ستاندەر
ئەندامێكی (م.س) حزبی شیوعی کوردستان، نهێنیەكی گەورەی كۆبونەوەی لەگەڵ نوێنەری (28) كونسوڵخانەكان ئاشكرا دەكات و دەڵێ، لە كۆبونەوەكەدا نوێنەری (28) كونسوڵخانەكان ئامۆژگاریان كردین، كە ئێستا باسی ریفراندۆم نەكەین و، گوتیان ئێوە هیچتان نەكردوە، بەڵام لە راگەیاندن بەپێچەوانە بڵاوكرایەوە.
ئیبراهیم سۆفی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، رایگەیاند، هیچ ئیشێك بۆ ریفراندۆم نەكراوە، لەسەر ئاستی ناوەخۆی هەرێم یان بەغدا یان نێوەدەوڵەتی هیچ نەكراوە. هەروەها كوردستان بۆ گەیشتن بە دەوڵەت پێویستی بە ریفراندۆم نییە، بەڵكو پێویستە لەسەر ئەرزی واقع لە رێگەی بەهێزكردنی دامەزراوەكان بینای دەوڵەت بكەین.
ئیبراهیم سۆفی، لە دیمانەیەكی كەناڵی رێگا دا گوتی، لە كۆبونەوەمان لەگەڵ نوێنەری (28) كونسوڵخانەكان، پێیان راگەیاندین، ئێستا بەهیچ شێوەیەك باسی ریفراندۆم مەكەن، هیچ وڵاتێك پشتگیریتان ناكات، نەتەوە یەكگرتوەكان پاڵپشتی ناكات، هەروەها ئەمریكا و گەورە وڵاتانی تر پاڵپشتی ناكەن، بەڵام لە راگەیاندەكانی بەپێچەوانەوە بڵاوكرایەوە، دوای دیاركردنی ئەو رۆژە بۆ ریفراندم بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان ئاشكرا دەكەن.