کێشە یاساییەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 933 جار بینراوە

ئاراس شێخ حەسەن*

لە(30)ی حوزەیرانی 2013 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە(19)ی بە نایاسایی پەسند کرد،کە بریتی بوو لەدرێژ کردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان،چونکە پێچەوانەی ماددەی(3) بوو لەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە(1)ی ساڵی(2005)،بەو پێیەی لەیاساکەدا هاتووە:(ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵە دەکرێ بۆ ویلایەتی دووەمیش هەڵبژێردرێتەوە).

کەواتە بۆمان دەردەکەوێ نابێ لە(8) ساڵ زیاتر بەسەر بەسەر ویلایەتی سەرۆکی هەرێم تێ پەڕ ببێ،واتە یاسای ژمارە (19)تەواو پێچەوانەی یاسای ژمارە(1)ی ساڵی(2005)ە،بەجۆرێک ویلایەتی سەرۆکی هەرێم تاکو19/8/2015بێ هیچ خوێندنەوەیەکی قانونی و پاساوێکی مەشروع درێژ کرایەوە،پەیرەوی ناخۆی پەرلەمانیش کەسیفەتێکی یاسایی هەیە دەربارەی ئەو پڕۆژە یاسایانەی خوێندنەوەیان بۆ ئەکرێت چەندین کۆت و بەندی داناوە،هەروەک لە بڕگەی(1)ی ماددەی (61)دا هاتووە:(ئەنجومەنی وەزیران یان ئەندامانی ئەنجومەن(پەرلەمان) ژمارەیان لە10ئەندام کەمتر نەبێت،دەتوانن پێشنیازی هەر پڕۆژەی یاسایەک بکەن،هەر پڕۆژەیەکیش ڕەت کرایەوە،ئیتر تا خولێکی نوێ ناخرێتە بەردەم ئەنجومەن).لەبڕگەی دووەمیش دا هاتووە:(لیژنەی پەیوەندیدار لە پڕۆژەکە دەکۆڵێتەوەو هاوشان لەگەڵ لیژنەی کاروباری قانونیدا،ئامۆژگاری و پێشنیازی خۆی لەو بارەیەوە پێش کەش دەکا).بڕگەی سێیەمیش جەخت دەکاتەوە کە:(لەماوەی 10 ڕۆژدا،لەو کاتەوە پڕۆژەکە دەگاتە لای هەردوو لیژنەکە،هەردووک پێکەوەو دوای داڕشتنی لەلایەن لیژنەی قانونیەوە ڕاپۆرتی خۆیان پێش کەش ئەکەن،بەڵام ئەگەر داوایان لێ کرا بە پەلە بن دەبێ لە ماوەی 5 ڕۆژدا پێش کەش بکرێ).

ئەمەش ئەوە ئەسەلمێنێ جگە لە پێچەوانە بوون بۆ یاسای ژمارە(1)ی(2005)،پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە،کە مەرجە بەکۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی تێپەڕ ببێ کە بریتین لە:لێکۆڵینەوەو گفتوگۆ کردن لە لایەن هەردوو لیژنەی پەیوەندیدارو یاساییەوە لەماوەیەکی دیاری کراو،هەروەکو ڕوون کراوەتەوە لە حاڵەتی ئاسایی دوای داڕشتنەوەی پڕۆژەکە(اعادة الصياغة المشروع) لەلایەن لیژنەی یاساییەوە،هەردوو لیژنەی یاسایی و پەیوەندیدار لە حاڵەتی ئاسایی لە ماوەی(10)ڕۆژ و لە حاڵەتی بە پەلە(حالة الاستعجال) لە ماوەی (5)ڕۆژ پێش کەش ئەکرێ،پڕۆژە پێشنیاز کراوەکەش بە پێی بڕگەی یەکەمی ماددەی (62)ی پەیڕەوی ناوخۆ لەگەڵ ڕاپۆرتی هەردوو لیژنەکە پێش کەش بە دەستەی سەرۆکایەتی ئەکرێت،وە لەلایەن سکرتێرەوە بەسەر ئەنداماندا دابەش ئەکرێ،وە بەپێی بڕگەی دووەمی هەمان ماددەش دوای دابەش کردن،سەرۆکی ئەنجومەن لە یەکەم کۆبوونەوەدا دەخاتە بەردەم ئەنجومەن و هەر بەپێی بڕگەی سێیەمی هەمان ماددەش،ئەنجومەن دەست بەگفتوگۆ لەسەر ڕاپۆرتی هەردوو لیژنە سەبارەت بەپڕۆژەکە ئەکات،ئنجا دێتە سەر گفتوگۆ کردن لەسەر پڕۆژەکە خۆی و ئەگەر بڕیار لەسەر بنەماکانی درا،ئەوسا دەنگ لەسەر یەک بە یەکی ماددەکان دەدرێ.

بەڵام ئەم دەق و ڕێکارانەی باسمان کردن هیچیان لە یاسای ژمارە(19)جێ بەجێ نەکران و بە پەلەو لە یەکەم دانیشتن دا بێ ئەوەی لیژنەی یاسایی و پەیوەندیدار ڕاپۆرت پێشکەش بکەن لەماوەی یاسایی،وە بێ ئەوەش ئەندامان سەرنج و پێشنیاز لەسەر پڕۆژەکە پێشکەش بکەن،لە دانیشتنێکی کورتد دا بێ خوێندنەوەی دووەم دەنگی لەسەر درا و هەر زوو یاساکەیان بە نایاسایی تێ پەڕاند و لە ڕۆژنامەی(وەقایعی کوردستان) بڵاو کرایەوە،سەرەرای پێچەوانە بوونی یاساکە لەگەڵ هەردوو بنەمای(شەرعیەت و مەشڕوعیەت)،کە بە دوو زاراوی گرنگی یاسایی هەژمار ئەکرێن،یەکەمیان شەرعیەت(الشرعية:Legality):بریتیە لە پشت بەستنی دەسەڵات یان حکومەت بە سەنەدێکی قانونی،سەرچاوەی ئەم شەرعیەتەش لە حکومەتێکەوە بۆ حکومەتیکی دیکەوە جیاوازە وەکو شەریعەتی ئیسلامی یان دەستور یان لائیحەی دەستوری دوای شۆڕش یان بوونی یاسایەکی ئاسایی(التشريع العادي) لە کاتی نەبوونی دەستور یان بریتیە لەو دەسەڵاتەی یان حکومەتەی پشت بە بنەمایەکی دیاری کراوی دەستوری یان سیستەمێکی یاسایی ئەبەستێ،ئەگەر هاتوو ئەم دەسەڵاتە یان حکومەتە پشتی بەهیج دەسەڵاتێکی یاسایی یان دەستوری نەبەستبوو پێی دەڵێن حکومەتی فیعلی یان ئەمری واقیع(حكومة الامر الواقع:Defacto)،دووەمیان مەشڕوعیەت(المشروعية:Validity or Lawfulness):بریتیەلەسەروەری دەسەڵاتی یاسا لە دەوڵەتدا،بە جۆرێک حوکمەکانی و بنەماکانی لەسەرووی ئیرادەی حاکم و مەحکوم ئەبێت،ئەویش بە پێی ڕیزبەندی نابێ پێچەوانەی بنەمای سەرووی خۆی بێت،سەرچاوەی مەشروعیەتیش نوسراوو نەنوسراو ئەگرێتەوە،سەرجاوەی نوسراو:بەسەر دەستورو یاسای ئاسایی(التشريع العادي) ولائیحەکانی دەسەلاتی جێ بەجێ کردن(اللوائح او المراسيم الصادرة عن السلطة التنفيذية في الدولة) دابەش دەبێت،سەرچاوەی نەنوسراویش بریتین لە:عورفی یاسایی و بنەمای گشتی یاسایی.

کەواتە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم پێچەوانەی شەرعیەتی یاساییە،یاسای ژمارە(19)ەش پێچەوانەی بنەمای مەشروعیەتە ،هەم لەڕووی عورفی یاساییەوە هەم لەڕووی یاساییەوە کە پێچەوانەی یاسای ژمارە(1)ە ،هەر چەندە لە ڕووی ریزبەندی یاساییەوە بە یاسایەکی ئاسایی هەژمار ئەکرێت،بەڵام ڕەهەندێکی یان سیفەتێکی دەستوری هەیە چونکە دەسەڵاتێکی سیاسی ڕێکخستووە ئەویش سەرۆکایەتی هەرێمە،لەبەر ئەوەی تا ئێستا دەستورێکمان بۆ ڕێکخستنی دەسەڵاتە گشتی یەکانی هەرێم ڕووناکی بە خۆیەوە نەبینیوە،سەرەڕای پێچەوانە بوونیشی لەگەڵ بنەماکانی دەستوری فیدڕالی عێڕاقی،بەهۆی دژ وەستانەوەی لەگەڵ بڕگەی(2)ی ماددەی(13) دەستوری عێراقی فیدڕالی(2005) کە تیایدا هاتووە:(لا يجوز سن قانون يتعارض مع هذا الدستور،ويعد باطلا كل نص يرد في دساتير الاقاليم اي نص قانوني آخر يتعارض معه). واتە دروست نی یە یاسایەک دابنرێ دژ وەستێتەوە لە گەڵ ئەم دەستورە،وە بە باطل هەژمار ئەکرێ هەردەقێک لە دەستوری هەرێمەکان یان هەر دەقێکی دیکەی قانونی دژ بێت لەگەڵیدا.

سەرەڕای دژ وەستانەوەی لەگەڵ بڕگەی(1)ی ماددەی(72)ی هەمان دەستور کە دەڵێت:(تحدد ولاية رئيس الجمهورية باربع سنوات ويجوز اعادة انتخابه لولاية ثانية). واتە دەستوری فیدڕالیش جەختی لەسەر دوو خول کردۆتەوە،هەر خولەش بە چوار ساڵ هەژمار کراوە،هەرچەندە یاسای ژمارە(19) بە دوو مەرجی بە منەت دانراوە،کە یەکێکیان بریتییە لە درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بۆ ماوەی دووساڵ لە نێوان(20/8/2013) تاکو (19/8/2015)،بەهیج شێوەیەک یارای دێژکردنەوە نابێت و،دووەمیشیان جەختی لەسەر گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان(2009)ی بۆ ناو پەرلەمان کردۆتەوە بۆ هەموار کردنەوەی بەسازان.

بۆیە هیچ سەنەدێکی قانونی پاڵپشتی دریژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم ناکات،جگە لەشکاندنی شکۆی قانون و بوون بەسەرچاوەی دروست کردنی کێشەو قەیرانی سیاسی و دارایی،سەرەڕای ئەمانەش لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا نەک دەستور نەگەڕایەوە پەرلەمان،بەڵکو ئاستەنگێکی زۆر بۆ گەڕانەوەی کرا،دواتریش سەرۆکایەتی پەرلەمان بەناچاری هەوڵیدا بۆ هەموار کردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم،کە چوار لایەنی سیاسی پڕۆژەیان پێشکەش کرد بۆ چارەسەر کردنی بەشێک لەم کێشانە لە(23/6/2015) خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا،بەڵام لە خوێندنەوەی دووەم لە(19/8/2015)بە هۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەم پڕۆژەیە بە هەڵواسراوی مایەوەو نە چووە بواری جێ بە جێ کردن و،ئەنجومەنی شورای هەرێمیش بەبڕیارێکی نایاسایی لە (17/8/2015) ویلایەیەکەی درێژ کردەوە سەرباری ئەوەی ئەم ئەنجومەنە هیج سیفەتێکی ئیلزامی نی یە بە حوکمی ئەوەی ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری سەر بە وەزارەتی دادە،هەروەک ئەتوانین بە پێی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان ژمارە(14)ی ساڵی(2008) لە ماددەی(8) ئەتوانین پشت ڕاستی سەرنجەکانمان بکەینەوە کە دەڵێ:(ئەنجومەن ڕاوێژی یاسایی پێش کەش دەکات لەو پرسانەی کە لەلایەنی باڵاوە بۆ پرس پێ کردنی دەخرێتە بەردەمی).

بۆیە بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە هیچ یاسایی و ئیلزامی نی یە بەمەش بووە هۆی دروست بوونی بۆشاییەکی یاسایی لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە یاساییەو، دواتر ڕێگری کردن لەسەرۆکی پەرلەمان لە(12/10/2015) لەکاتی گەڕانەوەی بۆ پایتەخت و ،بۆ ئیدارەدانی بەستنی(انعقاد)ی دانیشتنە تەشریعیەکانی پەرلەمان و تاکو ئێستاش بەردەوامی هەیە.

ئێستاش ئەم دەسەڵاتە ناشەرعیە بۆ بەردەوام بوون ومانەوەو درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی پێشووی هەریم لەهەوڵی دروست کردنی ڕیفراندۆمێکی ناشەرعی و نایاساییە،بێ ئەوەی یاسایەکی پێشوەختی لە پەرلەمان بۆ دەرچووبێ،چونکە ئەم پرسە لەتایبەتمەندیەکانی پەرلەمانە،وێڕای دامەزراندن و بەرپرسیاربوونی ئەندامانی لەبەردەمیدا،جگە لەمانەش ئەم دەسەڵاتە لەدووکاتی جیاواز بە نیازی ئەنجام دانی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنە،بەوەش گومانێکی زۆر هەیە ئەنجام دانی هەڵبژاردن دوابخرێت و بە تەواوی دەسەڵاتی یاسادانان کۆتایی پێ بهێنرێت،چونکە سەرۆکی پێشووی هەرێم دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت و مافی خۆ کاندیدکردنەوەشی لە هەڵبژاردنی داهاتوودانابێت، لە حاڵەتی کاراکردنەوەی پەرلەمانیشدا بێ هەموار کردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەریەک کەوتنیکی گەورە لەکاتی تەشریع کردنی یاساکاندا دروست دەبێت،چونکە پێویستی بەواژووی سەرۆکی هەرێمە بۆ پەسند کردنی یاساکان،ئەمەش کێشەکان ئاڵۆزتر ئەکات چونکە یاساکان شەرعیەتیان نابێت،بۆیە پێویستە لە کاتی کاراکردنەوەی پەرلەمان دا بەزووترین کات پڕۆژە یاسای هەموار کراوی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم خویندنەوەی دووەمی بۆ بکریت،تاوەکو ئەو بۆشاییە یاساییە پڕ بکرێتەوە.

ئێستاش ماوەی یاسایی پەرلەمان بەرەو کۆتایی ئەڕوات،ئەگەر لەم ماوەیەدا پەرلەمان کۆبوونەوی یاسایی ئەنجام نەدات و نەتوانێ تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە لە حاڵەتی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا،دوای تەواو بوونی ویلایەتی پەرلەمان شەرعیەتی ئەنجام دانی کۆبوونەوەی نامێنێت و هەرێمی کوردستان بەرەو بۆشاییەکی یاسایی و سیاسی و ئیداری دا ئەڕوات و هەموو دەزگاکانی هەرێم لە کارئەکەون و ئەزموونەکەمان بەرەو چارەنووسێکی نادیار ئەڕوات.

بۆیە دەسەڵات ئەیەوێ ئەم دۆخە بەردەوام بێت و، ئەم ڕیفراندۆمەش گورزێکی گەورە لەدامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئەدات،چونکە زیاتر لە(%53)ی خاکی کوردستان نەگەڕاوەتەوە سەر هەرێمی کوردستان و ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە ئەو ناوچانە لە دەست بچن،بەمەش کێشەکانمان زیاتر بەرەو ئاڵۆز بوون دەچن،دەرەنجامیش ئەم ڕیفراندۆمە جگە لە سیفەتێکی ڕاوێژکاری لەرووی یاسای دەستوری و نێودەوڵەتیەوە هیچ سیفەتێکی ئیلزامی نابێت.

*مامۆستای زانکۆ(یاسای گشتی/دەستوری)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.