کوردستان لە نەخشەی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتان

لەلایەن ستاندار Posted on 778 جار بینراوە

کەمال ئەسکەندەر

خاکی کوردستانی گەورە سەرزەمین وژێرزەمینەکەی هێندە بەپیت وبەرەکەتە دروستە بڵێین بەردەوام جێگەی تەماحی ووڵاتانی دراوسێ و زلهێزانی جیهان بوەو دەبێت ، ئەگەر بەهەڵدانەوەی پەڕاوەکانی مێژوو بسەلمێندرێت خاک وجوگافیای کوردستان لەڕووی هاوکێشە سەربازیەکان جێگەی گرنگی پێدانی ووڵاتانی داگیرکارو ئیمپڕاتۆریەتەکان بووبێت و لەپەراوێزی بەرژەوەندیان لەحەربەیەک چەند دەنکێکیش لەسودوقازانج بەر میرنشینەکان کەوتبێت لەسەر حسابی تێکدانی ئاشتەوایی ناوخۆیی کورد بەدابەش بونیان بەسەر ووڵاتانی بەرژەوەندخواز .

ئەوە ئەمڕۆش هەمان فیلمی مێژووە دووبارە دەبێتەوە ، نەوتی کوردستان بوە بەشیرینی و هەموو مێش و مەگەزەکان بەدەوری دا کۆبونەتەوە .

ئەگەر لەڕابردوودا میرنشینەکان بەهەڵەداچووبن گوایە ئەمان لای ووڵاتان جێگەی ڕێزوپێزانین لەکاتێک دا بەخوێنی ڕۆڵەکانی کورد سنوری بەرژەوەندی ووڵاتان دیاری و دابەش دەکرا ، ئەوە ئەمڕۆش خەریکە هەمان هەڵە دووبارە دەبێتەوە .

بۆیە کاتێک سەیری هەر چوارپارچەکەی کوردستان دەکەین باشورو باکورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەقەبارەی هێزودەسەڵاتەکان بوین بەپارسەنگ بۆ هاوکێشەکانی ( هێز ، بەرژەوەندی ، مەدرەسەفیکریەکان ) ، ڕەنگە تێڕاونینێک هەبێت و بگوترێت ئەی ئەوەنیە کورد لەپەنای ئەوەدا بەرژەوەندیەکانی خۆی دەست دەخات ، بونی ئەو تێڕوانیە ئاساییە ، بەڵام لێرەدا لێرەدا خاوەنەکانی دەبێت خۆیان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە ئامادەبکەن :

ئاخۆ دەستکەوتەکان چی بون ؟ لەبەرژەوەندی گشتی بون یان بەرژەوەندی حزب و چەسپاندنی کورسی دەسەڵات ؟ دەستکەوتی ستراتیجی بون یان لە بازنەی کایە و تاکتیک بون بۆ تێ پەڕاندنی قۆناغێکی کاتی ؟

بۆ ئەوانەشی کەوابیردەکەنەوە ووڵاتانی زلهێز بەردەوام نیازێکی باشیان بەرامبەر بەمیللەتی کوردو سەرانی سیاسی کورد هەبوە ، دەی کەوایە کێ بەرپرسیاریەتی وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ئەستۆ دەگرێت ؟
ئاخۆ میرنشینەکانی ئەوسا و حزب ولایەنە سیاسیەکانی ئێستا سەرکەوتوو نەبون لەگەیاندنی داواکاریەکانی کورد بەووڵاتان ؟ یان ئەوان ئەوکات وئێستاش باش لێمان تێنەگەیشتون ؟ یان نەخێر ئەوە دەسەڵاتدارانی کوردن لەناومیللەت بەقەبارەیەکی گەورە لەهەمبەر هاوکێشە جیهانیەکان خۆیان نمایش دەکەن ، لەکاتێک واقیع بەهەموانی سەلماندوە تواناکانمان سنوردارەو تەنها چەند داشێکی یاریەکەین بۆ (کش مەلیکی) ئەوانەی بون ودەبن بەبەربەست لەبەردەم ووڵاتانی بەرژەوەندخواز کەبەردەوام لەنەخشەی بەرژەوەندیەکانیان سەرنجی خاکی کوردستان وکاراکتەرە کوردەکانیان داوە .

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.