لە گوندێکی هەولێرەوە بۆ کۆشکی کرملین

لەلایەن ستاندار Posted on 720 جار بینراوە

لە گوندێکی هەولێرەوە بۆ کۆشکی کرملین عەزیز محەمەد (1/7/1924 ــ 31/5/2017) 

فـەهد گـردەوانی

لە ٣١ ئایار دڵە گەورەکەی سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەر و شیوعی لە لێدان کەوت . دەمزانی ئەو کەوتنەخوارەوەی ڕەنگە ئیتر دوا قۆناغی ژیانی بێت . گەلێک جار بۆ دڵدانەوە و لەبیرکردنی ئازارەکانی دەمگووت دیارە تەواو دکتورەکان ڕازین لە تەندروستیت بۆیە ڕێگایان دای بگەڕێەوە ماڵەوە. بەردەوام بە تەلەفون لە تەندروستیم پرسیار دەکرد  . کە پەشێوی شاعیر گەڕاوە هەولێر و سەردانی کاک عەزیزی کرد و وێنەکەی لە لاپەرەی هاوڕێ حیدەر فەیلی بڵاکراوە لەلای کاک عەزیز گیرابوو بە تەلەفون هەواڵی و چۆنیەتی کاک عەزیزیم پرسیارکرد کاکە پەشێویش بە کوردیەخۆشەکەی خۆی گووتی باش نی یە بەداخەوە . لەگەر ئەویش گووتم ئەو کەوتنە دواقۆناغە چونکە تەمەنەکەی ڕێگای نادات . پەشێو بەختی باشی هێنا چونکە بۆ دواجار ماچی کرد و سەردانی کرد.

دەکرێ کتێب دەربارەی ژیان و تێکۆشان و هەڵوێست و بیروباوەڕ و ئادگار و بیرەوەری و یادگاریی و کۆمەڵێک شتی تریش دەربارەی کاک عەزیز بنووسرێت و بەرهەم و سەرچاوە زۆرن هەر لە کۆنگرەی دووەمی حزبەوە هەتا کۆچی دوایی کە دواوتاری لە کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستانی بوو . ئەوە لێدەگەڕێم بۆ ماوەیەکی تر ئەگەربێت و مردن خۆی لە گەردەنم نەئاڵێنێ . من هەر لە منداڵیەوە رقم لە مردنە . برادەرە نزیکەکانم چاک دەزانن چەندی جنێو پێدەدەم و چۆن ریسوای دەکەم بەڵام بەداخەوە هەر ئەو سەردەکەوێت و خۆشەویست و ئازیزێکم لێ دەبات . بۆ کەس تەمەنای مردنی بۆ ناخوازم هەتا ئەگەر دژی بیروباوەڕیشم بێت . ئەوە مردنە منی لە باوەشی دایکم و باوکم کە بەداخەوە تەنها هەر نۆزدەساڵ لەگەڵیان ژیام لە یەکتر کرد . جگە لەوەی نزیکترین هاوڕێ و برادەری لێ بردم کە بە دەیان یادگاری خۆشم هەبووە لەگەڵیان هەر مردنە کەسە نزیکەکانی لێ سەندمەوە کە شەوانە پێکی خۆشی و پێکەنینمان هەڵداوە و شەوانمان کردووە بە ڕۆژ بۆ گۆرانی و قسەی خۆش . یەکێک لەو خۆشەویستانە کە بەراستی حەزم دەکرد زیاتر بژیابایە   هاوڕێ عەزیز محەمەد بوو. بۆمن وەکو خاڵ وەکو سکرتێری حزبەکەم وەکو برایەکی گەورە وەکو هاوڕێ یەکی نزیک وابوو بۆیە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە یەکتر جیانەبووینەوە و دواجاریش ئێوارەیەکی ساڵی 2015 نان و ماستمان پێکەوە لە ماڵەکەی سەعدیەی خوشکم خوارد .

کاک عزیز ڕێزی تایبەتی نووسەرانی دەگرت زۆر بە ئەدەبەوە باسی نووسینەکانی هەریەکی دەکرد کە دەیخوێندەوە . زۆر بە ئەدەبەوە باسی بیرەوەری هاوڕێ یەکانی دەکرد ئەگەرچی هاوڕێ یەکان لەو بیرەوەری یانە  ڕەخنەی توندیشی یان لەسەر کاک عەزیز نووسیبوو .  زۆر بە ئەدەب و ڕیزەوە ناوی سەرکردەکانی کوردی دەهێنا هەتا هەندێک جار کە بە توندی رەخنەم لێدەگرتن ئەو بە هێمن و لەسەرخۆ ناوی دەهێنان . هەربۆیە بۆی باسکردووم چۆن وای کردووە مەلامستافا ڕێزی تایبەتی بگرێت لەو سەرکردە شیوعیانەی کە لە کوردستان بوون . ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی بەڕیزەوە سەیریان کردووە . هەتا کە ئەوکاتەی مەکتەبی سیاسی جیابۆتەوە و لێکترازان لە پارارتی رویداوە . تازە کارەساتی پشتئاشان بووە لەکەیەک و بە نیوچەوانی نەوشیروان مستەفا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نوسا ، بەڵام ئەگەر کاک عەزیز لە کوردستان بوایە ئەو کارەساتە بەوجۆرە نەدەبوو کە بووە قەتلوعامی شیوعیەکان . کاریزمای کاک عزیز و ئەزموونی سیاسی گەلێک زۆربوو. کوردەوکانی ئێران و سوریا و تورکیا و عێراق پرسیان پێ دەکرد و هەردەم بە حزبە شیوعیەکانیشی دەگووت دەبێت ەسەلەی کورد وەکو مەسەلەی خۆتان سەیربکەن. هەر لە منداڵیەوە کە لە تەمەنی لاوی بووە بە کادیرێکی دڵسۆزی حزبی شیوعی عێراق و لە هەولێرەوە گۆزرایەوە بۆ چاپخانەی حزب لە بەغدا . کوڕە فەقیرەکی گوندی بێرکۆت هەنووکە بێرکۆت کەوتۆتە ناو هەولێر وای لێهات مەدالیای لینین و دیمترۆڤ لە سینگی بدرێت و لە کۆنگرەجیهانی یەکان بەناوی حزبی شەهیدان حزبی شیوعی عێراق ووتار بخوێنیتەوە . باوک جوتیاری فەقیر و دایک خزمەتکاری ماڵان ئا ئەو مرۆڤە لە قوتابخانەی زیندانی دەرچوو بووە ئەو مرۆڤە نیشتمانپەروەر و شیوعی یە .لە گوندی بێرکۆت جگە لە کاک عەزیز محەمەد ، گۆرانی بێژ قادر زیرەک [قادر ئەحمەد مستەفا 1954 ــ 18/7/1981] و شاعیری نیشتمانپەور و خۆشەویستی کوردستان عەبدوڵڵا پەشێو 1946 لە دایک بوونە و ناوبانگی خۆیان وەرگرتووە .تەمەنی درێژ بۆ پەشێوی شاعیر دەخوازم .  کاک عەزیز بۆ خۆی دەڵێ تەمەنم حەڤدە یا هەژدە دەبوو بوومە ئەندامی حزبی هیوا ساڵی 1942 . پاشان کاک جەمال حەیدەری رێگای مارکسیەتی نیشاندام ، مەلا شەریفیش بەرەو حزبی شیوعی بردم . ئەوکاتەش خوێندنی سەرەتایی تەواوکرد و کەوتە زیندان هەتا شۆڕشی 14 تەمووز ئینجا ئازاد کرا و لە ساڵی 1964 لە کۆبوونەوەی فرەوانی سەرکردایەتی کە بۆخۆی دەنگی بەخۆی نەداوە وەکو سکرتێری حزبی شیوعی عێراقی هەڵبژێردراوە و لە کۆنگرەکانی دووەم ساڵی 1970 و سێ یەمی ساڵی 1976 و چوارەمی 1985 بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژێردراوە و لە کۆنگرەی پێنجەم ساڵی 1993 داوای کرد یەکێکی تر لە شوێنی خۆی دابنێن و خۆی هەڵنەبژارد . لە حزبەکانی شیوعی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست یەکەم سکرتێر بووە شوێنی خۆی بۆ یەکێکی تر چۆل بکات . هەر لەو کاتەوە ئیتر خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەت کردنی ئەو ئەزموونە ساوایایەی کوردستان کە لە ڕاپەڕینی 1991 وەدەست هات و باشترین دەوریش لێک نزیکردنەوەی کاک مەسعود و مامجەلال بوو ئاوەکی بەو شەڕی خۆکوژی یە داکرد و ئاشتی لە نیوان پارتی و یەکێتی دروست بوو . ئەگەرچی ئەو ماندووبونەی کاک عەزیزیان بردە کۆشکی سپی ئەمریکا و کۆشکی ئیلیزی پاریس .

هەر لە زیندانەوە فێربوو بە عارەبی کتێب بخوێنیتەوە و سەرچاوەی گشتی خوێندنەوەی عارەبی بوو پاشان بە کوردیش دەیخوێندەوە . هەر کتێبەکی وەدەست بکەوتبایە دەیخوێندەوە ئەگەر کتێبەکی لانەبوایە لە ماڵەکەم دەستی بۆ کتیبخانەکەم دەبرد و لەسەر جێگا دەیخوێندەوە هەندێک جار کە لە کار دەگەڕامەوە لە ژوورەوە چەند کتێبەکی لە دەورەی خۆی دانابوو . کەیفیشی بە و قەلەمانەی من دەهات کە لە کتیبەکانم دابوو یان بۆ ئەوەی لەبیرم نەچێ لە تەنیشتی شتێکم دەنووسیەوە ، جارجارە دەیگوت کاریئاسانیت کردووە بەڵام من بە کاک کەریمی حسامی و عبدوڵڵا پەشیوم دەگوت پشتم شکاندووە . خوێندنەوەی کاک عەزیز لە کتێبی سیاسی و لێکۆڵینەوە دەپەڕیەوە بۆ ڕۆمان و بیرەوەری و چیرۆک و پەخشان و شیعر .  زۆر چاک بیرورایەکەی دەردەبڕی و سەرنج و رەخنەکانی بەجۆرێک دەردەبڕی کە بەرانبەرەکەی قەناعەتی پێ دەهینا . گەلێک جار هەر من نا زۆرکەسی تریش داوایان لێکرد بیرەوەری یەکانی بنووسیتەوە بەڵام رازی نەبوو . لە هەر گفتوگۆ و جاوپێکەوتنێک حەزی دەکرد پێشئەوەی قسەکانی بڵاوبکرێنەوە سەیری بکاتەوە . نەمرە کاک عەزیز محەمەد کە لەو خێزانە هەژارە و دایک خزمەتکارە ببێتە ئەو مرۆڤە بەناوبانگەی کە دوژمن و دۆست حیسابیان بۆ دەکرد . کاک عەزیز لە دڵمان دەژیت . یادت زیندوو.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.