە دەرفەتی تر بە قووڵایی ئەو پرسە شۆڕبینەوە خوار و بە تانو پۆیدا بچین، بەڵکو ئەوەی ئێمە لێرە گەرەکمانە ئیستیکی لەسەر بکەین و بیخەینە بەر باس و خواس ئەوەیە کە ئەگەر نوخبەی سیکۆلار راست دەکات ھێندە بە خەمی کۆمەڵگاکەیەتی و دەیەوێت بژاری کرچ و کاڵییەکانی بکات، پێویستە سەرەتا ئەولەویات لە خستنەرووی کێشە و ئاریشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا رەچاو بکات و بیانخاتە روو، لە جیاتی ئەوەی پەرۆشی ئەوە بێت نەوەیەکی دردۆنگ و یاخی لە ترادیسیۆنی ئایینی پەیدا بکات کە بە بۆچوونی بەندە تاکەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی گشتی ھیچ کێشەکیان لە گەڵ خودی دین نییە تا یەخەی پێ بگیرێت و ئیشکالییاتەکانی بۆ بووروژێنرێت و داوای رازی بوونی لێ بکرێت بۆ چاکسازی لێ کردن و گونجاندنی لەگەڵ میزاج و نیەت و ئەجیندا سیاسییەکان.. بەڵکو کێشەی جەوھەری و بونیادی ئەمرۆی ئەم خەڵکە پەیوەستە بە پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و بێ بەش کردنی ھاووڵاتییانە لە کەمترین خواستەکانیان کە بریتییە لە خۆشگوزەرانی و بەڕێکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە و سەربەرزانە، ھەموو ئەمانەش بەرھەمی ئەو نادادپەروەری و نا یەکسانی و نادامەزراوەیی بوونەیە کە ئەم سیستمە حزبییەی ئێستا حوکمڕانی ھەرێم دەکات بەرھەمی ھێناوە، کە ھەناسەی بەردەوام بوونی ژیانی لە سەروەر نەبوونی یاسا و بە دامەزراوەیی نەکردنی سێکتەرەکانی حوکمڕانی و پاوانخوازی حزبی و گەندەڵکاری و ناشەفافی لە داھات و خەرجییەکاندا وەردەگرێت، بەجۆرێک قڕی و پڕییەکی ئاوا بێ رەزای خوڵقاندووە کە خەڵکانێکی زۆر لەبەریان دەبڕێت و کەسانێکی کەمیش لەسەریان دەڕژێت، ھەر بۆیە سیاسییەکانی ئەم سیستمە نەک لە خەمی مافی مرۆڤ و مافی کۆمەڵگادا نین، بەلکو سەرقاڵی گۆڕینی کوردستانن بۆ دەغیلەیەکی گەورە بۆ خۆیان و دارودەستەکانیان. بۆ ئەم مەبەستە میدیا وەک شوێنی شێواندن و بیربردنەوەی دەردەکان بەکاردەھێنن، دەخوازن مرۆڤ بگۆڕن بۆ کۆیلەیەک کە ھەستی عەدالەتی بیرچووبێتەوە و ھەستی بە مافەکانی خۆی لە یاد کردبێت و لە ھەوڵی ئەوەدان ئەم زامانە بە تریاک و بەنجی راگوزەر سووکبکەن. بۆیە دەبوو نوخبەی سیکۆلار لە باتی رەخنەی فیکر و فیقھی ئیسلامی و ئیسلامییەکان بکەن،و شک و گومان بخەنە سەر دەقە ئاینییەکان بە ھەنجەتی بوونی ئیشکالییەت و ریفۆرم تێداکردنی، بھاتبان بە جیددی قسەیان لەسەر ریفۆرم کردنی ئەو سیستمە سیاسییە حزبییە ئیفلیج و سەقەتەی لەمەڕ خۆمان بکردبا و بەردەوام پرسیار و گومانیان ھەبووایە لەسەر ئیشکاڵییەتی دامەزراوەیی بوونی کۆی ئەو دەزگا سەرەکییانەی وڵاتەکە بەڕێوەدەبەن، ئیدی لە دەزگا سیاسییەکانەوە بیگرە بۆ دەزگا ئابووری و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکان، بۆ دەزگاکانی داوەریکردن و بەشی ھەرە زۆر میدیاکان، تاوەکو نەوەیەکی ھۆشیار و بە ئاگایان لەمەڕ پرسەکانی پەیوەست بە مافەکانیان بھێنابایەکایەوە، کە ئەمڕۆ تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە دەستەویەخەیەتی لەگەڵ ئەم کێشانە. ھەروەھا لە جیاتی ئەوەی خەمی ئەوەیان بێت ئایینی ئیسلام لە ژیانی سیاسی و ئابووری و حوکمڕانی داببڕن و دابڕانێک لە نێوان ژین و دینی ئەم خەڵکە بکەن بە جۆرێک ئایین تەنھا وەک رێتوالێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ئافەرۆزی تەواوی رەھەندەکانی تری بکرێت. بھاتبان و ھەوڵی خۆیان و توانا زیھنییەکانییان لەوەدا چڕ بکردباوە کە چۆن دەستی حیزب لە ناو کایەی دەوڵەت و دامەزراوە حکومییەکان ببڕن و دابڕانێکیان لە نێوان حزبایەتی و دەوڵەتداری بکردبا.
سیکۆلارەکان لە جیاتی ئەوەی بێن باس لەو عەقڵییەتە سەقەتە بکەن کە ئێستا ئەو ھەرێمەی پێ بەڕێوە دەبرێت و بە چ ئاقارێکی خراپی بردووە کە ھیچ کەسێک ئێرەیی پێ نابات، کەچی دێن یەخەی ئایین دەگرن و ئەو گینگل و خوڵ خواردنەی ھەرێمی کوردستان لە ئەلقەیەکی بۆش و باڵا نەبوونی لە رووی پێشکەوتن و بە شارستانی بوونەی، دەخەنە سەر ئەستۆی ترادیسیۆنی ئیسلام و ئیسلامیزم، گوایە ئێمەش لە ناو دۆگمایەکی ئایینیدا نوقم بووین و لە رەوتی شارستانییەت جێماوین بۆیە دێن ئەو مۆدێرنەیەی خۆرئاوا لە پاش ریفۆرمی ئایینی مەسیحی لە سەدەی شانزەھەمەوە لێی بەھرەمەند بووە، بە کولک و پێستییەوە بە بێ رەچاو کردنی سیاقی مێژوویی و جیاوازبوونی سروشتی ئایینی ئیسلام لەگەڵ ئایینە بەلارێدراوەکانی مەسیحی و یەھودی و جۆری ئەو ئینڤایرۆنمینتەی کە ئەوروپای تێیدا گوزەراوە، لەسەر ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە جێ بەجێی دەکەن، ھەمدیس لە بری ئەوەی خۆیان شین و مۆر بکەنەوە لەسەر زەرورەتی ریفۆرم کردن لە بواری خوێندنی ئایینی و گوتاری ئایینیدا، بھاتبان جاڕی ریفۆرم و ئیسلاح کردنیان لەسەر تەواوی سێکتەری پەروەردە و پڕۆسەی فێرکردن و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان بدابا، کەھەرچی ناوی پەروەردە و فێرکردن و باڵابوونی خوێندنی ستانداری جیھانی ھەیە لە قوتابخانە و زانکۆکاندا نییە، وێرانبوونی زانکۆکان و دروستبوونی نوخبەیەکی ئەکادیمی ئیفلیج و بێ بەرھەم کە بە ژمارە گەورەن و بە بەرھەم تا دوا ئەندازە بچووک کە خاوەن لە قەبی ئەکادیمییە و کەچی خاڵی لە ھەر سەرمایەیەکی مەعریفی، دەبوو نوخبە و رۆشنبیرانی سیکۆلاریست فۆکەسیان زیاتر لەسەر ئەم پنتە بێ و ھەموو ھەوڵ و کردوکۆششەکانیان بۆ راستکردنەوەی ژیانی ئەکادیمی بێ و بە بەشێکی گرنگی بەرنامەی خۆیانیانی بزانیبایە. سیکۆلاریستەکان لە جیاتی ئەوەی خەریکی ناشیرنکردنی وێنەی جوانی ئیسلام و کەمکردنەوەی مەزنییەتی ئەم ئایینە بن، بھاتبان وازیان لە ماکیاژ کردن و جوانکاری کردنی ناشیرنییەکانی دەسەڵات و ئەو شێوازە مومارەسەکردنەی ھەیەتی لە حوکمڕانیدا بھێنابا. سەیرە نوخبەی سیکۆلار دێت خەڵکی بە ئاگادەکاتەوە لەسەر کارکردن لەسەر مەسەلە خیلافییەکان و ئەوەی پەیوەستە بە حوکمە شەرعییەکان و حەلال و حەرام لە ئایینی ئیسلامدا، کەچی لەم لاوە کار لەسەر بێ ئاگایی و بەنج کردنی جەماوەر دەکات لەسەر کێشە جەوھەری و قەیرانە سەخت و کوشندەکانی ئەمڕۆ کە دەسەڵاتی دەستڕۆیشتوو لێی بەرپرسیارە….
بەم شێوەیە دەسەڵات سوود لەم توێژە دەبینێت و ھەوڵدەدات لەلایەک بیانکات بە مەخلوقێکی بێ دەنگ و تەنھا کاریان لێکۆلینەوە و شیعر و رۆمان نووسین بێ و کاریان بەسەر چارەنووسی کۆمەڵگاکەیەوە نەبێت، و لایەکی تریش بۆ ماکیاژ کردنی ناشیرینییەکانی خۆیانی بەکاریان دەھێنێت. بەمەش خەڵکی بە خۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن بە وروژاندنی چەند پرسێک کە لە حەقیقەتدا خەمی ئەوان و کێشەی راستەقینەی کۆمەڵگا نییە. ئەمەش تەنھا لە پێناو لە بیربردنەوە و سڕکردنیانە لە ھەمبەر تەواوی ئەو کێشە و قەیرانانەی کە نووزەیان لە بەر کۆمەلگا بڕیوە. کەچی لە کاتێکدا رۆڵی رۆشنبیر و نوخبەی کۆمەڵگا ھەروەکو سۆسیۆلۆجی فەرەنسی (پییر بۆردیۆ) ئاماژەی پێدەکات کە دەروەست و خۆبەپرسزانە لەبەرامبەر ئەو گرفت و ھەڕەشانەی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ رووبەڕووی دەبنەوە، ھەربۆیە ئەو پرسیارەی کە دەڵێت: ئاخۆ دەبێت رۆشنبیر لە رۆژگاری ئەمرۆدا دەبێت چ رۆڵێک بگێڕێت؟ (بۆردیۆ) لە وەھا پرسیارێک دەگەڕێتەوە سەر ئەو تێزەی دەڵێت “رۆشنبیر ئەو کەسەیە پێگە سروشتییەکەی جێ دێڵێ و خۆی لە مەسەلەیەک ھەڵدەقورتێنێ کە پەیوەندی بەوەوە نییە” واتە پێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن رۆشنبیر ئەوەیە کە تەنیا لە دونیای بیردا لێکۆلینەوە دەکات و رێ و شوێنی سروشتی خۆی جێناھێڵێت، بەڵکو پێیوایە رۆشنبیر ئەو کائینەیە تێکەڵ بەو گیروگرفتانە دەبێت کە ھیچ پەیوەندییان بە کەسی خۆیەوە نییە.
لەبەر ئەوە بارودۆخ ھەر چۆنێک بێت پێویستە رۆشنبیران جا سەر بە ھەر ئایدیا و ئایدیۆلۆژیایەک بن، قسەی خۆیان ھەبێ و رەخنەی جیددیان لە کەموکوڕی و چەوت و چەوێلییەکانی سیستمی سیاسی بە پلەی یەک و ئینجا بۆ کایەیەکانی تر ھەبێت، ھەر بۆیە جیددیەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی قەیرانەکانی ھەرێم خاڵێکە ناکرێت چیتر ھیج خوێندەوارێکی ئەو وڵاتە کە دڵی بە پاشەرۆزی کۆمەلگا بسووتێت ، فەرامۆشی بکات. نەک وەک ئەوەی نوخبەی سیکۆلار دەیکات کە تەنھا و تەنھا کاریان رەخنەگرتنە لەسەر کەلەپووری ئیسلام و تێکستە دینییەکان لە بەرامبەردا لە ئاست ئەو قەیران و ئاریشانەی کە لە ھەناوی سسیتمی سیاسییەوە بەردەبنەوە ناو کۆشی جەماوەر، خۆیان لە ئاستیدا گێل دەکەن و ھەر بەلاشیدا ناڕۆن.
ھەموو ئەمانەش پێمان دەڵێن کە بەم دواییە دەسەڵات لە بواری میدیا و کۆمێنیکەیشندا رووبەڕێکی شێوە ئازاد لە ئیشکردن و قسەکردن و رادەربڕینی بۆ ئەم توێژەی کۆمەڵگای ئێمە (نوخبەی سیکۆلاریستەکان) لە دەزگاکانی راگەیاندنی خۆیاندا فەراھەم کردووە، وەکو ستراتیژییەتییەک تا بەھۆیە بتوانێت لە رێگایانەوە خوێنەر و بینەر بە دەوریان کۆ بکاتەوە و پاشان لە چرکەساتی خۆیدا ھەمان ئەو خوێنەر و بینەرانە بکەن بە خوێنەر و گوێگری ئاراستە ستراتیژی سیاسی و حیزبییان، بەم ھەنگاوەشی دەتوانێت دوو ئامانج بپێکێت: یەکەمیان لە رێی ئەم نوخبەیەوە دەسەڵات ئەجێندا حیزبییەکەی جێ بەجێدەکات و جەماوەریان بۆ دروست دەکات. دووەمیشیان کێشە و قەیرانە سەرەکییەکانی پێ لە بیر خەڵکی دەباتەوە و بە شتی تریانەوە سەرقاڵ دەکات کە خەم و خەونی ئەوان نییە.
کۆتایی قسەشم بەو گفتوگۆیە دەھێنم کە یەکێک لە خوێندکارەکانی (کۆلیجی دی فرانس) رووی دەمی دەکاتە (فۆکۆ) و لێی دەپرسێت، بۆچی لە تەلەفزیۆندا دەرناکەویت؟ (فۆکۆ) لە وەڵامدا دەڵێت: (بۆ دەرکەوم، ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوان پەسندی ناکەن و بە دڵی دەسەڵاتداران نییە، ئەوەشی بە دڵی ئەوانە من نایڵێم).
بۆ ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
١- چەند بابەتێکی فیکری – شوان ئەحمەد.
٢- نیگایەک لە ئێستا خەونێک بۆ سبەی – مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح، رێبین ھەردی.
٣- عەلمانییەت و ئسوڵیەت- عەفیف ئەخزەر، و. شوان ئەحمەد
٤- کوردستان لە نێوان پەرتبوون و یەکبووندا – عەتا قەرەداغی
٥- کۆتایی سەردەمی حیزبی جەماوەری – ئاراس فەتاح
٦- تەنگژەی فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی – ھاشم سالح، و. شوان ئەحمەد