لەنێوان مامۆستا کرێکار و سۆران عومەردا

لەلایەن ستاندار Posted on 946 جار بینراوە

لەنێوان مامۆستا کرێکار و سۆران عومەردا

شەنکار عەبدوڵا

وەک ئاگادارن لە چەند ڕۆژى پێشوودا مامۆستا کرێکار لە لایڤێکدا جارێکى تر قسە لەسەر سۆران عومەر دەکات و بە جاسوس لەقەڵەمى دەدات، بەقەولى خۆى چەند بەڵگەیەک دەخاتەڕوو.

دواتریش سۆران عومەر، وەڵامى دەداتەوە و ئەویش چەند بەڵگەیەک دەخاتەڕوو.

بەرلە هەرشتێ دەبێت ئەوە بڵێم من بیروبۆچونى فکریم بەتەواوەتى لەو دوو کەسایەتیەوە دوورە، کورد وتەنى ئاسمان و ڕێسمانە، بەڵام هەقیش بەخۆم دەدەم لەو بابەتەدا قسەم هەبێت وەک ئەوەى کەم تازۆر ئاگادارى ئەو کێشەیەم، ماوەى سێ ساڵ لەگەڵ سۆران عومەر، لە گۆڤارى ڕێگا کارم کردووە، لە پەیامنێرییەوە هەتا سەرنوسەرى ئەو گۆڤارە و دواتریش سۆران عومەر بووە خاوەنى ئیمتیازى گۆڤارەکە و بەندەش سەرنوسەر بووم.

لەم بابەتەدا ناڵێم بێلایەن دەبم، بەڵام بەتەواوەتى هەوڵ دەدەم بابەتی بم و شیکردنەوە و زانیارییەکانیشم لەو بازنەیەدا بخولێتەوە.

Krekar & Soran

بەرلەهەرشتێک ئەوکاتەى گۆڤارى ڕێگا دەردەچوو، بەبەردەوامى مامۆستا کرێکار وتارى تێدا دەنوسى هەتا ئەو ڕۆژەى ئەم کێشەیە ڕوویدا، مەلا کرێکار و دەروێشەکانى بە ڕاست و چەپدا کەوتنە وێزەى سۆران عومەر، هەر ئەم قسانەى ئێستا مەلا کرێکار دەیکات، ئەوکاتیش هەر ئەمانەبوو، بەبێ زیادکردن، بەڵام سۆران عومەر وەڵامى نەدانەوە و خۆیگرت.

کێشەکە بەو شێوەیەبوو، سۆران ساڵى ٢٠٠٩ بۆ نەخۆشى چووە ئەڵمانیا و لەوێشەوە چووە نەرویج، ئەگەر هەڵە نەبم شەوێکیش لاى مەلا کرێکار مایەوە، دواتریش چووبونە سەیران و لەوێش کۆمەڵێ وێنەیان گرتبوو، هەر ئەوکاتەش چاوپێکەوتنێکى مەلا کرێکارى کردبوو بۆ گۆڤارى ڕێگا و لەبەشى یەکەمدا کەبڵاو بووەوە وێنەیەکى مەلا کرێکار لەسەر بەرگى گۆڤارەکە دانرابوو کە کەبابى دەبرژاند و ناونیشانەکەش ئەگەر هەڵەنەبم دروست ئەمە بوو (مەلا کرێکار لە پاڵتاک قسەى گەرم دەکات و لەنەرویج کەباب دەخوات)، لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ئەم چاوپێکەوتنەکە، مامۆستا کرێکار و دەروێشەکانى کەوتنە پەلاماردانى سۆران عومەر، ئەوەبوو هەر بەهۆى ئەم کێشەیەوە کە ماکوان کەریم خاوەنى ئیمتیازى گۆڤارى ڕێگابوو کشایەوە و دواتر سۆران عومەر خۆى بووە خاوەنى ئیمتیاز و گۆڤارەکە نەیهێشت بوەستێت و بەردەوام بوو، ئەوانیش بەهەمان ناوەوە گۆڤارلا ڕێگایان دەرکرد، بەدانپێدانانى زۆربەى ڕۆژنامەنوسانیش ئەوکات گۆڤارى ڕێگا لەدواى گۆڤارى لڤینەوە باشترین و پڕفرۆشترین گۆڤار بوو (ڕێگاکەى سۆران عومەر).

کەواتەى دووروونزیک کێشەى مامۆستا کرێکا و سۆران عومەر، پەیوەندییە بەجاسوسیەوە نەبووە، وەک مەلا کرێکار ئیدیعاى دەکات، بەڵکو لەسەر ئەو چاوپێکەوتنە بوو، چونکە لەکوردستان دەروێشەکانى وایان دەزانى مامۆستا کرێکا حەسرەو ناتوانێت لەماڵ بچێتەدەر، بەڵام کاتێک کە وێنەکانیان بینى کە مامۆستا کرێکار کەباب دەبرژێنێ ئەمە کاریگەرى لەسەریان هەبوو، هەربۆیە بەو شێوەیە کەوتنە وێزەى سۆران عومەر، بەڵام سۆران عومەر هەر بێدەنگ بوو.

ئینجا شتێکى تر کە مامۆستا کرێکار سۆران عومەر پێ تۆمەتبار دەکات بەوەى کە سۆران وێنەى ماڵەکەى گرتووە و دواتر ئەمریکیەکان هاتوون و خستویانەژێر چاودێرییەوە! ئاخر ئەمە بەعەقڵى کێدا دەچێت؟ تۆ کە ڕیشێکى درێژت هەیە و ڕۆژانە دەچیت بۆ مزگەوت بۆ نوێژکردن و لەناو ئەو هەمووە نەرویجیە ساف و لوسەدا، هەموو کەسێک هەر بەنامۆت دەبینێ و کەیست لە دادگاى تاوانى ئۆسلۆ هەبووە، چۆن ماڵى تۆ شاراوەیە؟ ئینجا ئەمریکا کەسى دەستنەکەوتووە سۆران نەبێت بینێرێت بۆ کەشفکردنى ماڵى تۆ؟ کاکە خۆ ئەمە نەوەدەکان نییە و لەمزگەوتى جیهادەوە وتار بۆخەڵک بدەیت و خەڵکیش بگرى بەدیار وتارەکانتەوە، خەڵک ئێستا لەمن و تۆ زیاتر خەریکى تەکنەلۆژیایە و بەکارى دەهێنێت.

چەند ساڵێک دواى ئەوە ڕووداوە مامۆستا کرێکار چەندجارێکى تر هێرشى کردەسەر مامۆستا عەلى باپیر و مامۆستا سەلاحەدین بەهادین، ئەوکات سۆران عومەر ڕاوێژکارى عەلى باپیر بوو، بە وتارێک وەڵامى مامۆستا کرێکارى دایەوە و هەرچى لەژێر بەڕەبوو هێنایە سەر بەڕە، هەرئەوکاتە مامۆستا کرێکار جارێکى تر ئەم قەوانەى لێدایەوە و هەڕەشەى لەسۆران عومەر کرد، بەڵام ئەوەى ئەوجارەى بەتەواوەتى جیاواز بوو لە جارەکانى پێشووترى، چونکە سۆران عومەر بەتەواوەتى لەوەتەرى حەساسى مامۆستا کرێکارى دابوو، بەوتەى سۆران عومەر مامۆستا کرێکار جگە لە فێڵبازێک زیاتر هیچى تر نەبووە و تەنانەت بەرپرسیارى زۆربەى شەڕەکانى بزوتنەوە بووە و دواتر خۆى هەڵهاتووە لەشەڕەکان و زۆر شتى تر، ئەوەى بەدوایدا بگەڕێت دەستى دەکەوێت.

بەهەرحاڵ من پێم وایە تاکەکەسێک کەدەتوانێت مەلا کرێکار بوەستێنێت و کۆدەکانى ئاشکرا بکات، تەنیا و تەنیا سۆران عومەرە، بۆیە چەندجارێک شەرعیەتى بەکوشتنى سۆران عومەر داوە.

ئەوەى بۆمن ڕوونە وەک ڕۆژنامەنوسێک و شیکەرەوەیەک ئەوەیە کە ئەو هەمووە هێرشەى مامۆستا کرێکار دەیکاتەسەر هاوبیروباوەڕەکانى (عەلى باپیر و سەلاحەدین بەهادین) و حزبەکانى هیچ نییە جگە لە گرێى دەرونى نەبێت، چونکە هەست بەوە دەکات ئێستا ئەو دوو سەرکردەیەى حزبەکانیان لەزۆربەى پرسەکاندا دەوریان هەیە، ئەى ئەم چى؟

کاتێک کەکۆمەڵى ئیسلامى جیابووە لە بزوتنەوەى ئیسلامى، ئەوکات مامۆستا کرێکا نەچووە لاى هیچ لایەکیان، ئەگەرچى ئەویش وەک مامۆستا عەلى باپیر دژى ڕەفتارەکانى بنەماڵەى مامۆستا عەلى عەبدولعەزیز بوو، چووە لاى ئەنسار و لئیسلام، بووبە ئەمیرى ئەو گروپە، لەوکاتەدا ئەنسار پێویستى بەسەرکردەیەکى ناسراو هەبوو، مامۆستا کرێکاریش پێویستى بەهێزێک هەبوو، بۆیە هاوتەریب بوون و دواتریش مامۆستا کرێکار ئەنسارى لەدۆخێکى سەختدا جێهێشت و وازى لێهێنان، زۆرجاریش دەڵێت چەند کەسى ئێمە لەزیندانى ئاسایشى پارتى و یەکێتیدان، باشە کاکە تۆ بەناوى کێوە قسە دەکەیت؟ نە بزوتنەوەى، نەکۆمەڵى، نە ئەنساریت، ئیتر کەسى ئێوە کێیە؟

مامۆستا کرێکار ئەگەرچى پیاوێکى شارەزایە لەدین و مێژوویەکى هەیە لەگەڵ ئیسلامى سیاسى یان بەقەولى خۆیان (کارى ئیسلامى) و کۆنترە لەزۆربەى سەرکردەکانى ئێستا حزبە ئیسلامیەکان، ئەگەر ئەوکات واقیعى بوایە دەیتوانى ئەویش حزبێکى هەبێت و لەکوردستان کاربکات و لانى کەم وەک کۆمەڵ و یەکگرتوو ڕێگاى لەموسوڵمانانى کوردستان بگرتایە لەوەى کەبچنە ناو داعشەوە، بەڵام ئەو ئەوەى نەکرد.

ئێستاش زمانە نزمەى کەقسەى پێدەکات بەتەواوەتى پێچەوانەى ئەو پەروەردەیە کەخۆیان بەبەردەوامى جەختى لەسەر دەکەنەوە و من ڕۆژگارێک وانەم لایان خوێندووە.

ئەگەر سەرەنجیش لەلایڤەکانى مامۆستا کرێکار بدەن، بەئاسانى هەست بەوە دەکەن، کە زۆرجار ئەو زانیارییانەى پشتى پێدەبەستت شتێکى دەماودەمە و ئەگەرى زۆرى هەیە ڕاست نەبێت، بەڵام ئەو وەک فاکت بەگوێگرەکانى دەدات.

لە ئێستاشدا پێگەى جەماوەرى مامۆستا کرێکار لە ئاستێکى کەمدایە و تەنیا بزوتنەوەى ئیسلامى شەیداى هێنانەوەى ئەو پیاوەیە و هەوڵى بۆ دەدات، چونکە بزوتنەوە لە قەیرانى قوڵى سەرکردەدایە و بەحوکمى نزیکى بزوتنەوە لە پارتییەوە، ئەگەر پارتیش ڕێگاى بدات بگەڕێتەوە، یەکێتى ڕێگاى نادات.

هەرچى سۆران عومەریشە، ئەوەشى من ناسیوە و ماوەى سێ ساڵ کارى ڕۆژنامەنوسیم لەگەڵدا کردووە، پیاوێکى ئازا و ڕاستگۆیە و ڕەوشت بەرزە و خاوەنى عەقڵێکى کراوەیە، هەربۆیە من بەو هەمووە بۆچونە جیاوازەم لەگەڵ ئەو پیاوەدا سێ ساڵ پێکەوە کارمان کردووە بۆجارێکیش دڵمان لەیەک نەیەشاوە و عاجز نەبوین.

لەکارى پەرلەمانتارى و تەنانەت سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤیشدا هەموتان کارەکانیتان دیوە و پێویست بە قسەى من ناکات، خۆتان دەتوانن حوکم لەسەر ئەو دوو کارەکتەرە بدەن، من قسەى خۆمم کردووە و ئێوەش دەتوانن قسەى خۆتان بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.