کاک قوباد تاڵەبانی ؛ ئەوان بەچی هەرێم سەرسام بوون ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 486 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە گوێبیستی سەردانی وفدێکی حکومەتی هەرێم بوین بەسەرۆکایەتی بەڕێزقوباد ناڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ وڵاتانی بەلجیکاو هۆڵەندا ، من باس لەئەجێندای سەردانەکەیان ناکەم کەبۆچی چون وچیان لەهەگبەدایە ؟

بەڵام بەڕێزیان کەباسی هەرێمی کوردستانیان کردوە ،ئەوان واتا بەلجیکی وهۆڵەندییەکان سەرسام بوون .

لەساڵانی نەوەدەکانی ڕابردوشدا هەرکەسێک یان ڕێکخراو نوێنەری وڵاانێک سەردانی هەرێمی کوردسانیان بکردایە ،بەرپرسانی باڵای هەرێم دەیانگووت ؛ وەفدی میوان سەرسوڕمانی خۆیان بەو هەموو پێشکەوتنە جۆراوجۆرانە دەربڕیوە هەرلەژیان وگوزەرانەوە تا دەگاتە ئاوەدانی وباڵەخانەکان ، وەک ئەوەی ئەوانە خۆیان لە وێرانەوە هاتبێن بۆ هەرێمی کوردستان .

بۆیە من دڵنیام گەر وەک خۆیی و بێ زیادو کەم باسی ئێستای هەرێمی کوردسان و دۆخی خەڵکەکەی بۆهەر کەس و شوێن و وڵاتێک بکەیت ، نەک تەنها سەرسام  بەڵکۆ شۆکیش دەبن و بەلایانەوە سەیر دەبێت لەم دونیادا مەملەکەتێک هەبێت لەیەککاتدا قەیرانی سیاسی ویاسایی و دارایی و کارگێڕی و خزمەتگوزاری و متمانەو…..هتد….ی  هەبێت کەچی باسی چاکسازی تێدا بکرێت وبەسەرکەوتوش هەژماربکرێت .

من دڵنیام گەر وەک خۆی باسی ژیانی فەرمانبەرو هاوڵاتیانی هەرێم بۆ هەرکەس و ڕێکخراوو وڵاتێکی  دنیا بکەیت وپێیان بڵێی کە ؛

ــ لەهەرێمی کوردستاندا نیوەموچەو چارەکە موچەی بەهار لەهاوین دەدرێت و سەریشمان لەڕۆژو مانگ وساڵ تێکداوە .

ــ شاروشارۆچکە هەیە لە ۱٥ ڕۆژدا جارێک ئاویان پێدەدرێت و دوای چارەکەسەدەیەکیش لەحوکمڕانی کەچی هێشتا حکومەت ناتوانێ هێندەی موەلیدەی گەڕەک کارەبا بداتە هاوڵاتیەکانی .

ــ لەهەرێمدا سەرزەوی وژێرزەوییەکەی پڕیەتی لەسامانی سروشتی وکانزایی ،کەچی باڵانسی بێکاری وهەژاری تێیدا فولە.

ــ هەرێمێک کە خاوەن باشترین زەوی کشتوکاڵی و ئاووهەوای شیاوە کەچی لەسێ وەرزی تەواویدا دەبێت بۆ پێداویستیەکانی چێشتێکی وەک یاپراخ چاوەڕێی مەرحەمەتی وڵاتانی دەرەوەبین.

ــ نەوتمان زۆرە خەزانمان نیە ، گەنممان زۆرەو بێ سایلۆین ، ئاومان زۆرە وکەم بەنداوین ، خاوەنی کارگەی بێ کەرەستەی خاوین .

ــ ئەوەی نەبێت شەفافیەتە ، ئەوەی زۆربێت پێشێلکاریی مافە ، زیندانەکان پڕن لەخەڵک بەڵام کەسیان نەدزی گەورەن نەگەندەڵی باڵادەست ، ئاخەر بەهەرکەسێک بڵێیت لەم هەرێمەدا خەڵک هەیە دووساڵی ڕەبەق لەزینداندا ڕاگیراوە (توقیف) کراوە کەچی دوای دادگایی کردنی ساڵێک حوکمەکەی بوە چۆن دەهری نابێت نەک سەرسام.

ــ من نازانم ئایا باسی گرێبەستەکانی ڕۆزنەفتتان بۆکردن ، ئەی پێتان وتن بۆ نەمانی گومان و گێڕانەوەی شەفافیەت ومتمانە بەڕێزت لەگەڵ فراکسیۆنی حیزبەکەت و سەرۆکی حکومەتیش لەگەڵ فراکسیۆنی حیزبەکەی کۆبونەوەتانکردوە ، ئیتر پەرلەمانتارانی ۱٥ فراکسیۆنەکەی تر کەیفی خۆیانە بۆ بیزانن خۆپەرلەمان پەکخراوە.

ــ پێتان وتن لەچواچێوەی چاکسازییەکانتاندا لەجیاتی ئەو دەرماڵەیەی کەجاران بەخوێندکاران دەدرا ، ئێستا حکومەت داوای پارەلەخوێندکاران دەکات و هاندانی مانگی دووی مامۆستایانیش تائێستا پێیان نەدراوە لەکاتێکدا لەپرۆسەی تاقیکردنەوەکاندان .

ــ ئاخەر خەڵک بەداهێنانێک سەرسام دەبێت ، بەڵام خۆ تائێستا لەم هەرێمەدا نەک داهێنانمان نەبوەونەکردوە تەنانەت قۆپچەیەکیشمان دروست نەکردوە و دەرزی ودەزوو دایبی وسفرەی سەفەریش هاوردە دەکەین ، ئیتر نازانم وەک باسدەکرێت دانانی سیستمی پاشەکەوتی مووچە جۆرێکە لەداهێنانە دانسقەکانی هەرێم .

 

ئەمانەی کەئاماژەی بۆ کران شتگەلێکن کە وەک خۆیی و بێ پێچ وپەنا بۆ هەر مرۆڤێکی باسبکەیت بەدڵنییاوە نەک سەرسامن بەو هەرێمە ،بەڵکۆ سەریان سوڕ دەمێنێت و پێشیان وایە ئەو مرۆڤانەی لەو هەرێمەدادەژین و ژیان دەگوزەرێنن حەوت پەراسوسیان لەهەموو مرۆڤەکانی تری سەر زەوی زیاترە .

بۆیە پێویستە کاک قوباد پێمان بڵێت بەلجیکی و هۆڵەندییەکان زۆر بە چی وچی سەرسام بون .

بۆیە تەنها شتێک کە هەموان پێی سەرسامین ئازایەتی و خۆڕاگری پێشمەرگەکانی کوردستانەو هەرئەوەیە شانازیمان .

 

۱۷ـ٦ـ۲۰۱۷  ،هەولێر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.