دەوڵەت و دیموکراسیی: وەڵامێک د. عادل باخەوان

لەلایەن ستاندار Posted on 1452 جار بینراوە 0 سەرنج
Niaz Najmadin

دەوڵەت و دیموکراسیی: وەڵامێک لە “هاوڕێی”ەکی سلێمانیەوە بۆ د.عادل باخەوان

نیاز نەجمەدین

بەهای زانست چیترە جگە لەوەی فێرمان دەکات چۆن بژین؟ بەبێ زانست، ئێمە خاوەنی فکرێکی سەرلێشێواوین. بیر لە چی دەکەینەوە، چۆن بیری لێبکەینەوە، چۆن رەفتاربکەین و چۆن بڕیاربدەین، چەندین پرسیاری تریش، بەبێ زانست وەڵامنادرێنەوە. زانست یارمەتیشمان دەدات لە تۆمەتخستنەپاڵ و کەوتنە داوی گێلێتییەوە، کەم تا زۆر، رزگارمان ببێت (هەڵبەت هەموومان دوێنێ، ئەمڕۆ، یان سبەی، کەوتوین و دەکەوینە داوی گێلێتییەوە). لێرەوە، ئەوەی خوارەوە هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەیەکی زانستیانەی د.عادل باخەوان بەبێ ئەوەی تۆمەتباری بکەم بەوەی “ئەو” نەوتخۆرە مادام پشتیوانیی ریفراندۆمی 9/25 دەکات و “من” دڵسۆزی یەکەمی نیشتمانم چونکە ئەم بانگەشەیە ناکەم. من گریمان دەکەم ئەم دکتۆرە بەڕێزە لە تەواوی کەماڵی عەقڵییەوە، نەک لە بەرژەوەندیی شەخسییەوە، بەو دەرئەنجامە گەیشتووە، کە بنوسێت:

یەکەم: “پاش دەوڵەت، ئیتر خەبات لە پێناوی دادی کۆمەڵایەتی، یەکسانی، مافەکانی مرۆڤ، دیمۆکراسی مانایەکی دەبێت. بەبێ دەوڵەت هەموو ئەم دروشمە جوانانە بێ مانان و هەرگیز جێبەجێ نابن.”

من لە رێی خشتەیەک و گرافێکەوە وەڵامی ئەم بۆچونە دەدەمەوە.

خشتەکە پوختەی “ئیندێکسی دیموکراسیی”ە. لە خشتەکەدا روندەبێتەوە کە لە کۆی 167 دەوڵەت، پەنجاو یەک دەوڵەتیان رژێمی دیکتاتۆرییان هەیە، چل دەوڵەتیش خاوەنی دیموکراسییەکی پەککەوتوون(hybrid democracy). ئەم دوو کاتیگۆرییە، نزیکەی 54.5%ی سامپڵەکە پێکدەهێنن. پەنجاو حەوت دەوڵەت دیموکراسییەکی ناتەواو و کەموکوڕیان هەیە (کە بێگومان ئەمە هێشتا بەسەرکەوتن دادەنرێت)، و تەنیا 19 دەوڵەت دیموکراسییەکی تەواویان هەیە. واتە 45.5%ی 167 دەوڵەت خاوەنی رژێمێکی دیموکراسیی یان دیموکراسییەکی ناکامڵن. لە رویەکی ترەوە، نزیکەی 51%ی دانیشتوانی 167 دەوڵەت لە رژێمی نیمچە دیکتاتۆریی و دیکتاتۆرییدا دەژین، سەرکەوتدەکرێن، رێزی کەرامەتیان ناگیرێت، و مافی مرۆڤ و بونەوەران و ژینگە پێشێلدەکرێت. ئەی بۆ بە هەبونی دەوڵەتەوە ئەو “دروشمە جوانانە” نەهاتنەدی؟

Niaz 2

ئێستا بڕوانە فیگەرەکە. من بۆ ئەو ئیندێکسە شتێکی ترم زیادکردووە، ئەویش ساڵی سەربەخۆبونی وڵاتەکەیە بەراورد بە ریزبەندیی لە ئیندێکسی دیموکراسییدا.

– پۆلیڤیا، وا نزیکەی دوو سەد ساڵ بەسەر تەمەنی سەربەخۆییەکەیدا دەڕوات، کەچی هێشتا لە ریزبەندیی 90دایە، لە ریزی گروپی سێیەمە (واتە دیموکراسیی پەککەوتوو).
– هایتی، دوو سەدە و سیانزە ساڵە دەوڵەتە، لە ریزبەندیی 111دایە.
– ئەفغانستان، 1919 سەربەخۆیی وەرگرتووە، ریزبەندیی 147 وەرگرتووە، تەنیا 20 دەوڵەت لەو خراپترن.
– کۆریای باکور، 1948 بوو بە دەوڵەت و دوا پلەی وەرگرتووە.
– خۆت بڕوانە خشتەکە، ژمارەی چواریی ساڵی سەربەخۆبوونە، ژمارەی دووانی و سیانییش ریزبەندییە لە دیموکراسیی و مافی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی ئازادییدا.

دووەم: ئینجا دکتۆر باخەوان دەنوسێت: هاوڕێیان.. ئێمە بەبێ دەوڵەت تەنانەت مافی ئەوەشمان نیە لە نیو مێژووی بەشەریەتدا وەک کوردستانی بوونمان هەبێت! تەنها بژاردەیەک کە لە نێو مێژووی بەشەریەتدا هەمانبێت، ئامادەبوونمانە وەک عێراقی! ئایا بەڕاستی کوردێک هەيە لەسەر گۆی وەزیدا (مەبەستی زەوییە!) بیەوێت وەک عێراقی داخڵ بە مێژوو ببێت؟
ئێستا ئەبێ پرسیارێک لە “هاوڕێ” باخەوان بکەین: ئایا کۆرییەکانی باکور شانازیی دەکەن بەوەی وەک کۆرییەکی باکوریی “دەچنە مێژوەوە”، دەژین و دەمرن؟ خۆ ئەمەریکییەکان هەمویان خەڵکی ئەمەریکا نین و خاوەنی یەک دەوڵەتیش نەبون، ئەمڕۆ هەست دەکەن یەک ناسنامەیان هەیە. خۆ سکۆتلەندیی و وێڵزیی و ئینگلاندیی و ملیۆنان بەشەری تری نەتەوەکانی تر هەموو پێکەوە بەریتانیایان دروستکردووە، شانازیی دەکەن بەوەی بەریتانیین. ئەزانی بۆ؟ چونکە خاوەنی دەسگان و رێیان لەبەرژەوەندیی تایبەت و هەیمەنی کەمینە گرتووە و پاوەر دابەشبووە، بێگومان بەراورد بە وڵاتانی تر. پاشان ئەکرێت تورکمانێک و عەرەبێک لە کوردستان بژین و بەو خەمەوە سەر بنێنەوە کە لە دەوڵەتی کوردییدا دەژین و ناچنە مێژووە چونکە دەوڵەتی خۆیان نییە؟

Niaz 1

بۆیە (ئەم قسەیەم بە وردیی بخوێنەرەوە):

(ئەگەر عێراق وڵاتێکی دیموکراسیی بێت و رێزی بونەوەر و ژینگەی تێدا بگیرێت، ئەوا زۆر شانازیی ترە کە وەک عێراقییەک بچینە مێژوەوە، بژین و بمرین، وەک لەوەی کوردێکی شەڕەنگێزی سەر بە خاکێکی دیکتاتۆریی بین.) کوردێک بۆ دەتوانێت بە شانازییەوە ناسنامەی سویدیی لە گیرفان بکات، بۆ نەتوانێ بە شانازییەوە ناسنامەی عێراقییبون لە گیرفان بکات؟ مەسەلەکە ئەوە نییە ئێمە دەولەتمان نییە و ئەوان هەیانە، ئەوە نییە ئێمە غیيرە لەوان دەکەین، بەڵکو ئەوەیە ئێمە رازیی نین بە پلەی دیموکراتیبونی دەوڵەتی عێراق، کە دوای سەدەیەک هێشتا لە دوای دواوەی ریزبەندییەکەدایە. بەم مانایەش، بەگومانین لە دەوڵەتی کوردستان، بەتایبەت دوای دەیان ساڵ ئەزمونی تاڵ لەگەڵ حکومەت و پەرلەماني خۆمان و هەروا بە ئاسانیی تەسلیم نابین و مەسەلەی ئازادیی دواناخەین.

کەواتە: چەمکی شانازیی چیتر هەبون و نەبونی دەوڵەت نییە، بەڵکو رێزگرتنی مرۆڤ و بونەوەران و ژینگەیە.

جا کاکی باخەوان، مادام بەڕێزت مامۆستای زانکۆی لە فەڕەنسا و لێکۆڵەریت، لە بری گوتاری سیاسیی ئاگرین، باشتر بوو پێمان بڵێیت: لە ماوەی کورتخایەن و درێژخایەندا، ئایا تێچوی مانەوە لەگەڵ عێراق کەمترە یان زیادترە لە تێچوی جیابونەوە؟ چۆن؟ باشترە سود لەم دەرفەتە وەربگرین گفتوگۆی جدی تر و پڕ مەعریفەتری تێدا بەرهەمبهێنین. لە بیرت بێت “دۆخەکە ترسناکە، لە زۆر روەوە، لەوانە دەیان مەلا و رۆشنبیر و چی و چی تر خەریکی تەخوین و ئامادەی سزادانی یەکترن لەسەر “بەڵێ” و “نەخێر”ێک! خەڵک بێ ئومێد و ماندووە و با لەسەر ئەم پرسە سیاسیەش نەکەوێتە گێژاوێکی تر و ئازاردانی یەکتر.

دەرئەنجام
ئێمە بە دەست قەیرانی ئابوریی درێژخایەن و گەشەی کورتخایەنەوە گیرمان خواردووە، ئازادیی سیاسیی و دەرفەتی کۆمەڵایەتییش زۆر بەرتەسکن، بۆیە رێژەی مەترسیی زۆر بەرزە و هەموو گیانمان سترێسە. هیچ گرانتییەک نییە کە هەبونی دەوڵەت ئەم هاوکێشانە پێچەوانە دەکاتەوە. ئەمە لەسەر ئەوە وەستاوە تا چەنێک ژینگەی نێودەوڵەتیی یارمەتیدەر دەبێت و تا چەنێک هێز بە لای بەرەی ئازادیخواز و ژیاندۆستدا دەشکێتەوە. بە کورتی، وەرچەرخان بەرهەمی کۆمەڵێک فاکتەرە کە لە ساتەوەختێکی مێژوویدا یەکدەگرن، کە رەنگە دەوڵەت تەنیا یەکێک بێت لە فاکتەرەکان.


تێبینیی:
– گراف و خشتەکە هاورێی ئازیزم مامۆستا هێمن ئیبراهیم(زانکۆی کۆمار)، بۆی دروستکردوم پاڵپشت بە داتایەک کە بۆم نارد. سوپاسی زۆرم بۆی.
– ئیندێکسی دیموکراسیی ئەم بوارانە دەگرێتەوە: پرۆسەی هەڵبژاردن و پلورالیزم، ئازادیی مەدەنیی، کارایی حکومەت، بەشداریی سیاسیی، و کەلتوری سیاسیی.
– بریا میدیاکاران گراف و خشتەیان لە شیکاری پرسی سیاسیی-ئابووریی بەکاردەهێنا.
– ببورن وشەی “گراف” لە ناونیشانی خشتەکەدا زیادەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *