ئەگەر وادەزانن پەرلەمان دوكانە

لەلایەن ستاندار Posted on 272 جار بینراوە

پیشرەو بابەشیخ

 

ئەگەر وادەزانن پەرلەمان دوكانە ڕیفراندۆمەكەتان بكەن و لەوە زیاتر پەرلەمان بێ ئەرزش مەكەن و سەرۆكتان بۆ یەك جەلسەی پەرلەمان احراج مەكەن .

لەم هەرێمەی لەمەڕخۆمان هەرچی دەسەڵات و دەسەڵاتداران پەنای بۆ دەبەن دواتر بە مزایەدە دەردەچێت مزایەدەكان بون بەكارت هەر ڕۆژەو لە دۆڵابێك كارتێكی نوێ سەردەردەكات , نوێترینیان كارتی ڕیفراندۆم وسەربەخۆیی و دواترینیشیان كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ یەك جەلسە بەو سەرۆكایەتیەی ئێستا و دواتر كپكردنەوە و لەكارخستنەوەی یاخود گۆڕینی سەرۆكایەتیەكەی كەئەمەش بە گوێرەی ئەو ڕێككەوتنە دەكرێت كە لەنێوانی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی وبە ئاگاداری هاوئاوازی تری بارزانی و پارتی ئەنجامدراوە .

لەگەڵ هەموو ئەو تێبینیانەی لەسەر بڕیاردان و دیاریكردنی كاتی ڕیفراندۆم و ئەو دۆخە ئاڵۆز و نالەبارەی خراپی باری ئابوری و دارایی و كۆمەڵایەتی و سیاسیەی ناوخۆی هەرێم و دۆخە هەرێمی و نیودەوڵەتیەی دەگوزەرێ  و نەبونی هێچ پاڵپشتیەكی یاسایی و پەرلەمانی ویاسای نێودەوڵەتی كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەخاتە ژێر پرسیارەوە كەدەكرێت جگە لە ڕاپرسیەك (نازانیت بۆچیەوئامانج لێی چیە)  هیچ گرنگی و كاردانەوەیەك و بەرهەمێكی  ئامانجداری نەتەوەیی لێنەكەوێتەوە .

بۆیە دەكرێت هەڵوەستەیەك بكەین و بڵێین :-

– بڕیاری نێوڕێككەوتنەكەتان مزایەدە كردنە بەسەر خەڵك بەگشتی وبەسەر بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەتایبەت چونكە بڕیاروقسەیەك كەئێوە باسی دەكەن خۆڵكردنە چاوی خەڵكە ,ئەگەر نا هۆكار چیە  یەك دانیشتنی پەرلەمانتان دەوێت و ئیتر دەبێت پەرلەمان بەسەرۆكایەتی و بە هەموو هەیبەتە شەرعیەكانی كۆتایی بێت . ئایا پەرلەمان دوكانە كەی كارتان پێبوو دەڕابەكەی هەڵدەنەوەو كەی كارتان پێی نەما دەڕابەكەی داخەنەوە . ئەرێ بەڕاست ئەی دوای ئەو دانیشتنە مەسعود بارزانی هەر سەرۆكتان دەبێت یا پڕۆژەكانتان دەخەنەوە كار . یا ئێستا زانیتان تەنانەت خەڵكی خۆشتان لەگەڵتان نین و دژایەتی ئەو تەسلیم بونەتان دەكەن یان دەتانەوێت بەو یاریە باری ئاڵۆزی خۆتان و ناڕەزایەتی دەنگدەر و جەماوەرتان كپ بكەن ? ئەی ئێستا زانیتان بەردەوام بون لەسەر هەڵوێستی ڕاست و ڕەوان واتا چی ,زانیتان شەڕكردن لەگەڵ یاسا كۆتاییەكەی دانپیانانە ? ئەرێ بەڕاست ئەی سەرۆكەكەتان و حزبەكەی چی جوابی خۆیان و خەڵك دەدەنەوە یا ئێستا زانیتان نابێت لە بڕیارداندا گورج بن بەڵك و دەبێت لە جێبەجێكردندا گورج بن و لە بڕیاردانی خێڵەكیانە سست بن ? ئێ خۆ بۆ جارێكیش بێت تێگەیشتن دژایەتی ئێوە دژایەتی یوسف محمد نەبوو بەڵك ودژایەتی سەروەری یاسا و جێبەجێكردنی یاسا بوو , خۆ دەزانن پێداگری لەسەر یوسف محمد لە مانەوەی لەشوێنی خۆی پێداگریە لە ڕێزگرتن لە یاسا پێداگریە لە نەهێشتنی حوكمی تاکڕەوی وتاك حزبی و ئەو شێوە وتەی پێتان دەڵێت ( من بۆخۆم دەیكەم ئێوەشم لەگەڵ نەبێت) .

– بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوە لەدایك بوو یاسا سەروەر بێت و دادی كۆمەڵایەتی بچەسپێت, بۆئەوە هاتە بون ئیتر شتێك نیە بەناوی گۆڕینی دەم وچاوەكان بەڵك و ئەوەی دەكرێت و دەگۆڕێت دەبێت بە پێی یاسا و گرتنەبەری ڕێگای جێبەجێكردنی یاساكان و بەدامەزراوەییكردن و بەسیستەماتیككردنی دام ودەزگاكانی حوكمداریە لەكوردستان نەك بەشەخسەنەكردن و بەبنەماڵەییكردن و تاپۆكردنی كورسی دەسەڵات.

-ئەم خولەی پەرلەمان جوانترینە لە هەڵوێست و كاری پەرلەمانی و بوێری و دوور لە دەستێوەردانی حزب لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە ,بەجوانترین و بەمتمانەترین و پڕ ئومێدترین خولی پەرلەمان دادەنرێت بۆ هاوڵاتی و گەنجانی كورد .خولێكە تێیدا هیچ یاسایەك تێیدا تێپەڕی نەكرد لە بەرژەوەندی حزب و كەس بێت نەك هاوڵاتی , تاكە خولی پەرلەمانیە یاسا بە باڵای هیچ كەسێك تێیدا دەرنەچێت . وەك چۆن تاكە خولی پەرلەمانە بەهۆی ئەو هۆكارانە كۆسپی زۆری بۆ دروستكرا و دواجاریش بە بڕیاری تاكە كەسی و تاك حزبێك پەكی خرا و دەرگاكەی بەڕوی سەرجەم خەڵكی كوردستان داخرا .

_ ئەگەر دەتانەوێت بەو یاریەتان  بزوتنەوەی گۆڕان پەلكێش بكەن بۆ ناو گەمە ویاریە دۆڕاوەكانی خۆتان ئەوە زۆر لەوە بێ ئاگاتر ڕوانیوتانە لە كاروبەرنامەو سیاسەت و ئامانجی بزوتنەوەی گۆڕان  , دەبێت ئەوە بزانن سیاسەتی پشودرێژی و بەردەوامی بزوتنەوەی گۆڕان  لەسەر هەڵوێست وپاشەكشێنەكردن لەسەر گەیشتن بە ئامانجی  سەروەربونی یاسا  تا بەدیهێنانی ئامانجە دیموكراسی و نیشتمانیەكانی تری گەلی كورد زیاتروزۆرتر لەوەیە ئێوە خوێندنەوەتان بۆ كردوە .

_ئەو ڕێككەوتنەی ئەم جارەتان و نوێترین مزایەدەتان بۆ كارا كردنەوەی پەرلەمان زۆر لەوە ئاشكراترە بزوتنەوەی گۆڕان بخزێنرێتە ئەوبازنەیەی ناوتان لێناوە عینادی سیاسی , گۆڕان نەبۆ بزوتنەوەكەو نەبۆ كەسی دیاریكراوی ناوبزوتنەوەكە پێداگری نەكردوە تاك و چاوپۆشی بكات . بەڵك و شەڕی سەروەر بونی یاسا و  چاوپۆشی نەكردنە لە بەلاڕێدابردنی سیستەم و یاسا و كاری پەرلەمانی بەرەو تاكڕەوی و عورفی بنەماڵەیی و دیوەخانی سیاسی .

_ ئایا لەڕێككەوتنەكەتان ئاماژەی چیتان كردوە بە ناشەرعیترین كورسی و نا یاساییترین پۆست كە كورسی و پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمە . ئەی چی دەربارەی یاسا  نایاساییەكانی خولەكانی پێشوی پەرلەمانە حزبیەكەتان كە تەنهاو تەنها خۆتان و بە باوەڕبونتان بە زۆرینەی خۆتان و نەبونی تەنانەت كەمینەش یاساكانتان تێپەڕاندوە .ئەرێ لە ڕێككەوتنە حزبیەكەتان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان باستان لەو یاسایەش كردوە كە ئیتر دوای تەواوبونی دووساڵە درێژكراوەكەی مەسعود بارزانی نابێت و ناكرێت مەسعود بارزانی بەو ناوەو بەو پۆستە لەسەر كورسیەكەی بمێنێتەوە و بچەسپێت , یا باوەڕتان وایە لەبەر ئەوەی لە دیوەخانەكەی سەری ڕەش كۆبونەوەكان بەڕێوەدەچن و بڕیارەكانتان بۆ دەردەكەن ئیتر ناكرێ و نابێت باسی كورسی و پۆستی ناشەرعی و ماوەبەسەر چوو بێتە ناو بابەتێكی ئاوەها . بەڵام سادەو ئاسانە بۆتان شەرعی ترین كورسی و یاساییترین پۆست و گەنجترین سەرۆك كە سەرۆكی پەرلەمانە بخرێتە ناو باس وخواس و ڕێككەوتنە ژێر بەژێرەكانتان .

بۆیە دەبێت ئەوە ڕونبێت و بزانن ئەو قۆناغ و

سەردەمەتان بەسەر چوو ئیتر چیتان بوێ و چۆنتان بوێ بۆتان دەستەبەر بێ . ئەو ڕۆژگارە بەسەر چوە خەڵك لەگەڵ بزەتان پێبكەنێ و قاقا بكا و لەگەڵ گرژی دەم وچاوتان شینتان بۆ بگێڕی و خەندەو بزەی خۆی بە كوفرو حەرام بزانێت .هۆشیاری تاك گەیشتوە بەو قۆناغەی لە ئاستی سەردەم و دنیا بینیەكانی ئێستای دابێت و پێتان بڵێن ئەگەر چی هێشتا چەك و دراو لەدەستی ئێوە دایە بەڵام دەبێت ئەوە بزانن پەرلەمانی كوردستان دوكانێك نیە بەئارەزوی خۆتان و بۆ مەرامە شەخسی و بنەماڵەیی وحزبیەكانی خۆتان هەركاتێ ویستان دەرگاو دەڕابی بكەنەوەو هەركاتێك حەزە كەسی و حزبیەكانتان تەواو بوون دەرگاو دەڕابی ئەم دوكانە دابخەنەوە .ئەوە پەرلەمانە پەرلەمان بەرزترین مەرجەعی دەنگدەر و هاوڵاتیانی كوردستانە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.