گۆرینی ھەرسێ سەرۆکایەتی یەکە تەنھا چارەسەرە بۆ دۆخەکە …..

لەلایەن ستاندار Posted on 260 جار بینراوە

زەبەنگ بەھادین

گفتو گۆی سیاسی بە مانای دەستەبەر کردنی خواستی تەندروست لە رێگەی پێداگری لەسەر ھەندێک بابەت کە چارەنوس سازەو داھاتووی سیاسی ناوچەکەو پارتەکە  بەرەو ھەڵکشان دەبات وە دەست بەردان لە ھەندێک وویست بۆ بەردەوام بوونی داینەمۆی سیاسی و ھاتنە دەروە  لە چەقبەستووی سیاسی و کۆمەلایەتی , رەنگە ھەندێک جار لایەنێکی سیاسی براوە بێت لە گفتو گۆ وە ھەندێک جاریش دۆراوو بێت و پێویست بکات سەر لە نوێ بە ریتمێکی تازەو گفتو گۆ بکاتەوە  , گرنگ ئەوەیە ئەو بردنەوەو دۆرانە نەبێتە فاکتەرێک بۆ لاواز بوونی پارتە سیاسی یەکە و دۆخی میللەتەکە لە داھاتوودا وە نەبێتە ھۆی تێکشکانی بنەماکانی سیاسەت و بەرژەوەندی کۆمەڵگا , پێناسەی تازە سیاسەت ئەوەیە کە چۆن پارتێکی سیاسی خوێندنەوە بکات بۆ وویست و خواستی کۆمەڵگاکەی و داھاتوی سیاسی ناوچەکەی وە چۆن پێداویستی یە گرنگە کانی تاک لەو کۆمەڵگایەدا  بە دەست بھێنێت , ئەم پێداویستی یانە رەنگە لە ووڵاتێکی وەک سوید کە دیموکراسی یەت تێدا واڵایەو مافی مرۆڤ بە یاسا پارێزراوە جیاوازی یەکی زۆری ھەبێت لەگەڵ ویستەکانی کۆمەڵگای کوردی ھەرێمی کرودوستان دا .

کاتێک پارتێک لە سوید بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکات ئەو کۆمەڵگایە لەو رەھەندە دەرچووە و ئەو کاتەی تێپەراندووە کە داوای یەکسانی و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات و مافی مرۆڤ بکات , چونکە خودی ئەم وویستانە دەمێکە بەدیھاتووە و چەسپاوە لەو ووڵاتە , بۆیە کاتێک ئەو پارتە بانگەشە دەکات دەچێت ھێڵێک دەدۆزێتەوە کە خواستی ھاونیشتیمانیان بێت , یەکێک لەو پارتانەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی دەکرد بەڵێنی پەرەپێدان بە روواندنی دار و سەوز کردنی ووڵاتەکەو پاککردنەوەی ژینگەی ووڵاتەکەی دەدا بە ھاونیشتیمانیانی , ئەمە بیرێکی زیرەکانەوە خوێندنەوەیەکی ووردە بۆ خواست و ویستی کۆمەڵگاکەی , بۆیە دەبینیت لە ھەڵبژادرن دەنگی باش دەھێنێت و سەردەکەوێت .

لە کوردوستان بەدەر لەوەی کە زۆرینەی بانگەشە سیاسی یەکان بە تەنھا قسەیەو جێبەجێکردنی نی یە , ھەمیشە خوێندنەوەی خراپ کراوە بۆ دۆخەکەو داخوازی یەکان , کاتێک پارتێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە نەوت سەربەخۆ دەفرۆشین و ئازادی ئابووری بە دەست دەھێنین ئەمە ھاونیشتیمانیان دڵخۆش دەکات و لایەنگری ئەو پارتە دەکەن , بەڵام کاتێک دەبینن فرۆشتنی نەوتەکە زۆر نا شەفافەو بگرە لە بری سوود مەند بوون زەرەرێکی گەورە بەر ئابووری ووڵاتەکە کەوتووە بە جۆرێک وای لێدێت کەس نازانێت ئێمە نەوت دەفرۆشین یان دەیکرین , کاتێک لە دوای فرۆشتنی نەوت مووچە کەم دەکات و حکومەتەکە ملیارەھا دۆلار قەرزار دەبێت ,ئەمە میللەتەکە توشی شۆک دەکات .  کاتێک بەڵێنی بە دووبەی کردنی کوردوستان ئەدرێت و لە بری ئەوە ھەموو پرۆژەکان ئەوەستێت و کۆمپانیاکان ئیفلاس دەبن , ئیتر متمانە نامێنێت لە نێوان ھاونیشتیمانیان و دەسەڵات دا .

ئێستا میللەت و حیزبەکان متمانەیەک نەماوە لە نێوانیان دا , کاتێک بانگەشەی ریفراندۆم دەکرێت و دەوترێت ئەمە پەیوەندی بە سەربەخۆی یەوە نی یە , ئەبێت تاک چ خوێندنەوەیک بۆ ئەم پرسە بکات ئەبێت بڵێت چی ؟ پرسێکی وەک ریفراندۆم لە ھەموو پرسەکان زیاتر پێویستی بە گفتو گۆی سیاسی و رێککەوتن ھەیە ئەگەر بابەتەکە نیشتیمانی و گرنگ بێت . کوردوستان ئێٍستا نەک بە تەنھا لە چەقبەستوی تەوادایە بگرە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو دواوە دەکشێتەوە ئەگەر بەمجۆرە کار بکرێت لە سیاسەت و مومارەسەی سیاسی ئەوەی ھەشمانە لە دەستی  ئەدەین و سەرەنجام ھەرێم ئەکەوێتە گێژاوێکی گەورەوە .

کێشە ئەوەیە بۆ چاررەسەری کێشە سیاسی یەکان لە کوردوستان ھەمیشە یان دەرزی یەکی بەنج بەکارھێنراوە یان بە ھەڵە چارەسەر کراوە , ئێستا دەبینن پەرلەمان لە کار خراوە , وە بۆ پرسی ریفراندۆم ھەرێم پێویستی بە کاراکردنەوەی پەرلەمانەو پێویستی بە دەرکردنی یاساکانی تایبەت بە ریفراندۆم ھەیە , بۆیە زۆر گرنگە ئێستا پەرلەمان کارا بکرێتەوەو کار بکات و کایە سیاسی و یاسایی بھێنێتەوە سەر رێچکەی تەندروستی خۆی , بەلام کاتێک کەسێک بە ھەر رووداوێک بێت ھەردوو قاچی و ھەردوو دەستی بشکێت وەک ئەم دۆخەی ئێستای ھەرێم , سەرۆکی ھەرێم ماوەکەی بەسەر چووە , سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کار خراوە , حکومەت لەو پەری دۆخی خراپی بەرێوەبردن و دارایی یە , بە جۆرێکی لێھاتووە نیوە زیاتری گیانی دەسەڵات تێکشکاوە لە کوردوستان . بۆ چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشە تۆ بێیت و بڵێیت با قاچێکی شکاوی ببرینەوەو ئەوا‌نەی تریشی چارەسە نەکەین ئەمە خراپتر کردنی نەخۆشەکەیە , رەنگە ئێستا بە زۆر بە دەرزی بەنج دۆخەکە بەرێبکەیت کە زۆر ئەستەمە  لە دوای ئەو ھەموو بەنجە ئەمجارە نەخۆشەکە بەنج بیگرێت , سەرەنجام ئەو کاتەی دەسەڵات دەیەوێت ھەستێتەوە سەر پێ و بروات بە قاچێکی براوەوە و بە قاچێکی شکاو بە دوو دەستی شکاوە بە تەواوی دەکەوێت و رەنگە مەرگیشی نزیکتر بێتەوە .

ئێستا لە کوردوستانی باشوور کێشە لە لابردنی سەرۆکی پەرلەمان نی یە ئەگەر سەرجەم کێشەکانی تری پێوە چارەسەر بکرێت , بە واتا با سەرۆکی پەرلەمان ھەر لە گۆران نەبێت لە لایەنێکی تر بێت بەو مەرجەی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم چارەسەر بکرێت و یاسای بۆ دەربکرێت , یەکەم لایەن پرۆژەی بۆ پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم پێشکەش کرد یەککگرتووی ئیسلامی بوون , کەواتە با ئەو پرۆژەیە جێ بەجێبکەن کە خۆیان پێشکەشیان کرد بۆ گۆرینی سیستمی حوکومرانی بۆ پەرلەمانی و گۆرینی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم , خۆ ناکرێت بە تەنھا سەرۆکی پەرلەمان لا بدەیت و دۆخەکە خراپتر بکەیت  وە بڵێت دەی ئەوا پەرلەمان کارا کرایەوە ئێوە داوای ئەوەتان نە ئەکرد .

پاشان کاراکردنەوەی پەرلەمان بێ چارەسەری دۆخە سیاسی یەکە چ سودێکی ھەیە , بە پچێەوانەوە بێ دەستکاری کردنی سیستمی سیاسی لە کوردوستان تەنانەت ریفراندۆمیش سەرناکەوێت رەنگە ئەمجارە بە نەخێر زیاتر دەنگ بێنێت گەر بەم دۆخەی ئێستاوە بخرێتە دەنگدانەوە ئەو کاتە  ئەوەی ھەشمانە ئەفەوتێت .

ئەوەی ئێستا یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان ئەیکات گفتو گۆی سیاسی و چارەسەری دۆخەکە نی یە بگرە ئاڵۆزتر کردنی دۆخەکەیە , یەکێتی بە تەنھا ویست و خواستەکانی پارتی ئەگەیەنێت , ئەوان ھاوسەنگی سیاسیان رانەگرتووە , ئەمەش بە زرەری زیاتر یەکێتی و کایە سیاسی یەکەی کوردوستان ئەشکێتەوە ,چونکە ھەموو باش ئەزانن  گۆران ئێستا بە تەنھا ئەوەی بە دەستەوەیە کە پارێزگاری لە سەر بنەما یاسایی و پرنەسیبە دیمورکاسی یەکانی خۆی بکات , گۆران ئێستا خۆی بە پارێزەری مافەکانی ھاونیشتمانی و ھەژاران دەزانێت , لە ھەموو کات زیاتر پەیوەستە بە رێبازی رێبەرەکەیەوە , ھەر تەنازولێک لەم پرنسیپانە دارمانی گۆران بە دوای خۆیدا دەھێنێت .

تەنھا چارەسەر بۆ ئەم دۆخەی ئێستا ئەوەیە کە پێشنیارەکەی یەکەمجاری پارتی جێبەجێبکرێت ئەویش لە گۆرینی ھەر سێ سەرۆکایەتی یەکە , وە پاشان بە یاسایکردنی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و پرسی ریفراندۆم و ووردبونەوە لە پێشھات پاشھاتەکانی ئەنجامەکانی ریفرادۆمەکە , بە دەر لەمە ھەر چارەسەرێکی تر دۆخەکە بەرەو ئاڵۆز بوونی زیاتر ئەبات و گفتۆ گۆی لایەنەکان لە شکست زیاتر ھیچی بە دوادا نایەت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.