کوردو ناسیۆنالیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 888 جار بینراوە

ئاشتی برایم ئەفەندی

پێشەکی
ئەو نووسینە هەڵسەنگاندێکە لە نێوان دوو بۆچوونی پێچەوانەی بە یەک لەسەر مەسەلەی “ناسیۆنالیزم و ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیست”ی. فرەوان کردنی باس دەربارەی ئەوە دەبیت کە ئایا نەتەوەی کورد ئەو ئایدۆلۆژیایەی کردوە بە هێزێکی پتەوی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی کە لە ئەنجامدا هێزێکی بەرەنگاری بوونەوەی نیشمانیی نەتەوەیی میللیی لێ هاتبێتە بەرهەم؟ بۆ رووبەروو بوونەوە و گیانی بەرەنگاریبوونەوە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی میللەتی کورد. هەروها سەرکردە کوردەکان توانیویانە بە زانستییانە ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی بکەن بە پەیام و دروشمی شۆڕش و بزوتنەوەی کورداییەتی، تا لەو دیدە نەتەوەییە کورد پەروەردە بکەن. کاریان بۆ بە هێزکردنی گیانی ناسیۆنالیستی کردوە لە سەر هەموو ئاستەکاندا نێو پارتەکانیان و شەقامی کوردی بە گوێرەی قۆناغەکان؟ لێرەوە باسەکە دەوڵەمەند دەکرێت بە هێنانەوەی بەڵگەی مێژووی، پەنجە درێژ کردن بۆ ئەو وڵات و میللەتانەی کە لە قۆناغێکی دیاریکراودا سوودمەند بوونە لە هەڵگرتنی ئەو جۆرە بیروباوەرە و توانیویان گرنگی دیاریکردنی ناسنامە بەرز بنرخێنن و کاری بۆ بکەن.

دوو بۆچوونی جیا بەرامبەر بە ناسیۆنالیزم و ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی.

یەکەم بۆچوون:
کۆمەلە کەسانێک هەن کە بزوتنەوەی سیاسیی کورد بە تایبەتی لە باشووری وڵاتدا بەبزوتنەوەی ناسیۆنالیستیی دەناسێنن. لەو بڕوایەدان کە سەرکردەکانی بزوتنەوە سیاسییەکان هەڵگری بیروباوەری ناسیۆنالیستی بوونە، لەسەر بیناغەی ئەو بیروباوەرە بزوتنەوەکەیان پیادە کردوە. لە دەرئەنجامی ئەوەدا ئەزمونی شۆرشەکانی کورد بە تایبەتی لە باشووری وڵاتدا شکستیان خواردوە و سەرکەوتوو نەبوون. لەو تێڕوانینەوە هەوڵدەدەن لە گرنگیی بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان کەم بکەنەوە، هەڵگری ئەو جۆرە ئایدۆلۆژییە بە کۆنەپەرست، نەزان و مێشک بچووک لە قەڵەم بدەن. بەم هەوڵەیان دەیانەوێت بایەخ و رۆڵی ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیایە لە میژوودا کەمبنرخێنن و بیدەنە بەر رەخنە و توانج.

دووەم بۆچوون:
بیروبۆچوونی تریش هەیە پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن کە بە شێوەیەکی گشتی بە درێژایی مێژوو هەستی نەتەوەیی لای میللەتی کورد لاواز بووە. “ئایدۆلۆژیایی ناسیۆلیستی” ئایدۆلۆژیایەکی گرنگە بەڵام لە بزوتنەوە سیاسییەکانی نێو میللەتی کورددا فەرامۆش کراوە. سەرکردەکانی جوڵانەوە سیاسییەکان و شۆرشەکان قاڵبێکی نیشتمانی نەتەوەییان نەداوە بە جوڵانەوەی کورد. ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەییان نەبووە. هەموویان سەرکردەی ناوچەیی بوونە. سەرکردە کوردەکان نەیان توانیوە هەستی ناسیۆنالیستی لە نێو میللەتدا زیاتر زیندوو بکەنەوە، بە شێوەیەکی تەندروست و زانستییانە ئاراستەی بکەن. سەرکردەی ئەو بزوتنەوە سیاسیانە خاوەن خەونی گەورەی وەکو ئازادی، دیاریکردنی سنوور و هەڵکردنی ئاڵایان لا نەبووە. لەو بڕوایەدا بوون کە ئەم جۆرە دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییانە خەونێکە و نایەتە دی، یان ئەگەر بڕواشیان هەبووبێت نەیان توانیوە بە شێوەیەکی زانستییاینە ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیزمی لە نێو شۆرشەکان و بزوتنەوەکاندا ئاراستە بکەن و کاری جدیان بۆ نەکردوە بۆ گەشە پێدانی هەستی نیشتمانی و نەتەوەی لای زۆرینەی سادە . تاکی کورد پەروەردە نەکراوە و تێنەگەیەنراوە لە گرنگیەتی بوونی ناسنامە. ئەو سەرکردانە زیاتر هیوایان بە دوژمن هەبووە لەوەی کە ددان بنێت بە هەندێک لە مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەیی کورد. بەوە هەڵخەڵەتاون کە دەتوانن سودمەندبن لە ناکۆکی نێوان دوژمنەکان، یان ناکۆکی مەزهەبی و جیاوازیەکانی نێو نەتەوەیی دەستەڵاتدار. لەو دیدەوە هەر یەککێکیان لە دوژمنێک نزیک بۆتەوە و کەوتۆتە تەڵە. لە دەرئەنجامدا بە پراکتیز کردنی ئەو جۆرە بیر و بۆچوونانە هەموو شۆرشەکانی کوردییان بەرەو هەڵدێر بردوە. جۆش نەدانی گیانی ناسیۆنالیستی و نەکردنی بە ئایدۆلۆژیای پەروەردە کردنی تاک، خاڵی لاوازی بزوتنەوە و شۆڕشەکانی کورد بووە، یەکێکە بووە لە هۆکارە هەرە گرنگەکان کە میللەتی کورد تا ئێستا بە ژێر دەستی ماوەتەوە. بە بەراورد کردن لەگەڵ میللەتانی تردا لە سەر هەر دوو ئاستی ناوچەکە و دنیادا پاشکەوتوە.

رۆڵی ئایدۆلۆژیای تر لە سەر ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی لە نیو کورددا

لە مێژووی تازە و کۆندا ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی کورد چەند فەلسەفە ئایدیۆلۆژیای تر کاردانەوەی نێگەتیڤی هەبووە لە سەری، وەکو ئاین، ئایدۆلۆژیایی چڕ کردنەوەی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی شۆرشی پرۆلیتاریا، کۆمۆنیستی، شوعی، گرنگی سیستەمی دیموکراتی کە لە ژێر ئەو سیستەمەدا میللەتی کورد دەتوانێت مافە ڕەواکانی خۆی وەدەست بهێنێت، لەگەڵ نەتەوەی دەستەڵاتداردا دەتوانێت وەک دوو برا بژێت! بە فەرامۆش کردنی بیرکردنەوە لە سروشتی جۆری بیر کردنەوە و عەقڵیەتی نەتەوەیی دەستەڵاتدار لە سەر هەموو ئاستەکاندا شەقام، پارتە سیاسییەکان و سەرکردەکان ئینجا سروشتی واقیعی دونیای بەرژەوەندیی و ملشکاندنی یەکتری لە جیهانی ئیمرۆماندا. لەدەرئەنجامدا ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوانە بوون بە بەربەست لە پێش گەشە کردنی ئایدۆلۆژیایی نیشتمانی و نەتەوەیی لە نێو نەتەوەی کورددا. تا رادەیەک کاردانەوەیان هەبووە لەسەر جۆری تێڕوانینی تاکی کورد بۆ مەسەلەی “ناسیونالیزم”ی لە هەموو ئاستەکاندا، شەقام، نێو پارتە سیاسییەکان، جوڵانەوەکان، شۆڕش و سەرکردایەتی ئەو پارت و بزوتنەوە سیاسیی و میللییانەدا.

ئەو پارت و تاکانەی کە هەڵگری ئەو جۆرە بیروباوەرە بوونە هەوڵیان داوە لای تاکی کورد لە گرنگیەتی کورداییەتی کردن، دیاری کردنی ناسنامە، بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان، هەڵکردنی ئاڵا و دیاری کردنی سنوور کەم بکەنەوە. تاکی کورد نەوە دوای نەوە سارد بکەنەوە لە خۆ رێکخستن بە گیانی بڕوا بوون، جۆش و خرۆشی شۆرشگێری بۆ هەوڵدان بە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، چارەسەری بنەڕەتی بۆ دۆزی میللەتەکە بە گوێرەی قۆناغەکە و ئەو زەمینەیەی کە لە واقیعی دونیای کورددا بەدی دەکرێت.

ناساندن و هاوردە کردنی ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیانە و جۆری بەکارهێنانی بەبێ بیر کردنەوە لەوەی کە ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیانە زەمینەی لە باری هەیە لە نێو میللەتی کورددا، ئایا ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیانە لەگەڵ قۆناغەکاندا گونجاون یان نا؟ میللەتی کورد بەرەو ئاسۆیەکی روون دەبەن یان نا؟ ئەو جۆرە پرسیارانە جێگەی بایەخ پێدانی ئەو کەسانە نەبووە کە هەڵگر و لایەنگری ئەو جۆرە بیروباورە بوون، بەهۆی سەرقاڵی بوونیان، نزیک بوونەوەیان لە رێکخراو و پارتە سیاسییەکانی نەتەوەی دەستەڵاتدار، لە ژێر پەردەی، ئاین، هەڵگرتنی دروشمی بریقەداری وەک “مرۆڤ هەمووی یەکسانە”. “هەموومان خەڵکی یەک وڵاتین”. “شۆرشی دیکتاتۆریەتی پرولیتاریا”. هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئومەمیەت لە نێو دڵی زامداری کوردستانی داگیرکراودا!

مەسەلەی ئاین، کاردانەوەی راستەوخۆی هەبووە لە داگیرکردنی بیر و مێشکی تاکی کورد. بەربەست بووە لە وەی تاکی کورد لە بری ئەوەی بیر لە ناسنامەی نەتەوەیی بکاتەوە، زیاتر بیری لای ئەوە بووە کە ئەگەر لەو دونیایەدا ئازاد نەبێت ئەوە لە دوای مردن دونیایەکی تر هەیە، سەربەست تیایدا دەخولێتەوە.

دەوری رۆشەنبیر، فەیلەسوف و هونەرمەند لە هاندانی گیانی نیشتمانی و نەتەواییەدا

مێژووی مرۆڤاییەتی سەلماندویەتی کە یەکە بە یەکەی تاکەکانی نێو میللەت، لە توانا، بیرکردنەوە، قوڵبوونەوە، زیرەکی مێشک و ئاوەزیان، لە بەهرەکانیاندا وەک یەک نیین، ئەمە هۆکاری سەڕەکی بووە کە لە هەر قۆناغێکی دیاریکراودا کەسانێک پەیدا بوون وەک فەیلەسوف، سیاسەتمەدار، رۆشەنبیر، نووسەر و هونەرمەند، دەوریان هەبووە لە هۆشیار کردنەوەی خەڵک و سەرکرداییەتی کردنی.

لە ناوەراستی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا کاتێک ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی لە گەشە سەندندا بوو، هونەرمەندەکان بە عیشقەوە بە رێگەی بەرهەمی هونەری ڕۆڵی گرنگیان گێراوە لە هۆشیار کردنەوەی نەتەوەکانییان پەروەردە کردنیان بۆ ئەوەی لە گرنگی مەسەلەی نیشتمانی و نەتەوەی تێبگەن نموونە، موسیقاژەنی رووسی کارەڤۆ پسکۆڤ (١٨٣٩- ١٨٨١). ئەنتۆنین دۆڤەریک ( ١٨٤١-١٩٠٤). موسیقاژەنی ئینگلیز ئیدوارد ئیلگەر( ١٨٥٧-١٩٣٤).

مێژوو دەسیسەلمینی کە رۆشەنبیران، خاوەن بەهەرەی هونەری، خۆیان کردوە بە خاوەنی کێشە و گرفتەکانی نێو کۆمەڵگا، هەوڵیانداوە نەخشەو پلان دابرێژن هێزو توانایی نێو میللەتەکەیان بەجۆرێک ئاراستە بکەن کە لە خزمەتی گشتیدا بێت و توانای ئەوەیان هەبێت بە ڕاوەستاوەیی بمێنن، بەرەنگاری گٶڕانکاری و پێشهاتە چاوەروان کراو نەکراوەکانی ئایندە ببنەوە. ئەویش بەوە کراوە کە میللەتەکانیان وا پەروەردە کردەوە کە لە گرنگی بوونی “ناسنامە” تێبگەن لە واقیعی دونیادا. جۆهان گۆتفراید هاردەر( ١٧٤-١٨٠٣) فەیلەسوفی ئەڵمانی گوتویەتی ” ئەوەی گیانی نیشتمانی لەدەست بدات، ئەوە گیانی خۆی و هەموو مانای دنیای لە دەست داوە”.

ناسیۆنالیزم و “ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی”

دوو جۆر لە ناسیۆنالیزم هەیە یەکیان، ناسیۆنالیزیمی نەژادی، ئەویتریان ناسیۆنالیزمی مەدەنی.
ناسیۆنالیزمی مەدەنی، کۆمەڵێک خەڵک لە سەر بیناغەی گونجان ژیانی هاوبەش لە نیو سنووری یەک وڵاتدا، لە ژێر یەک سیستەمیی سیاسییدا گوزەران دەکەن کە لە ماف و ئەرکدا یەکسان دەبن لە ژێر چەتری یەک یاسا و داددا. نمونەی ئەو جۆرە ناسیۆنالیستە دەکرێت وڵاتێکی وەک ئوسترالیا، ئەمریکا بێت، کە کۆمەڵێک تاک جیاواز لە نەژاد و نەتەوە، هەڵگری بیروباوری جیا و ئاینی جیا لە ژێر یەک ئاڵا کۆ بوونەتەوە کە ئالای وڵاتی ئوسترالیایە، ناسنامەی هەمووشیان ئوسترالییە کە بە هەڵبژاردەی خۆیان بووە.
ناسیۆنالیزمی نەژادی “نەتەوە”، دەتوانرێت وا پیناسە بکرێت کە کۆمەڵیک خەڵک لە شوێنێکی جوغرافیایی دیاریکراودا، خاوەن یەک نەژادن، یەکگروتیەک لە نێوانیاندا هەیە لەسەر بیناغەی زمان، کەلتوور و میژووی هاوبەش و بوونی هەستی نەتەوەیی وەک نەتەوەیی کورد.
ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیزم، بریتیە لە بڕوا بوون بەوەی کە بەرژەوەندیی نەتەوەییەکی دیاریکراو، گرنگیەتی تایبەتی هەیە لە پێش هەموو شتێکەوە دێت. هەروها بڕوا بوون بەوەی کە ئەو نەتەوەیەی کە خاوەن یەک زمان، مێژوو و کولتوورن، دەبێت بەردەوام هەوڵبدەن سەربەخۆ بن، خاوەن دەستەڵاتی سیاسیی خۆیان بن، لە ژێر دەستەڵاتی بیانیدا نەبن و ناسنامەی نەتەوەییان دیار بێت.
دوو رووی ناسیۆنالیزم

رووی یەکەم، بڕوا بوون بە ناسیۆنالیستی چەند دیاردەیەکی تایبەتی هەیە کە دەکرێت بگوترێت “نەتەوە پەرەستی”، بەرزنرخاندنی نەژاد، بەکەم زانینی نەتەوەکانیی تر یان ئەو تاکانەی کە سەر بەو نەتەوە دیاریکراوە نین، کە ئەمە نمونەی زۆری هەیە لە مێژووی کۆندا عبرییەکان، بڕوایان لا دروست ببوو کە نەژادی ئەوان هەڵبژاردەی یەکمە لە لایەن خوداوەندا، هەموو نەتەوەکانی تری سەر بە نەژادی تر پلەیان لەدوای ئەوانەوە دێت. ئەغریقییەکان خۆیان بە گەورەتر و گرنگتر دەزانی بە بەراورد کردن لەگەڵ رەگەز، نەژاد و نەتەوەکانیی تر.

بڕوا بوون بە ئایدۆلۆژیایی “ناسیۆنالیستی” مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت کە هەڵگرانی ئەو جۆرە بیروباوەرە بە ئاراستەیەک بڕوات کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دیاریکراودا بێت بەڵام لە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتیدا نەبێت، کێشەی هەبێت لە قبوڵ کردنی نەتەوەی تر لە هەمان ئاستی خۆی نەبیبینێت. هەڵگرانی ئەو جۆرە بیروباوەرە ئەگەری ئەوەی هەیە کە دەستەڵاتی سیاسیی بەرەو دەستەڵاتیی دیکتاتۆری، نەتەوە پەرستی، توندڕەو و شوڤینزم ببەن، کە لە ئەنجامدا کێشە و گرفتی زۆر دروست بکەن بۆ ئەو کەمە نەتەوانەی کە لە ژێر دەستەڵات، سێبەری ئەوەندا گوزەران دەکەن، هەوڵی لە ناوبردنیان بدەن چی بە هەڵکوتانە سەریان بە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی یان روو بە رووی پاکتاوکردنی نەژادیان بکەنەوە. باشترین نمونەی ئەوەش لە مێژووی نوێدا ” ئەتاتورك”، “ئەڵمانیایی نازی” و “هیتلەر”ن. لە مێژووی کۆتاییەکانی سەدەی رابردووشدا جۆری مامەڵە کردنی ناسیۆنالیستی شۆڤێنیزمی تورک، عەرەب و فارس بەرامبەر بە دژایەتی کردنی میللەتی کورد باشترین نمونەیە.

رووی دووەم، روویەکی تری ناسیۆنالیستی ئەوەیە، کە نەتەوەیەک بە دوای ناسنامە دەگەرێت و هەوڵدەدات ببێت بە خاوەن دەستەڵاتێکی سیاسیی سەربەخۆ کە لە ساییەیدا بتوانێت مافە ڕەواکانی بەدەست بهێنێت، ژیانێکی خۆش گوزەران دابین بکات و خۆشی لە مەترسیە ناوەکییەکان و دەرەکییەکان بپارێزێت.

مێژووی مرۆڤایەتی، شۆڕشی چەکداری و خەباتی گەلان، سەلماندویەتی کە ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی و هەستی ناسیۆنالیستی بووە بە هەوێنی زۆربەی هەرە زۆری بزوتنەوە سیاسییەکان، کە خوازیاری بەدەست هێنانی ئازادی و ناسنامەی نەتەوەیی بوونە، لە هەوڵی دیاریکردنی سنوور، هەڵکردنی ئاڵا و دامەزراندنی کیان بوونە.

زۆربەی ئەو دەوڵەت و حکومەتانەی ئیمرۆ دەبیندرێن، کە لە نێو کۆمەڵگایی نێونەتەوەیدا ددانیان پێدا نراوە بە کیانی سیاسییان، وڵاتەکەیان، ئاڵایان ئەنجامی بەرهەمی خەباتی میللەتەکە بووە کە بڕوای بە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی هەبووە بۆ دیارکردنی ناسنامەی خۆی.

سیستەمی بەرێوەبردنی دەستەڵاتی سیاسیی جۆراو جۆر هەیە وەکو سیستەمی ئیسلامیی، فاشیستی، دیکتاتۆڕی، کۆمۆنیستی، دیموکراتیی بەڵام سیستەمی سیاسیی ناسنامەی میللەتێک دیاری ناکات، بەڵکو سەربەخۆی نەتەوەیی ئەو ناسنامەیە دیاری دەکات، وڵاتان هەر یەکەو بە ناوی نەتەوەییەک ناسراون، نمونە “ئینگلتەرا” ئینگلستان واتە وڵاتی “ئینگلیز”. “هۆڵەندا” وڵاتی هۆڵەندییەکان. ئەمریکا وڵاتی “ئەمریکییەکان”، تورکیا وڵاتی تورکەکان. ئوسترالیا وڵاتی ئوسترالییەکان. عیراق وڵاتی عیراقییەکان.

کردنی “ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی” بە هەوێنی بزوتنەوەی رزگاری میللەتان، خۆرست نەبووە، گومانی تێدا نییە کە هەستی ناسیۆنالیستی بوونی هەبووە لای تاکەکانی هەر نەتەوەیەک یان هەر کۆمەڵگایەک، خاڵێکی هەستیار بووە کە سەرکردە سیاسییەکان، رۆشەنبیران، نووسەران خەڵکی نیشتمانپەروەر و خەم خۆری نێو ئەو نەتەوە و وڵاتانە دەرکییان پێ کردوە، کردویانە بە هەوێنی وروژاندنی ئەو هەستە لە نیو میللەتاندا، ئەو بزوتنەوە سیاسییانەیان بەرەو ئەو ئاقارانە بردوە کە میللەتەکە لە ئەنجامدا ببێت بە خاوەن کیان، وڵات و ئاڵا. ئەو جۆرە ئەزمونانە باش بن یان خراپ ناتوانرێت نکۆڵییان لێ بکرێت لە مێژوودا، لە واقیعی دنیایی ئیمرۆدا هەن و ئەزمون سەلماندویەتی.

ئینگلاند، بریتانیا

پێش گەشە کردنی هەستی نەتەوەیی لە نێو کۆمەڵگای ئەوروپادا و بە تایبەتی لە نێو ئینگلیزەکاندا، خەڵک مەیلی بە لای ئایندا شکابوو زیاتر ناسنامەی خۆی لە ناسنامەی ئاین دەدیت، کە لەبڕی داناندا ئەو جۆرە بۆچوونە ناسنامەی بریتانیای مەزنی دەپاراست ئەو کات. لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەدا مەسەلەی نیشتمانی و نەتەوەیی لە گەشەسەندن دابوو، کە حکومەتی ئەو کاتی بریتانیا، فەیلەسوفەکان، نووسەران، رۆشەنبیران، هونەرمەندان دەستیان کرد بە هاندانی گیانی نیشتمانی و نەتەوەیی لە نێو کۆمەڵگای ئینگلیزدا، ناساندنی سرودی نیشتمانی، کە لەلایەن تۆماس ئەرێنە دەرهێنرا لە ساڵی ١٧٤٠دا بوو. Rul Britannia
دەستەڵاتدارانی سیاسیی، رۆشەنبیران و نووسەرانی بریتانیا دەستیان کرد بە بەرز نرخاندنی بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان، کردیان بە خاڵی دەستپێکردن بۆ زیاتر بەهێز کردنی وڵاتەکەیان و نەتەوەکەییان، گومانی تێدا نییە کە ئەو جۆرە گٶڕانکاریە هەر بەخۆرایی نەبووە، بەڵکو رۆشەنبیر، فەیلەسوفەکان، سیاسیی و سەرکردەکانی بریتانیا پێشبینی گۆڕانکاریان کردوە لە ئایندەدا لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا لە رووی گۆڕانی سەنگی هێز، باری ئابووریی، جۆری بیرکردنەوەی خەڵک، دەرک پێکردنی سەردەمی سەر هەڵدانی هەستی نەتەوەیی لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا. لە دەرئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە بۆ داهاتوو، خەمخۆڕانی وڵات و نەتەوەیی ئینگلیز، نیگەرانی ئەوە بوونە کە زۆرینەی سادەی کۆمەڵگای ئینگلیز لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریە سیاسیی، سەربازیی و جوگرافیادا کە لە ئایندەدا روودەدات، ئامادە نەبن لەوەی کە بتوانن پاریزگاری لە لەناوچوونی ئیگلیستان بکەن. یەکێک لەو پێشبینیانە شۆڕشی سەربەخۆی یۆنانییەکان لە ساڵی( ١٨٢١-١٨٢٩). لەو کاتەوە هێزی نەتەوەیی بوو بە یەکێک لە هێزە سیاسییە، کۆمەڵایەتییە کارێگەرەکان بۆ یەک لاکردنەوەی کێشەو گرفتە سیاسییەکان لە مێژوودا لەسەر ئاستی هەموو دنیادا.

لە هەمان سەدەدا فرەنسیەکانیش پێش شۆرشی فرەنسا دابەش ببوون بە سەر چەند ناوچەیەک، لە ژێر کاردانەوەی ئاینی جیا جیا دا بوون، بۆ یکگرتنەوەی فرەنسییەکان مەلیک کرا بوو بە هێمای وڵات و نەتەوە کە هەموو فرەنسیەک پێویست بوو خزمەتی بکات، لەگەڵ کاتدا لە کۆتای سەدەی هەژدەدا ئەو هۆیە توایەوە و نرخی نەما لای فرنسییەکان بەڵام ئەو هەستە دروست بوو لە نێو تاکی فرەنسیی کە هاووڵاتییەکی فرەنسییە و بە شانازییەوە خزمەت بە وڵاتەکەی دەکات.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا شەری جیهانی یەکەم، لە ناوەڕاستی هەمان سەدەدا جەنگی جیهانی دووەم، ئەو دوو جەنگە ئەگەر هۆکاری تری ئابووریی، کۆمەڵایەتیی سیاسیی هەبێت بەڵام لە هەر دوو جەنگدا هەر یەکە لەو وڵاتانەی کە بەشدار بوون جگە لە دەستکەوتی ئابووریی و سەربازیی هەوڵیندەدا شکۆمندی نیشتمانی نەتەوەیی خۆشیان دەرباز بکەن لە لەناوچوون. ئەم خاڵە ئەولەوەیە بووە و سەنگی مەحەکی بردنەوە و دۆڕاندن بووە لە هەر دوو جەنگدا. بریتانیای ئیمرۆ بەرهەمی خەبات و ماندوو بوونی ئینگلیزە ناسیۆنالیستەکانە کە هەنوکە بە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی دنیا هەژمار دەکرێت، بە درێژای مێژوو بە تایبەتی لە مێژووی تازەدا کەم هەڵکەوتووە کە دەستدرێژی کرابێتە سەر نەتەوەیی ئینگلیز هەموو کاتێک شکۆمەندی زمان و نەتەوەییان پارێزرا و بووە تا هەنوکە.

تۆڕانی، تۆڕانیزم

بزوتنەوەییەکی ناسیۆنالیستی، سیاسیی، رۆشەنبیریی و کولتووری بوو، کە ئامانجی یەکگرتنی ئەو کەس و نەتەوانە بوون کە خاوەن یەک نەژاد بوون لە ناوەڕاستی ئاسیادا.

فەیلەسوفی فینلەندی ماتیەس ئەلێکزەندرا، ١٨١٣-١٨٥٢. دوای توێژینەوە گەیشت بەو ئەنجامەی کە سەڕەرای ئەوەی فیلەندییەکانی ئەو کات گروپێکی بچوکی دابڕاو بوون، بەڵام لە ئەسڵدا لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا هەبوون، لە ژێر یەک سیستەمی سیاسیدا گەشەیان کردوە لەگەڵ مەجەرییەکان، تورک و مەغۆل. ئەلیکزەندرا بڕوای بە بیری ناسیۆنالێستی هەبوو بۆ کۆکردنەوە، یەکگرتن و گەشە پێدانی ئەو کەس و نەتەوانەیی کە لە مێژوودا خاوەن یەک نەژادو باوباپیر بوونە، بە تایبەتی بۆ فینلەندییەکان.

ئەلیکزەندرا هەستا بە ناساندنی ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیاییە بە کۆمەڵگایی فینلەندی بە مەبەستی هاندانی گیانی نەتەوایەتی و گەشە سەندنی خوازە نیشتمانی و نەتەوەیەکان لای تاکی فینلەندیی، بۆ هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کیان، سەربەخۆ بوونی وڵاتەکەیان کە ئەو کات بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتی رووسیا.

بیرۆکە و بۆچوونی ئەلکزەندرا بووە هۆکاری پەیدا بوونی لایەنگر بۆ ئایدۆلۆژیاکەی بە تایبەتی لە نێو فینلەندییە نەتەوە پەرستەکانی ئەو کات، ئەو بۆچوونانەی “ئەلیکزەندرا”یان کرد بە هەنگاوی دەست پێکردن بۆ ئامانجێک کە بریتی بوو لە گەشە پێدانی نەتەوە و وڵاتەکەیان گەڕان بەدوای ناسنامەی نەتەوەیی. کە لە ئەنجامدا لە نێو دڵی ئەوروپادا، سەڕەرای بوونی نەتەوەیی زاڵ و مەلیکی خاوەن شکۆ و ئیمرپراتۆیەتی مەزن لە ناوچەکەدا، بەڵام فینلەندییەکان توانیان سەربەخۆی و ناسنامەی خۆیان بپارێزن تا ئیمرۆ.

 ناسیۆنالیستی تورک

سەرهەڵدانی ناسیونالیستی تەنیا لەسەر بیناغەی هەوەس نەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی گۆڕانی بارودۆخی سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، گۆڕانی هاوسەنگ و پارسەنگی هێزی سیاسیی بووە لە دنیادا. میللەتانی خاوەن ئەزمون لە دەستەڵاتی سیاسیی، خاوەن ئیمرپراتۆریەت، مەلیک، مەلیکە و مەملکەت بوون، خاوەن راویژکار، نووسەر، فەیلەسوف و شێکەرەوەی سیاسیی بوون ،زانیارییان هەبووە کە دونیا برەو گٶڕانێک دەڕوات کە ئەگەری ئەوەی هەیە ناسنامەی نەتەوەیی دەستەڵاتی سیاسیی لە دەستیان بچێت. لە دەرئەنجامی ئەوەدا هەستیان بە گرنگیەتی زیندوو کردنەوەی ئەو ئایدۆلۆژیاییە کردوە، بۆ مانەوە و وون نەبوونی ناسنامەی گەلەکانیان.
سوڵتانی ئیمۆراتۆریەتی تورکیی عوسمانیی لەو زەماندا خۆی بە سوڵتانی گەلی موسڵمان دەزانی، ناسنامەی عوسمانییەکانی لە ژێر موسڵمانیزم پاراست بوو، بەڵام کە دوای ئەوەی لە سەدەی هەژدەدا ئایدۆلۆژیایی ئاین ئەو رەواجەی نەما و مەسەلەی ئایدۆلۆژیایی نەتەوەییی گیانی نیشتمانی خەریک بوو سەری هەڵدەدا لە دونیادا بە تایبەتی لە ئەوروپا، عوسمانییەکان هەستیان بەوە کرد، ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی بیریان لەوە کردەوە کە گیانی نەتەوەیی لە نێو تورکدا بە هێز بکەن، بەم جۆرە دەستەڵاتدارانی تورک لە موسڵماننیزمەوە بایانداوە بۆ ناسیۆنالیزم. ئەو کات سەرکردە ئاغا، شێخ و دەرەبەگی کورد بێ هەواڵ بوون لەو گۆڕانکاریە و نامۆ بوون لەوەی رەورەوەی مێژوو بە کام لادا ئاراستەی گرتووە. لەسەدەی هەژدەدا تورک بەشێک بوون لە بزوتنەوەی تورانیزمی ناسیۆنالیستی سیاسیی “ئەلکزەندرا “.

بزوتنەوەی سیاسیی تورک ئەو کات کە دژ بە سوڵتان کاریان دەکرد، خەڵکی رۆشەنبیری زەمانی خۆیان بوون ئاگاداریان هەبووە لەو گۆڕانکاریەی کە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە، ئەمە هۆکاری ئەوە بووە ئەو پارتانەی کە لە موعارەزە لە ژێر دەستەلاتی سوڵتان کاریان دەکرد، ئایدۆلۆژیایی نەتەوەییان کرد بە هێمای بزوتنەوەکەییان، هەوڵیاندا گیانی نەتەوە پەرستی و نیشتمانی لە نێو جوڵانەوە سیاسییەکاندا زیندوو بکەنەوە و تاکی تورکیی لەسەر ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیایە پەروەردە بکەن.

محەمەد زیا گۆکالپ، کورد، لە دایک بووی شاری دیاربەکر، سۆسیۆلۆگیست، نووسەر، شاعیر و چالاکەوانی مەدەنی لە نێوان ساڵانی ( ١٨٧٦-١٩٢٤) ژیاوە. محەمەد کابرایەکی ناسراو بوو بڕوای بە تۆرانیزم هەبوو، پێ وابوو غەدر لە تورک کراوە، بە هۆی ئەوەی بزوتنەوەیی تۆرانیزم تەنیا هی تورکە، تۆڕانییەکانی تری وەکو (فینیلەندا، هەنگاریا، کۆریا و یابان) ئەمانە کولتووری جیاوازایان هەیە لە کولتووری تورک ئێجگار دوورن. محەمەد زیا دەوری کارێگەری هەبوو لە گەڕانەوەی پرنسیپی دەستوری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ نێو حکومەتی کەماڵ ئەتاتورک. بیر و بۆچوونەکانی کاردانەوەی هەبوو لەسەر مەسەلەی موسڵمانیزم بۆ پان – موسلمانیزم. هەروها کاکە “محەمەد”مان پێناسەی زانستی بۆ نەتەوەی تورک دارشتوە کە بریتیە لە “عوسمانیزم ئایدۆلۆژیا، کولتوور و سۆسیۆلۆجی نەتەوەی تورکە”.

کەمالیزم، دوای روخانی ئیمپراتۆڕیەتی عوسمانی، تورکییا دەستەڵاتی سیاسیی، نەتەوەیی و ناسنامەی لە دەست نەدا بەڵام بچووک بووەوە. کەمالیزم لەو بڕوایەدا بوون کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نەیتوانیوە “تورکیەت” بپارێزێت، ئیمرپراتۆریەتێک بووە کە گەلێک نەتەوە، زمان، ئاینی جیا جیا تێدا کۆببووە، کە ئەم دیاردەیە لە بەرژەوەندیی پاراستنی ناسنامە و پاراستنی شکۆمەندی نەتەوەیی تورک نەبووە، تورکیایی نوێ بە بڕوابوون بە گیانی ناسیۆنالیستی ستراکتەری دەستەڵاتی سیاسیی و حکومڕانی خۆی دەبێت دارێژێت، بەم جۆرە کۆماری تورکیا زمانی فەرمیی تورکیی دەبێت، هەر تاکێک کە لە ژێر سایەی دەستەڵاتی کۆماری تورکیا گوزەران دەکات ناسنامەی نەتەوەیی دەبێت بە تورک بناسرێت، هەر هەمووشی لە ژێر ئاڵای تورکیاو وڵاتی تورکیادا گوزەران دەکەن و تێکرا بە تێکرا تورکیین.

بەرهەمی ناسیۆنالیستی تورک ، ئەو تورکیاییە کە ئیمرۆ بە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی دنیا هەژمار دەکرێت. ئەندامی ناتۆیە، هاورییەتی وڵاتانی زلهێز دەکات، بە هەوەسی خۆی دەکوژی و دەبڕی، راو گفتی بۆ چارەسەری کێشەی ناوچەکە بە هەند وەردەگیرێت، خاوەن ئابوورییەکی پتەو، دەستەڵاتیکی سیاسیی دان پێدانراو، خاوەن سنوور و ئاڵا. قەوارەی سوپای تورکیی گەورەترە لە قەوارەی سوپای بریتانیا و فرەنسا ژمارەی ئەوانەی لە رێزی سوپای تورکیی خزمەت دەکەن ٥١٤.٠٠٠، ژمارەی یەدەک کەسە ٣٨٠،٠٠٠، دووەم هێزە لە دوای هێزی سوپای ئەمریکا لە نێو ئەو وڵاتانەی کە لە هاوپەیمانییەتی ناتۆ دان، هەشتەمین سوپای بە هێزە لە سەر ئاستی دنیادا.

دەر ئەنجام
ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی، ئایدۆلۆژیایەکی کارێگەر بووە لە قۆناغی بزوتنەوەیی رزگاری گەلاندا. مێژوو پێمان دەڵێت کە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی لای میللەتان و سەرکردەکانی دنیا بە شێوەیکی زانستییانە بەکار هاتووە. ئەزمونی گەلان دەریدەخەن کە نووسەران، رۆشەنبیران، فەیلەسوف و کۆمەڵناسانی بەناوبانگ دەوریان هەبووە لە گەشە پێدانی گیانی ناسیۆنالیستی بە مەبەستی بەدەست هێنانی ناسنامە و دامەزراندنی کیان. بوونی گیانی ناسیۆنالیزمی بووەتە هۆی دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ گەلان.
میللەتی کورد تا ئیمرۆ هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانی نەتەوەیی بەدەست نەهێناوە، تا مۆرک و ئاسواری ئەوەی پێوە دیار بێت کە جوڵانەوە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان بڕوایان بە ناسیۆنالیزمی هەبووە یان ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستیان کردوە بە هاندەرێک بۆ تەکاندان بە بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان. مێژوو و ئەزمونی میللەتی کورد دەریدەخات، بە تایبەتی لەسەرەتای سەدەی رابردوو و تا ئێستا هیچ شۆڕش و جوڵانەوەیەکی کوردیی لە شکەست بەوەلاوە هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانی، نەتەوەیی، سیاسیی، ئابووریی، سەربازیی وکۆمەڵایەتییان بەدەست نەهێناوە. مێژوو و ئەزمونی گەلی کورد سەلماندویەتی کە ئایدۆلۆژیایی ناسیۆنالیستی لە نێو بزوتنەوەکانی کوردا فەرامۆش کراوە، ئینجا چی لە سەر ئاستی پەروەردە کردنی تاک بەو گیانە، چی لە سەر ئاستی زۆرینەی سادە. هەروها لەسە ر ئاستی دروشمی پارتە سیاسییەکاندا و تێنەگەیشتن لە گرنگیەتی گرنگی پێدان بە ئایدۆلۆژیایی نسیۆنالیستی بە گوێرەی خواستی قۆناغەکان. تا ئێستا میللەتی کورد خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ، سنووری دیاریکراوی خاوەن ئاڵا نییە. میللەتی کورد لە نەتەوەییەکی ژێردەست، وڵات داگیرکراو بەولاوە هیچ پێناسەیەکی تر هەڵناگرێت.
سەرچاوە:

http://www.infoplease.com/encyclopedia/history/nationalism-history.html
http://www.allaboutturkey.com/army.htm

Nationalism as a cause of World War I


http://www.bloomberg.com/news/articles/2016-02-18/kurds-warn-turkey-of-big-war-with-russia-if-troops-enter-syria
https://en.wikipedia.org/wiki/Nationalism
http://375humanistia.helsinki.fi/en/humanists/matthias-castren
http://plato.stanford.edu/entries/nationalism/#BasConNat
http://www.dailykos.com/story/2014/4/17/1292492/-Nation-States-And-Nationalism
http://www.infoplease.com/encyclopedia/history/nationalism-history.html

Nationalism as a cause of World War I


http://www.bloomberg.com/news/articles/2016-02-18/kurds-warn-turkey-

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.